بچوککردنەوەی پێگەی قەوارەی ھەرێم

لوقمان مستەفا ساڵح

ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فەرمی سەرەتا لەیاسای ئیدارەکردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە ساڵی (2004)، دواتریش لە دەستوری هەمیشەی ساڵی (2005)، دانی پێدانراوە.


بەپێی مادەی  120 و 121 دەستور مافی داوە كە هەرێم دەستور هەبێت و  ھەستێت بەبەرێوەبردنی  دەسەلاتی یاسادانان و جێبەجیكردن ودادوەری .


قەوارەی هەرێم تەنها پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە،بەردەوامیش مەترسی هەر هەبووە لە سەر  پێگەی قەوارەی هەرێم چونكە ئێمە دەوڵەتێكی سەربەخۆ نین، بەڵكو پشتیوانی نێودەوڵەتی  دەستوری نوێی عێراق توانیویەتی ئەم قەوارەیە بپارێزێت، بەمەرجێک هەڵسوكەوتی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە جۆرێك نەبێت لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی بگونجێت، چونکە کەلە رەقی بەسیاسەت ھاژمار ناکرێت ،دەنا ئەو پشتیوانیە لەدەست دەدەن ئەو كاتە مەترسی جدی لەسەر هەرێم دروست دەبێت.


لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەڵسوكەوتی ناوخۆیی و دەرەكیمان دژ نەبێت لەگەڵ ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ھەرێم، بەداخەوە ھەڵس وکەوتی حكومەتی هەرێم بە جۆرێكە ھەر وەک پێشتر بینیمان لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان لە هۆكاری سزادانی ئەو كەسانە، دادوەرەكان باسی پەیوەندی  تۆمەتباران لەگەڵ كونسوڵگەری ئەمریكا و ئەڵمانیا دەكەن، ئەمەش تۆمەتباركردنی راستەوخۆی ئەو هێزە نێودەوڵەتیانەیە کە خۆیان بە پشتیوانی  مانەوەی قەوارەی ھەرێم دەزانن، بەڵام کاتێک  کەتۆمەتباریان دەکەی بە کاری تێکدەرانە لە هەرێمی كوردستان ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر كەم بوونەوەی ئاستی هاوسۆزی نێودەوڵەتی.


لەگەڵ ئەوەشدا هەر پێشێلكارییەكی ئازادی رادەربڕین و دیموكراسی و مافی مرۆڤ ئەبێتە هۆكارێك بۆ ساردبوونەوە لە پشتیوانی پێویستی ئەزمونی گەلی كوردستان.


پێشتریش «هێنیس پلاسخارت» نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق هۆشداری ئەوەیدا بە دەسەڵاتدارانی هەرێم كە مەرج نیە ئەم قەوارەیەی ئێستای هەرێم تا هەتایە بەم شێوەیە بمێنێتەوە.!


ئەم قسەیەی دا بە گوێی دەسەڵاتدارانی ھەرێمدا کەچی بەداخەوە وەک گیزەی مێشێ وابو لایان.!


هەوڵەکانی جنین پلاسخارت و کۆکردنەوەو لێک نزیککردنەوەی لایەنە سیاسیە کوردیەکان بە مەبەستی زیاتر فشار کردن بۆ دروستبونی کۆدەنگی و گفتوگۆ کردن و پێداگری بۆ  ئەنجامدانی هەڵبژارنەکان لە لایەک،  زیاد بونی ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە لایەن ئێران و توکیاوە   ئاماژەی ڕونن و سەلمێنەری ئەو ڕاستیانەن، کەوا کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا چەندە نیگەرانن بە پێگەی سیاسی و دیبلۆماسی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە سیاسیە نێودەوڵەتیەکاندا.


بە ئاشکرا سیاسەت و ستراتیژیەتی دەوڵەتانی نەژاد پەرستی  وەک تورک  و فارس  عەرەب ، لە ناوچەکەدا  دیارە، پیلان و کردارەکانیشیان بۆ لەناو بردنی کورد و ئەزمونەکەی  بەتایبەت لە باشوری کوردستان و قر کردنی کوردانی  باکور و رۆژئاڤا و رۆژھەڵات ھێندە زەقن شرۆڤەکردنی ناوێ.


هەرێمی کوردستان پاش ڕوخانی ڕژێمی پێشوی عێراق و چەسپاندنی بەشی زۆری مافەکانی و بەتایبەت سنورە دیفاکتۆکەی تاپێش دەستپێکردنی جەنگی عێراق لە ١٩/ ٣/ ٢٠٠٣، چ لە قانونی ئیدارەدانی دەوڵەت (مادەی ٥٣/ ێ) و چ لە دەستوری عێراق (مادەی ١١٧)، مەترسییە دەرەکییەکانی سەر قەوارە دەستورییەکەی لاواز بون، جگە لە ناوچە جێناکۆکەکان کە تا ئێستاش چارەنوسیان یەکلا نەکراوەتەوە. 


ئەوەی هەرێمی کوردستانی لاواز کردوە چ لە هاوکێشەی هێزی ناوخۆیی عێراق و چ لە پەیوەندی و هاوکێشەی هێزە ئیقلیمییەکان، شکستە سیاسی و ئابوری و سەربازییە ناوخۆییەکانیەتی. 


ئەوەی هەرێمی لاواز کردوە و مەترسیی بۆسەر سنوردار کردنی ڕۆڵی قەوارەکەی و تەنانەت لەسەر ژیانی هاوڵاتییەکانی دروست کردوە، بونیاد نەنانی ئابورییەکی بەهێزە سەرەڕای ئەو هەمو سەرچاوە و دەرامەت و توانا و داهاتەیە کە ژێر زەوی و سەرزەوی و سنور و جوگرافیا و توانای مرۆیی دانیشتیوانی دەستەبەریان کردوە و بە هۆی گەندەڵییەوە گەیاندویەتییە ئاستی ئیفلاس و دەستپان کردنەوە لە عێراق و دەوروبەر. دروست نەکردنی سوپایەکی نیشتیمانیی پیشەیی سەرچاوەی مەترسییە بۆسەر هەرێم چ لە لاوازیی لە هەر ڕوبەڕوبونەوەیەکی دەرەکی، چ لە بەردەوامیی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی ململانێی خوێناوی لە نێوان  ھەردوو ھێزی سەرەکی پارتی و یەکێتی. مەترسی بۆسەر قەوارەی هەرێم بە هۆی بەردەوامیدانە بە پەیوەندیی ژێربەژێری هێزەکانی دەسەڵاتی هەرێم لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و وابەستەیی و پاشکۆیەتییان بۆ سیاسەتەکانیان و نەبونی روئیایەکی هاوبەشی نیشتیمانی بۆ جۆری ئەم پەیوەندییانە و  چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا. نەبونی دەسەڵاتێکی نیشتیمانیی هاوبەش و بەردەوامیدان بە دو ئیدارەیی و نەچەسپینی بنەماکانی دیموکراسی و، پێشێل کردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ و، نەمانی متمانەی زۆرینەی هاوڵاتییانی هەرێم بە دەسەڵاتەکەی، مەترسیی ڕاستەقینەن بۆ بچوککردنەوەی پێگەی قەوارەی ھەرێم.


28/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر