هیلاکم لە کوردبون

چیا عەباس

پێشەکی دیار نیە کە هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراودا بەرێوەدەچێت، هۆکارەکەشی بۆ هەڵوێستی پارتی دەگەرێتەوە کە رایگەیاندوە لەسایەی بریارەکانی دادگای فیدراڵی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان ناکات.

سەرەتا پێویستە بلێم هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە خودی دەسەڵاتی هەرێمە، ئەم راستیە رێگرنابێت کاتێک پارتی بەشدار نەبێت دۆخێکی زۆر گرژ و ئاڵۆز سەرهەڵدا کە کیانی کوردی لە باشور و ئاسایش و گوزەرانی هاوڵاتیان بکەونە بەردەم مەترسی جدیەوە و ئەگەرێکی بەهێزیش لە ئارادایە کە هەرێم ببێت بە دو لەتەوە. بەواتایەکی تر باشوری کوردستان دەبێت بە چوار لەتەوە: زۆنی دەسەڵاتی پارتی، زۆنی دەسەڵاتی یەکێتی، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەغدا و حەشدی شەعبی و  دواترینیاش ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی دەرەوەی باشور و عێراق. ئەمە ئەو خەونەیە کە لەخەیاڵی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان گوزەری نەکردوە.

بابێین زیاتر زەمینە و هۆکارەکانی ئەم دۆخە شێبکەینەوە.

چەندین سەدەیە کێشەکانی نێوان جو و فەلەستینیەکان بونیان هەیە، هەرچی کراوە و دەکرێت نەبونەتە مایەی چارەکردنی ئەم کێشە ئاڵۆز و گەورەیە. ئەمە وانەیەکی سودبەخشە تا تێرامانی خۆمان لەمەر کێشەی دەیان ساڵی نێوان کورد لە باشور و بەغدا و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دارێژین. نەستۆلژیا و کەللەرەقی و قسەی باق و بریق هیچ سودێک ناگەیەنن گەر بەوردی بەدوای چاڕەیەکی واقعیدا نەگەرێێن.

یەکەم: دەسەڵاتی بەغدا و دادگای فیدراڵی

کورد لە سایەی دەسەڵاتی سوننە لە عێراق سەختترین قۆناغەکانی ژیانی بەرێکردوە، زیاتر لە بیست ساڵە دەسەڵاتی فعلی بەغدا مەزهەبی شیعەیە، بەگشتی ئەم مەزهەبە ناسراوە بە رق و کێنەهەڵگر و خۆماتدان و تۆڵەسەندنەوە. 

لە نێو ئەم مەزهەبەدا چەند ئاراستەی فکری و سیاسی بونیان هەیە: نەتەوەپەرستەکان وەک مالیکی، عێراقچیەکان وەک سەدر و عەبادی و عەمار حەکیم و عادل عبدالمهدی، توندرەوەکان وەک عامری و خەزعەلی. هەر یەک لەم ئاراستانە هاوران کورد لە عێراق دەبێت لە بۆدەقەی عێراقدا بتوێتەوە، هەمان خواستی دڵی سەدام، زیادە بۆ ئەمەش پێچەوانەی محوەری ئێران کارنەکات. 

ئێستا ئەرکێکی گرنگی دەسەڵاتی شیعە و هاوسۆزە کوردەکانی کارکردنە تا عێراق ببێتە دەروازەی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران. بۆ ئەو مەبەستە لە بری پەرڵەمان بریارە گرنگ و هەستیارەکان بە دادگای فیدراڵی سپێردراوە، دەزگایەک کە چەندین گومان لە دەستوربونی هەیە و شەبەحێکی نامۆی دەرەکی بەرێوەی دەبات، خەتای سەرەکی چەسپاندنی ئەم شەبەحە لە دەستوری هەمیشەییدا دەکەوێتە ئەستۆی مسعود بارزانی و خوالێخۆشبوان مام جلال و نەوشیروان مستەفا کاتێک پێیان وابو دەستور دەروازەی بەهەشت بۆ کورد واڵا دەکات. دەبوا لەسایەی ئەزمونی دەیان ساڵیان بیانزانیایە هزری سیاسی شیعە دەیان روخساری جیاجیا و ساختەکاریان هەیە.

ئێستا سەلمـێندراوە زۆربەی بریارەکانی ئەم شەبەحە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی شیعەیە، وەک دروستکردنی حەشدی شەعبی کە بۆتە بەشێکی بریاردەر و جێبەجێکەر بۆ  بەرگریکردن لە دەسەڵاتی بەغدا و دەیان ملیار دۆلار خراوەتە خزمەتیەوە. حەشدی شەعبی هێزێکی نیشتمانی و ئاسودەبەخش نیە. بەڵکو داردەستێکی جەمسەری مەزهەبی شیعەیە نەک تەنها لە عێراق بەڵکو لە ناوچەکەش.


دوای کارەسەتەکانی ئۆکتۆبەر، عەبادی کە سەرۆک وەزیران بو، لەچاوپێکەوتنێک لەگەڵ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رایگەیاند کە پێویستە دەسەڵاتی هەرێم ئیحتوا بکرێت. هاوکاتیش مالکی لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ نیۆرک تایمس گوتی:

عێراق بەشێکە لە جهانی عەرەبی. ئەمەو و دەەیان نمونەی تری گەندەڵی و دزی و ساختەچیەتی دەسەڵاتدارانی مەزهەبی بەغدا بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت سەلمێندراون.

ئەم گێرانەوەم بەپێویست زانی تا تیشک بخەمە سەر نیەتە رەسەنەکانی بەغدا.

دەسەڵاتی کوردی و کورد و بەغدا:

پێویست ناکات باسی ئەم هاوکێشەیە بکەم چونکە لای هاوڵاتیانی باشور هەموی ئاشکرایە، ئەوەی مەبەستە ناشێت لە سایەی نارازی و ئۆپزسیۆنبون لە دەسەڵاتی کوردی پەنا بۆ نەیارانی کیانی هەرێم ببرێت، چونکە کارێکی لەو جۆرە وەک جاشایەتی سیاسیە و کورد نرخە هەرە گەوەرەکە دەدات.

تێدەگەم هەندێک تاقم و کەسایەتی کورد بریارەکانی دادگای فیدراڵی دەربارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم ( سەرەرای ئەوەی لە تیۆریدا بەشێک لە بریارەکان خواستێکی دێرینی هێزە نارازی و ئۆپزسیۆنە رەسەنەکانی باشورە، بەڵام نەک لەسەر حسابی سەروەری و ئاسایشی هەرێم) بە دەرفەتێکی زێرین دەبینن بۆ قۆستنەوەی و خۆسەپاندنی خۆیان پاش یەک لەدوای یەک شکستەکانیان لە ناو حزب و دەسەڵاتدا و تێوەگلانیان لە چەندی کاری ناشرین و گەندەڵی.

ئەمجۆرە بریارانەی دادگای فیدراڵی بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و رەوایەتی ئیرادەی میللەت نیە، بەڵکو بەشێکە لەگەمەیەکی یاسایی قێزەوەن و رشتنی دانەوێڵەیە بۆ لەتکردن و پەرتەوازەکردنی زیاتری ریزی نیشتمانی کورد بە مەبەستی قۆستنەوەی نارازیە رەوا و توندەکانی لە هەرێمی کوردستان، دەستێکە بچێک پشتی بەرەی نارازی دەخورێنێت کە خۆی دەستی پێناگات. 

بەشێک لەم بەناوەی نارازیانە وەک جۆکەر لەو پەری پۆپۆلیستەوە بۆ سەرسەختی گۆرانکار و ئێستاش بۆ ئاستی نزمی کۆیلایەتی و بەکرێگیراوی ئەم و ئەو روخساری سیاسی قێزەوەن وەک لەشفرۆشیکی سیاسی لە شانۆگەری هەڵبژرادندا عەرزی خۆیان نمایش دەکەن.
لایەنێکی تری بەرەی نارازی بەئەمەک بەجدی کاردەکات ببێتە بەڕەیەکی ئۆپزسیۆنی راستەقینە و کاریگەر. هەڵمەتەکان زۆر چروپر بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن و بێگومانیش هەر سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە لە ئێستادا چی بکرێت؟

هەوڵەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆ رێگری لە لەتبون و زیاتر لاوازبونی هەرێم کارێکی پێویستە، هاوکات ناشێت بەمە بوەستێت و لە ژێر دەسەڵاتی حوکمرانی هەڕیمدا بمێنێت، چونکە گەرانەوەیە بۆ خاڵی سفر. ئەوەی پێویستە ئەنجومەنێکی باڵای نیشتمانی دروست بکرێ، پێکبێت لە ژمارەیەکی دیاریکراو لە نوێنەرانی هێزە سیاسیە فەرمیەکان کە زیاتر نەبن لە نیوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنەکە. نیوەکەی تریشی لە کەسایەتیە دڵسۆز و پاک و ئاینی و رۆشنبیر و زانستی و پسپۆر و یاسایەکانی باشوری کوردستان بن، زۆر پێویستە پەرڵەمانی کاربەرێکەری کوردستان پرۆژە یاسایەک بۆ ئەم ئەنجومەنە پەسند بکات و سەرۆکی پەرڵەمانیش هاوکات ببێت بەسەرۆکی لیژنەکە. ئەم ئەنجومەنە نەخشەرێگا بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا رێک بخات.

ئەم هەنگاوانە لە ناچاریەوەیە بۆ ئەوەی تاقانە کیانی فەرمی کوردستانی گەورە لە لەتبون و نەمان بپارێزێت.

لێرەو و لەوێ پشتئەستور بە چەند بریارێکی دەزگایەکی دادی گومانلێکراو لە وێرانەی عێراقدا  هەڵوێستی فەرمی هێزەکان، تایبەت یەکێتی، پێداگریکردنە لە تەحەداکردنی پارتی و قۆستنەوەی دانەوێڵە رشتنی نەیارە سەرسەختەکانی کوردە، ئەمەش تەنها بەنیەتی تۆڵەکردنەوە و بەناو سپیکردنەوەی مێژوی شەست ساڵی رابوردو. نە پارتی و نە یەكێتی دوای راگرتنی شەری ناوخۆ خەمخۆری ئەم میللەتە نەگبەتەی باشوری کوردستان نەبون، خەمی چەورکردنی گیرڤانەکانیان بون. ئێستا بۆیان نیە کوردایەتیمان پێ بفرۆشنەوە. پێویستە لەو جۆرە کوردبونەی ئەوان خۆمان دور راگرین، بەپێچەوانەوە کارەساتی گەورە بەرێوەیە.

کوردبون لە سایەی ئەمجۆرە ئەقڵیەتە لە کۆیلایەتی زیاتر هیچی تر نیە.

نوسینی: چیا عەباس

رۆتەردام: ٤ ئەپریڵ ٢٠٢٤

04/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر