ڕیفراندۆم لە نێوان سەركێشی سیاسی وسەربەخۆییدا

شۆڕش خدر
ئەگەر بەوردی لە ئەزمونی چەند ساڵەی حوكمڕانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕوانین لە هیچ كاتو سەردەمێكدا نوێنەرانی سیاسی كورد نەیانتوانیوە هێندەی ئێستا بە ئاشكراو بەبێ ترس برامبەر بە وڵاتانی دراوسێو نەیارانی پێداگری لە سەر پرسی سەربەخۆیی و دروستبونی دەوڵەتی كوردی بكەن، وە لەهیچ كاتو سەردەمێكیشدا هێندەی ئێستا دۆخی حكومەت وخەڵكی كوردستان لە قەیراندا نەبوە! ئەمە وایكردوە دەست بردن بۆ پرسێكی گرنگ و چارەنوسساز لە دۆخێكی ئاوادا خەڵكی كوردستان توشی شڵەژانێكی دەرونی بكات وە خەڵكی ببێت بەدوو بەرەو دوو ڕای جیاوازی دژ بەیەك،ئەویش دەنگی(بەڵێ) و(نەخێر)ە بۆ ڕیفراندۆم.بۆ قسەكردن لەم بابەتە وا پێویست دەكات دوو ئەگەرو گریمانە لەبەرچاو بگرین.
گریمانەی یەكەم. دەكرێت ئەگەرێكی(پۆزەتیڤ)و مژدەبەخش بێت بۆ خەڵكی كوردستان لە كاتێكدا ئەو(ڕیفراندۆمە)ی دەسەڵاتی سیاسی  بانگەشەی بۆ دەكات تواناكانی لە چەمكی (هێز)وە وەرگرتبێت بەشێوەیەك كە هەموو سەرچاوەكانی هێزی(ئابوری وسەربازی ودبلۆماسی)دەستەبەر كرابێت وە لەلایەن وڵاتاندا پاڵپشتی لێبكرێت وە تواناكانی لەو ئاستەدا بێت كەبتوانێت كۆنتڕۆڵی هەموو ئەو پێشهاتو هەڕەشە دەرەكیانەی بكات كە لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە دەكرێنە سەری.
گریمانەی دووهەم.دەكرێت ئەگەرێكی(نێگەتیڤ)بێت ،كاتێك دەسەڵاتی سیاسی دەست بۆ پرسێكی ئاوا دەبات كە حكومەت شكستی هێنابێت لە كارەكانی وە هیچ ستراتیجێكی نەبێت بەرامبەر بەو قەیرانە سیاسی و ئابوریی و ئیداریانەی كە ڕوبەڕوی بۆتەوە،بۆ پەردەپۆشكردنی شكستەكانی جۆرێك لە سەركێشی سیاسی دەكات دەست بۆ پرسی سەربەخۆیی دەبات بەبێ ئەوەی خاوەنی ژێرخانێكی ئابوری و سوپایەكی نیشتیمانی بێت..!
ئەگەر بمانەوێت لە نێوان ئەم دوو بژاردەیەدا وڵامێكی دروستمان دەستكەوێت پێویستە بە دیدێكی سیاسی و ئەكادیمیانە لەم پرسە بڕوانین.كاتێك باس لە سەربەخۆیی و دروستبونی دەوڵەتی كوردی دەكەین دەبێت باس لە مێژوی دوای ڕاپەڕین وسەرەتای كاری پەرلەمانی بكەین لە هەرێمی كوردستاندا وە چاوێك بە ئەزمونی حوكمڕانی بیستو پێنج ساڵەی دەسەڵاتی سیاسیدا بخشێنینەوە.لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردو شەپۆلێك گۆڕانكاری بەسەر واقیعی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕویاندا بەتایبەتی (دوای جەنگی كەنداو) لە ئەنجامدا گۆڕانكاری گەورەی بەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆییو ناوچەیی عێراقدا هێنا،دەكرێت بڵێین یەكێك لە دەرهاوێشتەكان ئەو گۆڕانكاریەبو كە لە سیستەمی سیاسی عێراقدا كرا لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە،لەو بارودۆخەدا كوردستانی باشور دژ بە ڕژێمەكەی سەدام ڕاپەڕینی كرد،دەرئەنجام توانی قەوارەیەكی سیاسی بەدست بهێنێت ببێت بە هەرێمێكی سەربەخۆ. 
لێرەوە رۆژگاری خەباتی چەكداری حیزبە سیاسیەكان بەسەرچو پێینایە قۆناغێكی نوێوە،ئەو شۆڕشگێڕانەی كەدوێنێ بەناوی شەرعیەتی دیموكراسییەوە دەجەنگان ئەمڕۆ ئەركو بەرپرسیارێتیەكی دیكەیان كەوتە ئەستۆ،ئەویش پەروەردەو ڕێكخستن وبەڕێوەبردنی كۆمڵگە بو ،واتا دەبو لێرەوە هەموو ئەو چالاكیانەی دەكەونە چوارچێوەی كاری سیاسیەوە فۆڕمیكی دیكەیان وەربگرتایە بە شێوەیەك كە سەرجەمی ئەو هەڵسوكەوتانەی كە پەیوەستە بە (ژیانی گشتی)كۆمەڵگە لە ڕێگەی (دامەزراوە كارگێڕییەكان) بەڕێوە ببرایە لە كاتێكدا دەزگاكانی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی پێشمەرجی دروستبونی دوڵەتە وە پەیكەری دەوڵەتی لەسەر بنیات دەنرێت،لەوانە كاركردن بە دامەزراوە دەستوریەكان،وەك هەرسێ دەسەڵاتی(یاسادانان،جێبەجێكردن،دادوەری)بە واتایەكە دیكە هەر چالاكیەك لەدەرەوەی ئەم دامەزراوانە ئەنجام بدرێت دەكەوێتە دەرەوەی كارو سیاسەتی دوڵەتداریەوە.بەڵام ئەزمونی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی بیستو پێنج ساڵی ڕابردودا پێمان دەڵێت نوێنەرانی سیاسی كورد نەك هەر نەیانتوانیوە هەنگاو بەرەو دەوڵەتداری بنێت بەڵكو نەیویستوە دەسبەرداری ئەو مۆدێلە سیاسییەبێت كە لە سەدەكانی ناوەڕاستدا تەنها دەرەبەگ وسەرۆك خێڵەكان لە چوارچێوەی خێزاندا یەیڕەویان دەكرد! 
ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی لە ئێستادا شەرعیەت بەخۆی دەدات بەوەی دەنگی(نەخێر)بۆ ڕیفراندۆم بخاتە خانەی خیانەتەوە هەمان ئەو دەسەڵاتە سیاسییەیە كە لە ماوەی بیستوپێنج ساڵی ڕابردودا لە ڕێگەی سەركوتكردن وداخستنی دەزگا شەرعیەكاندا بزمار بە تابوتی دەوڵەتی كوردیدا دادەكوتێت و فاتیحای بۆ دەخوێنێت..!


14/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر