دەرفەتێک بۆ ئۆپزسیۆن ....بەڵام!

چیا عەباس

لەو ساتەوەی نارازی و ئۆپزسیۆن بەرامبەر دەسەڵاتی خۆماڵی هەرێم سەریان هەڵداوە، بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە کە بەهێزترین پێکهاتەی بو،ساڵانێکە دەبینین ئەم دیاردەیە رۆژ دوای رۆژ لاواز و لێکترازاو و داماوتر بەرچاو دەکەوێت.

وێرای گەڵێک کێشە و قەیرانە خەستەکانی دەسەڵاتی هەرێم و ناکۆکیە توند و تیژەکانی پێکهاتەکانی و داکشانی متمانەی ناوخۆیی و دەرەکی پێیان و بەجەمسەرکردنی پێوەندیە هەستیارەکانی هەرێم لە گەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە، کەچی لە بەرامبەردا دەبینین زۆربەی نارازیەکان لە دەسەڵات لە جۆش و خرۆش و سەرگەرمی فریادرەسیدایەک و دو سەریان بەیەکەوە ناوە و سەرقاڵی چنین و دارشتنی پلانی فرە رەنگ و دەنگ و تەم و مژاویەکانیانن بۆ ئایندەی باشوری کوردستانی لەتلەت و بێ خاوەنو مافخوراو. بە دەربرینێکی تر تا ئەم چرکەیە رەشبەڵێکێکی سیاسی بێ دیمەن و دەنگ بۆ شاییەکەی بناویلەعەرز دەکەن.

خاڵی بنەرەتی لە زەمینەی بەشێکی بەرچاوی ئەم پێکهاتانەئەوەیە کە زادەی هزر و فکر و چەمکی سیاسی و ئەزمونی زۆر جیاواز لەیەکترن: مارکسی و چەپە کلاسیکیەکان، نیشتمانپەروەری توند و میانرەوەکان، لیبراڵ و ئاینییە خەستەکان، دڵسۆز و پۆستپەرست و خۆپەرستەکان، گەندەڵ و پاکژەکان، خەیاڵپڵاو و واقیعیەکان، سەربەخۆ و پاشکۆی فرە جەمسەرە ناوخۆیی ودەرەکیەکان و ....تاد.
ئەوەی ئەمانەی کۆکردۆتەوە تەنها نارازی رەوا و واقعی و روکەشی لە دەسەڵات نیە، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکاری تر زەمینەی گرتبونەوەکەشی خۆشە کردوە. 

بەشێکی ئەم پێکهاتانە، سەرەرای دڵسۆزی و قوربانیان، گۆشەکراوی هەڵچونە سەرەتاییەکانی یەکێتی و دواتر گۆڕانن، ئەوانەی پێیان وابو بە زەبری ئایدۆلۆژیای چەپ کوردستان بەرەو کەناری ئارام دەبەن و لە گۆڕانیشدا بەزەبری کاریزمای کاک نەوشیروان و دروشمی گۆرانکاری ریشەیی سەرلەبەری سیستەمی حوکمرانی دەگۆرن، مەخابن لە هەر دو حاڵەتدا پێچەوانەکانی چاوەروانیەکان بەرجەستە بون.بەتەنیشتیشیانەوە ئەندام و کادرە گۆشەکراوەکانی ئیسلامی سیاسی لە کوردستانکە پشتئەستور بە یەزادنی گەورە و قورئانی پیرۆز چاوەروانیەکی جێگیریان بە سەرکەوتن هەیە. هاوکاتیش نەوەیەکی نوێی تورە و هەڵچو و خێرنەدیو و پەرتەوازە بەهەمو رێگایەک هەوڵدەدەن دەنگیان بیستراو بێت و رۆڵیان لە گۆرانکاریەکاندا هەبێت. دەرکەوت نە عەلمانیەت و نە ئایین و نە نەوەی نوێی زادەی کات و دۆخی خۆی لە ئاستی بەدیهێنانی خەونەکانیان نین. 

