رەفتاری سەركردایەتی كورد، رەنگدانەوەی مۆركی تایبەتی خۆیەتی !

عیماد عەلی
كە لە ئەخلاق و سروشتی ژیانی مرۆڤی كورد ورد بیتەوە، زۆر بە روونی خەسڵەتی تایبەتی ئەم گەلەت بۆ دەردەكەوێت. ئەگەر تەنها لە رووی سیاسیەوە لەم بارەوە وردبینەوە، بە زۆر ئەزموندا تێپەرٍیوین و دڵپاكیمان جگە لە خۆمان بۆ دۆست و دوژمن سەلماندووە . با زۆردوور نەرٍۆین لە مێژووی نزیكماندا ئەوەمان دەرخستووە كە هەمیشە دووربووین لە تۆڵەكردنەوە و خاوەنی لە بیركردنی سەرجەم زوڵم و زۆریەكانی دژ بە كورد بووین.
ئەم میلەتە بە سروشتی خۆی چاكەخواز و دوورە لە گەندەلی دەروون و رەفتار و ئەخلاق، بۆیە لە هەر بارێكدا دەگەرێتەوە بۆ مۆركە رەسەنەكەی خۆی، بەڵام سەركردایەتی دوور لە میلەت، تەنها لە بازنەیەكی ململانێی تایبەتیدا دەسورێتەوە، كە پێویست بوو پشت بە سروشتی گشتی خەڵك ببەستێت نەك مۆركی كۆمەڵێك كەس كە زۆرینەیان ناخ ئاڵۆزی خۆیان لە ژیاندا دەرخستووە، كەچی پێچەوانەی هەموو سیفەتە باشسەكانی نەتەوەی كوردیان سەلمانداووە، تەنانەت لەبەرامبەر هاوخەبات و برای خۆشیاندا.
بۆیە، بەرهەمی دەست و بیركردنەوە و عەقڵی  ئەوانەی كوردستان بەرێوەدەبەن دوورە لە مۆركی تایبەتی گەلی كوردستان بە گشتی، تەنانەت لە رووی دارٍشتنی یاسا و سیاسەت و پەروەردە و ژیان و گوزەرانەوە، كەموكەرتی گەورەیان دەرخستووە.
هەر بۆیە ئەمەش وای كردووە  كە میلەت لە دۆڵێكدا بێت و سەركردایەتی لە دۆڵێكی تردا بژێت و لە هیچ رەفتار و ئەخلاق و خەسڵەتێكدا هیچ پەیوەندیەكی بە خەڵكەوە نەبێت. تۆ تەماشای واقیعی كۆمەڵایەتی و سیاسی گەلی كوردستان بكە و بەراوردێكی تایبەتی لەگەڵ یەك بە یەكی سەركردەكان بكە، ئەوجا جیاوازیە قوڵەكە ببینە.
ئەگەر بە قووڵی بیری لێبكەینەوە، بۆ چارەسەر و دوور كەوتنەوە لە چەرمەسەریەكان، پێویستە سەرەتا لەوە یەكلابینەوە كە مۆرك و بیركردنەوەی سەركردایەتی كورد لە سەرجەم بوارە سروشتی و ئەخلاقی و ئەدەبی  و حاڵ و گوزەران خەڵك و بەراورداری لەگەڵ سەركردایەتیەكەیدا، بە روونی دەبینین كە بەرهەمی هەمان سیفاتی گەلەكە نین و زۆرینەی رەهایان نامۆن لە سیفەتە رەسەنەكانی كوردایەتی. بۆیە بەرهەمەكەیان لەمە باشتر نەبووە و نابێت. 


20/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر