سەرچاوە مادییەكان بۆ ئێوە‌و سەرچاوە مرۆییەكانیش بۆ جەهەنەم

ئالان ره‌ئووف
كاروانی ئۆتۆمبێلەكانتان ووژەی دێت, سەردانەكانتان بەردەوامن كۆبونەوەكانتان بەشەو‌و رۆژ جمەی دێت بۆدرێژكردنەوە‌و دانانەوەی سەرۆكێك كە وڵاتەكەی هێدی هێدی خاڵی دەبێت لە نەوەكانی, چۆڵ دەبێت لەو نەوانەی دەیان ساڵە بەناوی ئازادی‌و خۆشگوزەرانی ئەمانەوە رووبارێك خۆێنی جوان‌و گەنج‌ولاوی تری بۆ رێژرا‌و سەدەیەك خەباتی بۆ كرا , ئێوە هەر مەستی كۆبونەوەكان‌و پرۆژە‌و خواستەكانتانبن, نەوەكانیشتان بەغەریبی بەمردن‌وسەرهەڵگرتن بسپێرن,قەیچێكە خۆ ئەوانە كوڕ‌و برا وكەسواری پۆشتەی ئێوەنین,كۆببنەوە بەدڵی خۆتان درێژی دەكەنەوە كورتی دەكەنەوە یان هەر نایكەنەوە چی دەكەن بیكەن, بەڵام مەراقێك خەمێك لەنەوەكانی ئەم وڵاتە بخۆن كە نایخۆن‌ونەتانخواردووە.

سەرۆك‌و سەركردەكانی وڵاتەكەم.. بەرلەوەی بەرەوهۆڵی كۆبونەوەكانتان رێكەون بۆ دانانی سەرۆكێك بۆ ئەم میللەتە بێ موچە‌و بێحاڵ‌و غەدرلێكراوە بۆ ئەم هەرێمە دەوڵەمەند بەسامانی سروشتی‌و مرۆیی‌و داهات وون‌و نادیارە, بفەرمون هەموتان لەپێشتانەوە سەرۆكی حكومەت كەبەدیار دانانەوەی سەرۆكێك بۆ هەرێمەكەی تابەیانی ئێشكی كۆبونەوە دەگرێت بفەرموون‌وبۆ ساتێكیش سەردانی تەرمیناڵەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان بكەن بەچاوی خۆتان ببینن چۆن گەنجان‌و لاوان‌و نەوەكانی داهاتووی ئەم وڵاتە بەچاوی پڕحەسرەت‌وگریانەوە ماڵئاوایی لەباوك‌و دایك‌و هاوسەر‌و مناڵ‌و خزمانیان دەكەن‌و ئەم نیشتمانە بۆ ئێوە‌و خەونە قوڵ‌وبەدیهاتووەكانتان جێ دێڵن, چ كارەسات‌و بێماناییەكە بۆ سیاسیەت‌و حوكمرانی لەم وڵاتە , خەڵكەكەی لەسەر  پێخەفی ئاڵتونی رەش بنوون‌و نەوەكانیشی بۆ ژیان‌و پاروویەك نان‌و بێ كار‌وكاسپی‌و بێ حاڵی سەری خۆیان هەڵگرن‌و نیشتمانەكەی خۆیان جێبێڵن, ئێوەش بێباكانە خەریكی كۆبونەوەكانی خۆتان‌و بەزمی دانانەوە‌ودرێژكردنەوەبن.

چەند ساڵێك بو بەهۆی دۆخی سەقامگیر‌و تارادەیەك خۆشگوزەرانی ئەم هەرێمەوە كۆچ پێچەوانە بۆوە, بەهەزاران هاوڵاتی كورد لە ئەوروپا‌و وڵاتانی ترەوە گەرانەوە بۆ نیشتیمان‌و خاكی خۆیان‌و زۆربەشیان چمكی كارێكیان گرتەدەست, ئەی ئێستا لە خۆتان پرسیوە بۆ كۆچ‌و سەرهەڵگرتن‌و جێهێشتنی نیشتمان دەستیپێكردەوە؟ پرسیتان ئەم خەڵكە چۆن ئەم ساڵ‌ونیوە تەحەمولی ئەم هەمو بێ موچەیی‌و بێ بازاڕی‌وبێ ژیانی  كردووە‌و ژیاوە ؟ پرسیوتانە لەم وڵاتە چینێك وەك فیرعەون‌و هەزاران چینی تریش وەك هەژاری وڵاتێكی داماوی ئەفریقا دەژی! بێ موچە, بێ ئاو, بێ كارەبا,بێ سوتەمەنی, تەنانەت بێ ئازادی تەواویش؟

برۆن‌و عەزێتێك بكێشن تەماشایەكی تەرمیناڵەكانی كوردستان بكەن ببینن چەند گەنج‌ولاوی كورد لەجامی مونشەئەكانەوە بای بای لە ئێوە‌و نیشتمان دەكات. گەر تا ئێستا ئەوەندە بێباكن , چیتر بێ باك مەبن , ئێوە دەبنە سەرۆك‌وحكومران‌و پاشا‌و گزیری كام مەملەكەت؟ وا خەریكە نیشتمان بەسەر مرۆڤە بەتەمەكانی كوردستاندا جێدەهَێڵن , سامانی مرۆیی‌و دەست‌و بیری كار‌و ئەندازیارانی دروستكردنەوەی ئایندەی ئەم وڵاتە بەلێشاو دەرۆن‌و كۆچ دەكەن, ئیتر بەتەمای چین ! وابڕوات چەند ساڵێكی تر بەس خۆتان‌و خێزانەكانتان‌و خزمانتان دەمێننەوە لەگەڵ ئەو باپیرە‌و داپیرانەی بەدیار چاوەروانی هاتنەوەی رۆڵەكانیانەوە سەریان لەگوێ قەبر دەلەرزێ  , گەر چیتر بێباك بن راستە زۆریش راستە ئەو دەستەواژەیەی  كە دەڵێت" سەرچاوە مادییەكان بۆ ئێمە‌و سەرچاوە مرۆییەكانیش بۆ جەهەنەم" .   


25/08/2015



وتارەکانی تری نوسەر