نەوە دێرینەکان راستەوخۆ و راشکاوانە باوەر و هزر و ئەزمونە رێکخراوەیی و سیاسیەکانی ژیانیان لە چەند هەگبەیەکی بۆیاخکراودا تێهەڵکێشی چەمکی ئۆپزسیۆن کردوە، راستە مرۆڤ بەرد نیە و قابیلی گۆران و گۆرینە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەرچاو و بەرگوێ دەکەوێت نەتوانراوە سەرجەم ئەو هەگبانە تێکەڵ بەیەکتر بکرێن تا پەیامێکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی گونجاو ئاراستەی میللەت بکەن، چونکە لەم ساتە وەختە دژوار و ئاڵۆزەی دۆخی کورد هەوڵی بەرچاو و شاردراوە لە ئارادان بۆ ئیحتواکردنی حوکمرانی خۆماڵی کورد لە باشور و رۆژئاوا، بۆیە ئەرکێکی بنەرەتی بەرەی ئۆپزسیۆنیش هەڵسەنگاندنی واقعی دۆخەکەیە و وەستانەوەشە بەرامبەر بە هەوڵەکانی دوژمن و ناحەزانی کوردە. مەخابن بەشێکی ئەو بەرەی ئۆپزسیۆنە راشکاوانە و ژێربەژێر خەریکی چاوبازین لەگەڵ بکەرانی ئەو هەوڵانە و تەنانەت دانەوێلەشیان بۆ رۆدەکەن. کاتێک لێدوانی چەند  کاراکتەرێکی خۆ بەئۆپزسیۆن عەرزکەر لەم ساتانەدا دەبیسترێت سەبارەت بە هەرێم دەبێت مرۆڤی کوردی دڵسۆز ئیدانەی بکات. ئەمجۆرە لە ئۆپزسیۆن شێرپەنجەی ناو خودی ئۆپزسیۆنی دڵسۆز و واقیعین.

ئیسلامی سیاسیش لە نێو دەسەڵات و ئۆپزسیۆنبوندا شتێکی ئەوتۆیان نەسەلماندوە تا خەڵک هیوایان لەسەر هەڵچنێت، بۆیە کەم یاخود زۆر تەرواح دەکەن.

ئەوەی ئێستا دەبینرێت چەندەها کارنامە و خواست و داواکاری لە گۆرەپانی ئۆپزسیۆنێکی نادیار و پەرتەوازە و تا رادەیەک کەسانی خۆپەرست وپۆپۆلیستی ناسراو تێێدا کە دەستەمۆکراوی مێژو و دەسکەوت و پلە و پێگە و تامی خۆشی  ئەزمونەکانیانن لە پۆست و بەرپرسیاریەتی حوکمرانی و حزبیدا،ئەمانە سەما و هەڵڵایەکی بێسەروبەریان لە دەوری ئاگردانی " ئۆپزسیۆن " بەرپا کردوە.
هەر پرۆژەیەکی چاکسازی و گۆڕانکاری لەم دۆخەدا لە رەحمی پرسە رەواکانی کوردا چاویان هەڵنەهێنابێ و وەڵامی راشکاوەیان بۆ هەرەشە و مەترسیەکانی سەر دەسکەوتەکانی کورد نەبێت بێگومان هەر شکست دروێنە دەکات.بەشێک لە ئەزمونەکانی گۆڕان و هێزە ئیسلامیەکان ئەو راستیە دەسەلمێنن.

لەم سەردەمەی ئێستای دنیادا هەر بزافێکی سیاسی ئاراستەکراو لەلایەن هزرێکی فکری دیاریکراو یاخود باوەر و مەزهەبێکی ئاینی داخراو بێجگە لە دروێنەکردنی شکست سەرگەردانی و ماڵوێرانیش بۆ نەوەکانیان بەرهەم دەهێنن. 
 
کەم نین ئەوانەی ئێستاش بەشداربونی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم بە هەڵەیەکی کوشندەی کاک نەوشیروان دەزانن... باسکردنی ئەم پرسە بۆ کاتێکی تر جێدەهێڵین تا وردتر تیشک بخەینە سەر چەمکی ئۆپزسیۆن و دەسەڵات بە شێوە گشتیەکەی. 

٢٤ ئۆکتۆبەر ٢٠٢٣ 


25/10/2023



وتارەکانی تری نوسەر