دەوڵەتی كوردی پێویستی بە ستراتیجێكی واقعیانەیە

شۆڕش خدر

دوا بەدوای وتارەكەی مسعود بارزانی لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئامادەكاری (ریفراندۆم) بۆ درسوستبونی( دەوڵەت )ی كوردی كۆمەڵێك بیرو ڕای جیاوازی لە میدیاكاندا بەدوای خۆیدا هێنا، لە سەر درەنگو زوی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی.
خۆ ئەگەر دروستبونی دەوڵەتی كوردی لەسەر بنەمای ئیستحقاقی خەبات وقوربانیدان بوایە دەبوایە زۆر لە مێژە كورد خاوەنی پێگەو دەوڵەتی خۆی بێت، بەڵام ئەوەی بۆتە بەربەست لەبەردەم نەهاتنەدی ئەم خەونە گەورەیەدا لە هەموو سەردەمەكاندا تێنەگەشتنی نوخبەی سیاسی كورد بوە بۆ سیاسەتی دەوروبەر، لە هەمان كاتدا لەبەرچاونەگرتن و  نەخوێندنەوەی  هەڵە مێژوییەكان بوە.
 گومان لەوەدا نیە یەكێك لە بنەما سەرەكیەكان كەوا شوناسی میللەتانی  پێدەناسرێتەوە، بوونی دەڵەتە ئەویش لە سەر بنەمای لەبەرچاو گرتنی رەگەزە سەرەكیەكانی دێتە بوون كە خۆی دەبینێتەوە لە هەرێمێكی سنورداری سەربەخۆ، هەبوونی نەتەوەیەك كە لەسەری دەژی، لەگەڵ ئەمانەشدا هەبوونی دەسەڵاتێك و دامەزراوەیەكی یاسایی كە توانای بەرێوەبردنی هەبێت.
ئەم سێ‌ ڕەگەزە وەك سێ‌ ڕەگەزی سەرەكی دەناسرێن لە دەوڵەت دا بەو مانایەی بەنەبوونی یەكێك لەم سێ‌ ڕەگەزە دەوڵەت نایەتە بوون، دەكرێت  لەم ناساندنەی سەرەودا بڵێین هەرێمی كوردستان ئەم سێ‌ ڕەگەزەی تێدا بەدی دەكرێت، بەڵام مەرج نیە تەنها ئەم سێ‌ ڕەگەزە بەس بێت بۆ دروستبونی دەڵەت، لەمانە گرنگتر، ئەوەی لێرەدا ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت تواناو لێهاتویی نوخبەی سیاسی وعەقلیەتی سەركردەی سیاسیە كە تاكو چ ئاستێك دەتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕەگەزانە  بكات، هەروەها پراكتیزەكردنی لەسەر ئەرزی واقع.
هەڵبەتە ئەمەش بە ڕۆژێكو دوان نایەتە بوون، بەڵكو پێویستی بە سیستەمێكی سیاسی زۆر بە هێز هەیە لەمەش گرنگتر هەبونی  ستراتیجێكی واقعی و دوور مەودا بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەكە كە خۆی لە (دەڵەت)دا دەبینێتەوە، ئەمانە هەموو پرسیار گەلێكن كە پێویستە سەركردایەتی كورد بە وردی هەڵوەستەی لەسەر بكات و شرۆڤەی بكات، پێموانیە دەوڵەتی كوردی بە وتاری باقو بریقی ناو هوڵی پەرلەمان  بێتەبوون، بەڵكو دەوڵەت بە بوونی ئابوریەكی بەهێزو، ژێرخانێكی تۆكمە بنیات ئەنرێت. دەوڵەت پێویستی بە یەكڕیزی وگوتاری سیاسی و لەشكرێكی  نیشتیمانی هەیە.
قەیرانی بێ‌ دەوڵەتی دوای هەموو قەیرانەكانەكان دیكە قسەی لەسەر دەكرێت و شرۆڤە دەكرێت، مەحاڵە حكومەتێك گیرۆدەبێت بەدەست كۆمەڵێك قەیرانی سیاسی وئابوری وئیداری بتوانێت بانگەوازی دەوڵەتبوون بدات، دەوڵەت بۆ ئەوەی خاوەن سەروەری خۆی بێت دەبێت خاوەن سیاسەتێكی سەربەخۆ بێت، دابڕِاو لەهەر سیاسەتێكی درەكی كە بەسەریدا دسەپێنرێت.
پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا بە درێژایی23 ساڵی ڕابردو لەژێر سێبەری فەرمانرەوایی دوو حیزبی باڵا دەستی یەكێتی و پارتی  توانیانە ژێر خانێكی تۆكمەلە كوردستاندا بهێنە بوون؟ یاخود لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا توانیویانە پەرە بە ئاستی پیشەسازی و بەرهەمە كشتوكاڵیە ناخۆكان بدەن؟ كە بتوانن وەكو ئامرازێك لە بەرامبەر هەر  فشارێكی دەرەكی كە پێشبینی دەكرێت بكرێتە سەری بەكاری بهێنن؟ یاخود ئەمجارەش لە بەد بەختی نەتەوەی كورد  هەڵەمێژووییەكان دیسانەوە خۆیان دووبارە دەكەنەوە؟.


10/07/2014



وتارەکانی تری نوسەر