بەیاننامەكان چیان ووت

ئالان ره‌ئووف
بۆردومانی فرۆكەكانی سوپای توركیا بۆسەر بنكە‌وبارەگاكانی  پەكەكە‌و شەهیدكردن‌و برینداربونی چەندین گەریلا‌و هاوڵاتیانی سڤیل‌و زیان گەیاندن بەگوندنشینانی كوردستان‌و بەزاندنی سنووری هەرێمی كوردستان كاردانەوەی جیاجیای ناوخۆی‌و ئەقلیمی بەدوای خۆیدا هێنا كە ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە هەڵوێستەی لەسەر بكەین خوێندنەوەو هەڵسە نگاندنی بەیاننامەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پەرلەمانی كوردستانە وەك سێ دامەزراوەی شەرعی‌و رەسمی هەرێمی كوردستان.

بەرلەوەی ناوەرۆكی بەیاننامەكان هەڵبسەنگێنین دەمەوێت ئەوە بەبیربێنمەوە كەیەكەمجارنییە لەمێژوودا را‌وبۆچون‌و هەڵوێستی سەركردایەتی سیاسی كورد لەدۆڵێك بێت‌و رای حەقیقی‌و هەڵوێستی گشتی خەڵكی كوردستان لەدۆڵێكی تربێت, مێژووی سیاسی‌وحوكمرانی‌و شۆرش‌و تەڵاقدانی شۆرش پریەتی لەم ناتەبایی‌و جیاوازیانە.

گەرتەماشای بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكەیت پریەتی لەناروونی‌و وەڵامنەدانەوەی نیگەرانییەكانی شەقامی كوردی‌و لایەنەسیاسییەكان‌و ئەو بێ رێزییەی كەسوپای تورك بەرامبەر  خاكی هەرێمی كوردستان كردی.

بەهیچ جۆرێك لەبەیاننامەكەدا ئیدانەی بۆردومان‌و پەلاماری فرۆكەكانی سوپای توركیا بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان نەكراوە كەئەوە دەبو جەوهەر‌و ناوەرۆكی بەیاننامەكەبێت كە بێحورمەتی بە سەروەری خاكی كوردستان‌و هەرێمی كوردستان كراوە‌و پێشێلی بەنەماكانی مافی مرۆڤ‌و دراوسێتی‌و دۆستایەتی 50 ساڵە ی هەرێم‌و توركیا كراوە.

خالێكی تری بەیاننامەكە كە خەڵكی كوردستان‌و رای گشتی چاوەروانیان دەكرد رەتكردنەوەی وتەكانی داود ئۆغلۆی سەرۆك وەزیرانی توركیابێت كاتێك بەبەرچاوی میدیاكانی تورك‌وجیهانەوە وتی( بارزانی ئاگاداری هێرشەكانمانە بۆ سەر پەكەكە‌و بەمافی خۆمانی دەزانێت), وەڵام نەدانە‌و رەتنەكردنەوەی ئەم ووتانەی ئۆغلۆ لەبەیاننامەكەدا بەداخەوە مانای رازیبون‌و ئاگاداربون دەگەینەێت‌و قسەكانی ئۆغلۆش پشتراست دەكاتەوە , بەوەش سەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمان‌و حكومەت‌و لایەنە سیاسییەكانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە كەئاخۆ ئەوە رای رەسمی هەرێمی كوردستانە یان نا؟ وەدەبێت قسەی خۆیان هەبێت هەر لایەن‌و دامەزراوەیەك كەئەم هەڵوێستەی پێ قبوڵ نەبێت بەتایبەتی پەرلەمانی كوردستان.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەبەیاننامەكەی خۆیدا بەهیچ جۆرێك ئیدانەی ئەو دەستدرێژییەی سوپای توركیای بۆ سەرخاكی هەرێمی كوردستان‌و لێدانی بارەگاكانی  پەكەكە لەهەرێمی كوردستان‌و قوربانییەكانی بۆردومانەكە‌و سوتاندنی رەز‌وباخی گوندنیشسان نەكردووە‌و تەنانەت نیگەرانیش نییە. 

جگەلەوەش بەشی سەرەتا تاكۆتایی پەرەگرافی بەیاننامەكەی سەرۆكی حكومەت پاسا‌وهێنانەوە‌و شەرعیەتدان‌و روونكردنەوەی هۆكاری پەلامارەكانی فرۆكەكانی سوپای توركیایە بۆسەرخاكی هەرێمی كوردستان ‌و پەكەكە وەك ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و فرۆكەكانی ئەم بۆردومانەیان كردبێت .

هەرچی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە راشكاوانە‌و بوێرانەتر پەنجەی خستۆتەسەر برینەكان‌و بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرش‌و پەلامارەی سوپای توركیا دەكات‌و سڵاو بۆ قوربانییەكانی دەنێرێت , بەڵام ئەوەی ماوە پەرلەمانی كوردستان وەڵامی ئەوەبداتەوە كەئەو هەمو جیاوازییە چییە لەنێوان بەیاننامەكەی هەردوو سەرۆكایەتییەكی هەرێم‌وحكومەت‌و ئەوی پەرلەماندا هەیە؟ كامیان گوزارشتە لەرای رەسمی ئەم هەرێمە ؟ تاچەند پەرلەمانی كوردستان ئاگایان لەم كەین‌وبەینە هەیە لەگەڵ توركیا؟ بۆیە بەیاننامەكەی ئێوەش ماویەتی 

26/07/2015



وتارەکانی تری نوسەر