لەجیاتی خۆپیشاندان نەخشەڕێگایەک بۆ ئاوارە عەرەبەکان

د. شێرکۆ کرمانج
دوای ئەوەی پۆستێکی کاک "سیروان عەبدول"م لەسەر لاپەڕەکەی خۆم شەیرکردو هاوڕایی خۆم دەربڕی لە شەرمەزارکردنی ئەو خۆپیشاندانەی کە بڕیارە لە شارەکانی کوردستان ئەنجامبدرێت لە دژی عەرەبە ئاوارەکان لە کوردستان، هەندێک لە هاوڕێکانم گلەییان کرد گوایە ئێمە (کاک سیروان‌و من) لە دەرەوەیەن بۆیە گۆڕاوین‌و هەستی نیشتیمانی‌و کوردایەتیمان لاوازبووە، هەندێکیش داوای ئەوەیان دەکرد ئەی چارە چییە؟ ئەوان دەیانگوت ئێمە گومانمان هەیە لە هەندێکیان‌، هاوکات، بوونی ئاوارەکان بووتە مایەی کۆمەڵێک نەهامەتی‌و ئەستورتربوونی هەندێک لەو نەهامەتییانەش کە پێش هاتنی ئەوان بوونیان هەبوو. لە وەڵامدا من ئەو کورتە نەخشەڕێگایەم ئامادەکرد کە دەکرێت لایەن پەیوەندارەکان دەوڵەمەندتری بکەن.

مەبەست لەم نەخشەڕێگایە مامەڵەکردنە لەگەڵ ئاوارە عەرەبەکانی کوردستان. کۆمەڵێک هۆکار لە پشت ئەم نەخشەڕێگایەن لەوانە، یەکەم، پێشگرتن لەو خۆپیشاندانەی کە بڕیارە لە شارەکانی کوردستان ئەنجامبدرێت‌. دووەم، رێگرتن لە لەکەداربوونی نێوبانگی خەڵکی کوردستان چونکە ئەنجامدانی کارێکی وا دەبێتە هۆی شێواندنی ئەو سومعەیەی کە تا ئێستا گەلی کوردستان بۆ خۆی دروستیکردوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوارەو بێگانە. سێیەم، کە لە هەموویان گرنگترە، دیاریکردنی چەند میکانیزمێکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوارە عەرەبەکان بەمەبەستی رەواندنەوەو چارەسەرکردنی ئەو نیگەرانییانەی کە ئێستا لەنێو خەڵکی کوردستاندا هەن.
یەکەم، من شانازی بەوە دەکەم کە ئەگەر چوونە دەرەوەم‌و ژیان لە وڵاتێکی دیموکراسی وەک ئوسترالیاو نیمچە دیموکراسییەکی وەک مالیزیا باوەڕبوونمی بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە قوڵترکردبێتەوە.

دووەم، پێموایە نیگەرانییەکانی هەندێک لە هاوڕێکانم لە جێی خۆیەتی. من نیگەرانییەکان دابەش دەکەم بەسەر چەند گروپێک:
گروپی یەکەم لە نیگەرانییەکان رەهەندی ئەمنییان (ئاسایشییان) هەیە، واتە خەڵک نیگارانە لەوەی کە لەوانەیە کەسانێک هەبن لەنێو ئەو ئاوارانە کە سەر بە گروپە تیرورستییەکان بن. بەڕای من ئەمە ئەگەرێکی بەهێزە بەڵام چارەسەرەکەی ئەوە نییە کە تەڕو وشک بەیەکەوە بسوتێنین، بەڵکو چارەسەرەکەی داڕشتن‌و جێبەجێکردنی سیاساتی ئەمنی تۆکمەو گونجاو عەمەلییە، کە دەکرێت ئەم خاڵانە لە خۆ بگرێت:

١- کۆکردنەوەی ئاوارەکان لە چەند کامپێک بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان‌و رێگەپێنەدانیان لە نیشتەجێبوون لە ناو شارو شارۆچەکانی کورستان بە هیچ شێوەیەک. ئەمە لەوانەی ماوەیەک بخایەنێت تا جێگەو ڕێگەی گونجاو ئامادەدەرکرێت.
٢- چاودێریکردنی ئاوارەکان لە ئێستاکەو دوای کۆکردنەوەشیان لە کامپەکان هەم لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان هەم لەلایەن خەڵکی کوردستان.
٣- راپۆرتکردنی هەر کارێکی گومانلێکراو بەزووترین.
٤- ناردنەوەی عەرەبە ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان هەرکاتێک ئارامیی گەڕایەوە ناوچەکانیان، نەمانی داعش لە ناوچەکانیان دەکرێت وەک گەڕانەوەی ئارامی تەماشابکرێت چونکە هیچ شوێنێکی عێراق بەتەواوی ئارام نییە.
٥- سەرژمێری ورد بۆ ئاوارەکان بکرێت‌و ئێواران سەعاتێکی گونجاویان بۆ دیاریبکرێت کە پێش ئەو سەعاتە دەبێت هەموو لەناو کەمپەکان ئامادەبن بۆئەوەی جوڵەی ئاوارەکان کۆنترۆڵ بکرێت.
٦- وردبینی چاک لە ناسنامەو باکگراوندیان بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی نەکا خەڵکی بیانی‌و کەسانی گومانلێکراویان تێدابێت.
گروپی دووەم لە نیگەرانییەکان رەهەندی سیاسیان هەیە، واتە خەڵک نیگەرانن لە گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان‌و تەعریبکردنی کوردستان‌و دروستبوونی گرژی‌و ململانێ‌و پێکدادانی نەتەوەیی. لە وەڵامی ئەو نیگەرانیانە دەکرێت ئەم چارەسەرانە پێشنیازبکرێن‌و جێبەجێبکرێن:

١- رێگەنەدان بە هەر جۆرە خۆپیشاندانێک لە دژی عەرەبە ئاوارەکان چونکە لە راستیدا خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی دەربڕین لەوانەیە یەکسەر ببنە مایەی تەقاندنەوەی ئەو گرژیانەی کە هەر ئێستاکە لەنێو خەڵکی کوردستان‌و ئاوارەکان بوونی هەیە.
٢- رێگەنەدان بە نیشتەجێبوونی عەرەبە ئاوارەکان لە شاری کەرکو‌ک‌و ناوچە تازە-ئازادکراوەکان (ئەوەی پێیدەگوترا ناوچە جێناکۆکەکان) بە هیچ شێوەیەک‌و بە هیچ بیانویەک. لەبەرابەردا ناردنیان بۆ ناو قوڵایی کوردستان، واتە ئەو شوێنانەی کە مەترسی گۆڕینی دیموگرافیان لەسەر نییە.
٣- ناردن‌و تەسلیمکردنی ئاوارە شیعە مەزهەبەکان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق بە هەمئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی‌و ناچارکردنی حکومەتی مەرکەزی بە قەبوڵکردنیان.
گروپی سێیەم لە نیگەرانییەکان رەهەندی کۆمەڵایەتی‌و ئابوریان هەیە، واتە خەڵک نیگەرانن لە کەمبوونەوەی سەرچاوەکان‌و پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانە وەک نان، ئاو، کارەبا، هەلی کار، قەڵەباڵغی‌و کێشەی خانوبەرەو کرێ هتد. بۆ چارەسەکردنی ئەو نیگەرانیانە دەکرێت ئەم هەنگاوانە بهاوێژرێن:
١- فشار خستنە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان‌و حکومەتی عێراقی بە هێنانە سەرخەتی حکومەتی ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپا بۆ یارمەتیدانی یەکسەرەو بە بڕی گەورە کە بارتەقای ژمارەی ئاوارەکان‌و پێداویستییەکانیان بێت.
٢- فشار خستنە سەر رێکخراوە خزمەتگوزاریی‌و مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە: رێد کرۆس (Red Cross)، یو ئێن ‌ئیچ ‌سی ‌ئار (UNHCR)، وێرلد ڤیژن (World Vision)، کەیە (CARE)، ئۆکسفام (Oxfam) هتد، بۆ ئەوەی هەرچی زووە بە هانای ئاوارەکانەوە بێن، لە هەر رەگەزێک‌و هەر ئایینێک‌و هەر نەتەوەیەک بن.
٣- کۆکردنەوەی ئاوارەکان لە کامپەکان دەبێتە مایەی کەمکردنەوە بەریەکەوتنیان لەگەڵ خەڵکی کوردستان، ئەمەش خۆی لە خۆیدا کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش کەمدەکاتەوە.

لە کۆتاییدا دەڵێم راسیزم‌و رەگەزپەرستی دیدو کردارێکە کە سەدان ساڵە کورد وەک نەتەوە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بۆیە هیچ کاتێک رەوانییە کە کورد ئەوەی ساڵانێکە بەدەستییەوە دەناڵێ بکات بە ئامراز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی دیکە.

ئەم دیدەی من ناکرێت بەوە لێکبدرێتەوە کە من لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان نیم یان دژایەتی سیاساتی تەعریب ناکەم بەپێچەوانەوە من پێموایە کە دەبێت تەعریب بە هەموو رەهەندەکانییەوە هەڵبوەشێتەوە، چونکە بێ هەڵوەشانەوەی تەعریب‌و ئاسەوارەکانی، بەناردنەوەی تاکە تاکەی هەموو ئەو عەرەبانە لە ١٩٦٣ ـەوە هێنراون بۆ کوردستان هەر قسەکردنێک لە پێکەوەژیانی کورد لەگەڵ عەرەبە عێراقییەکان، چ بە مانەوەی کوردستان وەک هەرێمێک لە عێراق چ بە جیابوونەوە، هیچ مانایەکی نییەو نابێت.

ئەم نەخشەڕێگایە تەنیا دەکرێت وەک سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردن‌و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوارە عەرەبەکان تەماشابکرێت چونکە پرس‌و کێشەکانی ئاوارەکان زۆر لەوە گەورەترە کە ئەم نەخشەڕێگایە  

شێرکۆ کرمانج
٩-٨-٢٠١٤


 


09/08/2014



وتارەکانی تری نوسەر