داھاتی نەوت چی بەسەر ھاتوە؟

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح

بۆچی ھەر بەرمیلێک ٢٠ دۆلاری دەدرێت بە موچە؟ 

 
چارەسەر ..

 
ئەم دۆسیە خراوەتە بەردەست سەرۆکایەتی حکومەت 

 
ئەمە پوختەی لێکۆڵینەوەیەکە لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی نەوت و بواری بە بازاڕکردن کردومانە، بەوردی دەستنیشانی گرفتەکانی داھاتی نەوت و نەگەشتنی داھات نەوت بە خەزێنەی حکومەتی ھەرێم دەکات. 
بۆیە ھاوشان لەگەڵ چاکسازی لە خاڵە سنوریەکان و یاسای چاکسازی، چاکسازی گرنگ و گەورە لە بواری نەوت پێویستە.
ئەگەر پێشتر بە شێوە گشتیەکەی باسی گەندەڵی نەوت و دیار نەبونی داھات کرابێت، ئەم لێکۆڵینەویە، ھەمو ڕێگاو کەلێن و وردەکاریەکەی دیاری کردوە.
کۆی دۆسیەمان خستوەتە بەردەست سەرۆکایەتی حکومەت، بۆ چاکسازی لە دۆسیەکەدا، چاکسازی لە دۆسیەی نەوت پێوەرێکی گەورەی ھەڵسەنگاندی ئەم کابینەیە بۆ چاکسازی....
بڕی بەرھەم و ھەناردەی نەوت، ئەو داھاتەی دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆ یەکەم مانگی ساڵی ٢٠٢٠ وەردەگرین، وەک نمونەیەک بۆ ھەموو مانگەکان. 
بەپێی ئەو ئامارو داتایانەی لەسەرچاوەی فەرمی دەستمان کەوتوە(کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی و حکومەتی ھەرێم ). 

 
بۆ مانگی ١ی ٢٠٢٠

 
تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو رۆژانە ٤۷۷ هەزار بەرمیل نەوتە، لە مانگێکدا ١٤ ملیۆن و ٣١٠ ھەزار بەرمیلە. 
تێکڕای هەناردەکردن لە ڕێگای بۆری گواستنەوە، ٤٥٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە،لە مانگێکدا ١٣ ملیۆن و ٦١٠ ھەزار بەرمیل دەکات . 
ئەو داھاتەی دراوە بە وەزارەتی دارایی ٢٩٥ ملیۆن دۆلارە، ئەم بڕە پارە بۆ نەوتی بەرھەمھاتوو بۆ ھەر بەرمیلێک ٢٠.٦١ بیست دۆلارو شەست و یەک سەنت دەکات.

ۆچی بەشێکی داھاتی نەوت دەگاتە وەزارەتی دارایی؟ 

 
یەک: ماوەی سێ ساڵ وھەشت مانگە بڕی بەرھەمھێنانی نەوت ھەرچەند بێت و نرخی نەوتیش ھەرچەند بێت، ٢٩٥ ملیۆن بۆ ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دەدرێتە وەزارەتی دارایی! ئەمەش ئاماژەیەکی خراپە 
دوو: ماوەی سێ ساڵ و ھەشت مانگە پرسیاری ئەو بەشەی دیکەی داھاتی نەوت دەکەین، دەڵێن: دەدرێتەوە قەرز! 
ئەم قەرزە کەی کراو ؟ لە کوێ کرا؟ تەواو نەبوو؟ 
ئەوەی تاوەکو ئێستا ڕونە، تەنیا دانەوەی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری قەرزی تورکیایە بە شێوەی مانگانە، بڕیارە مانگی شەشی ئەم ساڵ تەواو ببێت ؟ 
سێ: بەھۆی قۆرخکاری و گەندەڵیەوە پارەیەکی زۆری نەوت دەدرێتە کۆمپانیای خزمەتگوزاری و کۆمپانیا ئەمنییەکان، ئەمەش زیانی گەورەی لە داھاتی نەوت داوە. 
چوار: فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە پارەی پێشوەخت و بە نرخێکی ھەرزان. 
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤، حکومەتی ھەرێم لە ڕێگای مورتەزا لاخی، بازرگانێکی گوماناوی نەوت و لە ڕێگای کۆمپانیاکانی لە لەندەن و قوبرس بە ناوی oil and gas Management Services Group، نەوتی ھەرێمی بە پارەی پێشوەخت دەفرۆشت، بۆنمونە: ساڵی ٢٠١٥ نەوتی ٢٠١٩ی دەفرۆشت . 
بەدوو ڕێگا ھەریمی کوردستان زیانی گەورەی بەرکەوت 

 
١- بە فرۆشتنی نەوت بە پارەی پێشوەخت داشکاندنێکی زۆر لە نرخی نەوت دەکرێت، بۆنمونە: ساڵی ٢٠١٥ بەبەھای یەک ملیار دۆلار نەوتی ساڵانی ٢٠١٨ و ساڵانی دواتر فرۆشرا بە کۆمپانیای ڤیتۆڵ. 
لە سەرەتایڤ٢٠١٧ ەدا، بە بەھای ٥٠٠ ملیۆن دۆلار نەوت فرۆشرا ب گلینکۆر تاوەکو ٢٠٢٢ بڕی نەوتەکە دەدرێت..

 
٢- مورتەزا لاخانی وەک نێواندگر رێژەیەکی ئەم پارە وەردەگرێت .

 
پێنج: داشکاندنێکی زۆر بەھۆی کوالێتی نەوتەوە، یەکێکە، لەو ڕێگایانەی گەندەڵی تێدادەکرێت، زیادەڕوی زۆر و زیاتر لە سنوری خۆی بەھۆی کوالێتی لە نەوتی ھەرێمدا دەکرێت. Heavy/ light crowd , APL Or sulphur content ـ چەندین جۆر میکانیزم ھەیە بۆ دیاریکردنی ئەم داشکاندنە . 

 
شەش: ماوەی ساڵێکە حکومەتی ھەرێم ھیچ راپۆرتێکی کۆمپانیای دیلۆیتی بڵاو نەکردوەتەوە. 

حەوت: رێگا نەدراوە دیوانی چاودێری دارایی ھیچ وردبینیەک بکات. 

 
ھەشت: حکومەتی ھەرێم پشکی ھیچ کۆمپانیایەکی بەرھەمھێنەر دیاری ناکات کە مانگانە وەریدەگرن، لە نێویدا کێڵگەی خورمەڵە کە کێڵگەیەکی ئامادەکراوبووەو دراوە بە کۆمپانیای کار بۆ فراوانکردن و بەرھەمھێنان! 

 
نۆ: کرێی بۆری گواستنەوەی نەوت، بەراورد بەو نرخەی حکومەتی عێراق دەیدات زۆر زۆرەو ئەمیش بۆ کۆمپانیای کارو کۆمپانیای بۆتاشی تورکیە. 
دە: لەسەرەتای پرۆسەی نەوتەوە داھاتی نەوت چوەتە بانکی کوردستانی ئەھلی، ئێستاش لە ئاڕ تی بانکی ئەھلیە، تاوەکو ئەم ساتە ھیچ وردبینیەکی دیوانی چاودێری دارایی نیە، چەند پارە ڕۆشتوەتە ئەم بانکانەو چەند دەرھاتوە. 

 
چارەسەر: 

 
چاکسازی لە دۆسیەی نەوت، گرنگترو پێویستترینە، بەم ڕێگایانە. 

 
١- دروستکردنی سندوقی داھاتی نەوت لە زوترین کاتدا. 

 
٢- دروستکردنی کۆمپانیای کۆمۆ بەپێی یاسای نەوت و گازی ھەرێم، لە بری کەس و دەڵاڵ ، ئەم دامەزراوە سەرپەرشتی پرۆسەی فرۆشتن بکات.
٣- رێژەی ٤٨٪‏ موچەی ھەرێم بۆ ھێزە ئەمنی و سەربازیە، ناکرێت ئەمنیەتی کۆمپانیا نەوتیەکان و کێڵگەکان بدرێتە چەند بەرپرسێک بە ناوی کۆمپانیای ئەمنی و مانگانە ملیۆنان دۆلاریان پێبدرێت. 

 
٤- پێداچونەوە بە خەرجی ئەو کۆمپانیانەدا بکرێت، خزمەتگوازاری کێڵگە نەوتی و کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنان دابیندەکەن، بەھۆی گەندەڵی و قۆرخکاری داھاتێکی زۆری نەوت دەڕوات. 

 
٤-سودمەندبونی زۆری ھەندێک دەڵاڵ لە فرۆشتنی نەوت، وەک: مورتەزا لاخانی ، لە کاتێکدا حکومەتی ھەرێم خۆی دەتوانێت نەوتەکە بفرۆشێت.(ساڵی ٢٠١٥ دۆسیەی مورتەزامان نارد بۆ سەرۆکایەتی حکومەت بەڵام کاريان بەم دۆسیە نەکردو ئەنجامیش ھەرێمی کوردستان دوچاری زیان بوو، رۆژانی ئایندە دوای پێنج ساڵ دۆسیەکە بڵاودەکەمەوە) 

 
٥- کاری گواستنەوەو گەڕاندنەوەی پارەی نەوت لە بانکی ئەھلیەوە بۆ بانکی حکومەت. 

 
٦- دیوانی چاودێری دارایی، وردبینی فرۆشتن و تێچون و خەرجیەکان و گەڕاندنەوەی پارەکە بکات.( تاوەکو ئێستا ڕێگای پێنەدراوە. 



18/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر