ڕۆژی دادپەروەری لەکوردستان

ستاره‌ عارف

بەرواری٢١/٨ وەک ڕۆژی دادپەروەریی لەکوردستان لەلایەن ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید و نوسەرانی ئەم بوارەوە ناسێنراوە، چونکە ڕێکەوتی٢١/٨/٢٠٠٦ یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی سەدام حسێنی دیکتاتۆر سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ڕژێمی عێراق و بەرپرسانیتری بەعس لەلایەن ددگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە بو، دەرەنجام دوای شەست و یەک(٦١)دانیشتن بڕیاری دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال و جینۆسایدی کورد دەرچو و تاوانەکانی ئەنفالکردنی کورد، کە بە هەشت قۆناغ لەساڵی١٩٨٧-١٩٨٨دەستیپێکرد وەک جینۆساید ناساند و بڕیاری قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوانی کوردی بەگوێرەی ماددەی(١٣٢)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەرکرد و مەرج بو حکومەتی عێراق گەرەنتی دوبارە نەبونەوەی جینۆسایدی کوردان بکات، لەکاتێکدا هیچ گەرەنتی نییە.

بەرواری١٧/٧ی هەمو ساڵێک ڕۆژی دادپەوەریی جیهانییە، چونکە لەو ڕۆژەدا ١٧/٧/١٩٩٨ڕێککەوتننامەی ڕۆما و پێکهاتن لەسەر دامەزراندنی دادگاییەکی نێودەوڵەتی بەناوی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی(icc)وە، کە ئێستا دادگاکە لەوڵاتی هۆڵەنداییە لەلایەن سەد و بیست و سێ(١٢٣)وڵاتەوە بۆ ڕێگەگرتن لەتاوانی کۆمەڵکوژی و جینۆساید واژۆکراوە.

عێراقی ئەنجامدەری جینۆسایدی گەلی کورد لەباشوری کوردستان پابەندی ڕێککەوتننامەی ڕۆما بو، بەڵام لەساڵی٢٠٠٥وە بە پاساوی لاواز لێی کشاوەتەوە و ئێستا پابەندی نییە، بۆیە هەمیشە ئەگەری دوبارە جینۆسایدکردنەوەی کورد لەلایەن عێراقی عەرەبییەوە لەئاراداییە، چەند ساڵە نوسەران و چالاکانی بواری جینۆساید داوا دەکەن عێراق ببێتەوە ئەندامی ڕێککەوتننامەی ڕۆما، کە واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە بۆردومانی بەردەوامی وڵاتانی هەرێمی لەکۆڵ دەکاتەوە و ڕای گشتی جیهانی بۆ دروست دەکات و توانای پاراستنی سەروەری خاکەکەی دەبێت، بێگومان بۆردومانکردنی ڕۆژانە و بن پێکردنی سەروەریی خاک لەسەر کوردستانە، کە عێراق وەک دەوڵەت دەبێت بەرگری لێبکات و کوردستان لەبۆردومانی تورکیا و ئێران و جینۆساید و بە عەرەبکردنی خۆیشی بپارێزێت، کە ئەم ئەرکە ناگرێتە ئەستۆ لەبەرئەوەیە هاوپەیمانی تورکیا و ئێرانە دژی کورد، عێراق ببێتەوە ئەندامی ڕێککەوتننامەی ڕۆما کوردیش سودمەند دەبێت.

لەڕۆژی دادپەروەری جیهانییدا وەک کورد داواکارین عێراق ببێتەوە ئەندامی ڕێککەوتننامەی ڕۆما و دڵنیایی تەواو بەکورد بدات، لەدوبارە نەکردنەوەی جینۆساید و کۆمەڵکوژیتری کورد، لەڕۆژی دادپەروەری کوردییشدا جگە لەوەی ئەو(٢٥٨)تۆمەتبارەی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە بڕیاری دەستگیرکردنیان دەرچو و بە بڕیاری بەرەی کوردستانی لەلایەن هەردو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییەوە پارێزران و ڕادەستی دادگا نەکران، دەبێت دادگایی بکرێن و لەسزا دەربازیان نەبێت.

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق له‌دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسەوە دامه‌زرا، کۆمەڵکوژی"کوردانی فەیلی و کیمیایبارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئەنفال و ڕاگواستن و خاپورکردنی قەزاکانی سه‌یدسادق و پێنجوێن و چوارتا و پشدەر و شارباژێڕ و قه‌ره‌داغ"هتد وەک جینۆساید ناساند، بەڵام هێشتا پێویستیان بەدوا بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌کان هەبو، کە بڕیارێکی سه‌ربه‌خۆ له‌باره‌ییانەوە دەربکرێت و وه‌ک تاوانی جینۆساید شێوەی کۆتاییان پێ بدات.

لەڕێکەوتی١٠/٤/٢٠١١ نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق، بەهۆی گۆڕینی سەرۆکی دادگاوە بەبڕیارێکی فەرمی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی هەڵوەشاندەوە، بەپێی بڕیارەکە ئەو دۆسیانەی لەدادگاکە مابون، بۆ دادگای تاوانی ناوەندی بەغدا دەگوێزرانەوە و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەبوایە پڕۆژە یاسایەکی بۆ دەربکات، بڕیارەکە ناڕەزایی لێکەوتەوە و ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید(چاک)ڕێکەوتی٢٨/١٠/٢٠١٢ڕونکردنەوەییەکی بڵاوکردەوە، داوای دادگاییکردنی سەرۆک جاشەکانی کرد، پاشان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە‌پێی یاسای ژماره‌(٣٥)بڕیاری بەردەوامی دادگاکەی دەرکرد، واتە بەپێی بڕیارەکە دادگاکە هەڵنەوە‌شاوه‌تەوە و سه‌ر بە ‌ئە‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عێراقە و دۆسیەی تاوانبارانی ئە‌نفالییش وەک خۆی ماوەتەوە، به‌ڵام دادگاکە سه‌ربه‌خۆ نییە و ناتوانێت بە‌ر بە دە‌ستێوەردانی ده‌ستە‌ڵاتداران و ستەمکارانی عێراق بگرێت.

بڕیاری قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری جینۆسایدکراوانی کورد لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەکراوەتەوە، بە ناو نوێنەرانی کورد ئەرکیانە کاری لەسەر بکەن، چونکە قەیرانی هەولێر و بەغدا تەنیا موچە و بودجە و گیرفانیان نییە و دۆسیەی جینۆساید و دۆزی کورد بەگشتی لەپلەی یەکەمدان، عێراق تا ئێستا داوای لێبوردنی لەگەلی کورد نەکردوە و دەبێت ناچاری ئەو پۆزش و لێبوردنە لەبەرامبەر ئەو هەمو تاوانی جینۆسایدەی بەرامبەر بە کورد ئەنجامیداون بکرێت، چونکە هەمو حکومەتێک میراتگری حکومەتی پێش خۆیەتی، گۆڕە بە کۆمەڵەکان نەهێنراونەتەوە و نەدۆزراونەتەوە و کارکردن لەو دۆسییەدا زۆر بەسستی بەڕێوە دەچێت.

سەرەڕای هەمو ئەمانە لەبەرواری دادپەروەری کوردستاندا داواکارین پەلە لەگەڕاندنەوەی سەد و حەفتا و یەک(١٧١)ئێسک و پروسکی ژن و منداڵی ئەنفالکراوی کوردمان لەناوچەی(تەلشێخەی سەماوەی باشوری عێراق بکرێت، کە چوار ساڵە لەپزیشکی دادی بەغدا بەجێهێلدراون و ڕێگە نەدرێت لەبەغدا بە خاک بسپێردرێن و بۆچونێکی بەو جۆرە ئێستا لەبەغدا هەیە، ئەرکی نیشتمانی و ئایینی و مرۆیی و ئەخلاقی بەناو نوێنەرانی کوردە لەپەرلەمانتار و وەزیر و بریکار و ڕاوێژکار و سەرۆک کۆمار و سیاسی و سەربازی ئێستا و ئەوانەی پێشوتری هەردو بنەماڵە جەردەکە و ئەوانیتریش کار لەسەر ئەم مژارە بکەن و فشاری ڕاستەقینە دروست بکەن.


22/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر