بۆیه‌ عه‌بادی پاشگه‌ز بووه‌وه‌

عیماد عەلی

یه‌كگرتوویی كورد و یه‌كبونی راسته‌قینه‌ی كورد له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ئه‌وه‌ی ده‌رخست به‌ راسته‌وخۆ و خێرا وه‌ك له‌م دوو رۆژه‌دا سه‌له‌مێنرا و عه‌بادی پاشگه‌ز كرده‌وه‌ و بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ دوای ریفراندۆم به‌ خێرا پاشگه‌زبێته‌وه‌، ئاوهاش بۆ سه‌رجه‌م كه‌یسه‌كان بۆ دواجار له‌ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسی كوردستان كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت و ده‌توانن عه‌بادی بێننه‌ سه‌ر رێگه‌ی راست.

  به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر وتاره‌ رقاویه‌كه‌ی عه‌بادی و  له‌به‌رچاونه‌گرتنی رۆڵی كورد و سوپاس نه‌كردنی پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و برینداره‌كانی له‌ دژی داعش، له‌و به‌یاننامه‌ی كه‌ به‌ ناو راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا خوێنرایه‌وه‌، زۆر شتی ژێر به‌ره‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ش ده‌رخست كه‌ تا دوێنی گره‌ویان له‌سه‌ر راستگۆیی عه‌بادی ده‌كرد و ته‌نانه‌ت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خودی كوردیشیان نه‌خوێنده‌وه‌.
 ئه‌م هه‌لوێسته‌ روونه‌ی سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی كوردستان له‌ به‌غدا ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ تاكه‌ كارتی به‌هێز به ده‌ستی كورد خۆیه‌وه‌؛ یه‌كێتی و یه‌كبونی كورد خۆیه‌تی و له‌به‌رچاوگرتنی خاڵی جێگیر و خه‌تی سوور و به‌رژه‌وه‌ندی پاڵایه‌ له‌ پێش هه‌ر حزبایه‌تیه‌كه‌وه‌ بێت. له‌م چه‌ند مانگه‌دا زۆر هه‌ڵه‌ كراو ناكۆكیه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كان و ده‌رهاویشته‌كانی و ره‌فتاره‌ هه‌مه‌جۆره‌كان، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی به‌جۆرێك ریزكرد كه‌ زه‌ره‌ری گه‌وره‌ له‌ پرسی كورد بدات و، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عیراق نه‌یتوانی وا به‌ئاسانی بیكات، كردی . تا دوێنێش له‌سه‌ر زۆر بابه‌ت ناكۆكی كورد له‌ به‌غدا ده‌ركه‌وت، بێ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان حساب بۆ قۆناغه‌كه‌ بكه‌ن و تۆزێك عاقڵانه‌ و به‌ قوڵی له‌ مه‌سه‌له‌كان بروانن و دوای هه‌ندێك كڵاوی بابردووی نه‌یاران نه‌كه‌ون. ئه‌وه‌تا ئه‌وان به‌ راست و چه‌پ ویستیان په‌رشوبڵاوی كورد ئیستغلال بكه‌ن و، له‌ كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا كردیان و زیانی هه‌ره‌ گه‌وره‌یان له‌ میله‌ت و پرسه‌ ستراتیجیه‌كه‌ی دا . 

ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ ده‌بینرێت، بۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان سه‌لمێنرا كه‌ ره‌فتاره‌كانی عه‌بادی و ده‌سه‌ڵاتی عیراق ته‌نها له‌ ده‌رئه‌نجامی كاردانه‌وه‌ی پیاده‌كردنی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نیه‌ و، ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ كردی له‌ پێش هه‌موو جیاوازی و ناككیه‌ مێژووییه‌كانیشه‌وه‌ بووه‌ و ئه‌و فیداكاری پێشمه‌رگه‌ كه‌ تا ئه‌م دوایانه‌ش هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان  نه‌ به‌  ناوی ریفراندۆم و نه‌ش به‌ سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ بووه‌ و،  بۆ هه‌موو لایه‌ك سه‌لمێنرا كه‌ پشتخانی بیری ده‌سه‌ڵات له‌ به‌غدا ئامانج و مه‌به‌ستی زۆر ره‌شی گه‌وره‌ له‌خۆده‌گرێت و، كه‌ جێبه‌جێی بكات كه‌س قازانجی لێناكات به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ په‌لكیشی كردن بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌ داگیركراوه‌كان، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی عیراق له‌مه‌ر پێشمه‌رگه‌ زۆر شتی پشت په‌رده‌ی ده‌رخست و له‌مرۆووه‌ كورد به‌خۆی بزانێت یان نا، ئه‌گه‌ر عه‌بادی به‌ زاره‌كیش پاشگه‌زبونه‌وه‌ی ناوه‌ند له‌مه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی له‌و به‌یاننامه‌یه‌ ده‌رببرێت،  ئه‌وه‌ش له‌ده‌رئه‌نجامی فشاری یه‌كگرتوویی كورده‌، به‌ڵام جه‌وهه‌ری بیری ناوه‌ند و نیازه‌كانی دوور مه‌ودای ده‌ركه‌وت و رێژه‌ی رق و كینه‌ و چۆنێتی بیركردنه‌وه‌ی دسه‌ڵاتی به‌غدا بۆ هه‌مولایه‌ك روون بووه‌وه‌ و، ئه‌وه‌ش سه‌لمێنرا كه‌ ده‌ستدرێژیه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی عه‌بادی به‌ پیلانی پێشوه‌خته‌ بووه‌ نه‌ك له‌ ده‌رئه‌نجامی كاردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ریفراندۆم، ئه‌گه‌ر راوبۆچونیش له‌سه‌ر كاته‌كه‌ی جیاوازیش بێت.

بۆیه‌، بۆ نێوخۆی كوردستانیش ده‌ركه‌وت كه‌ یه‌كێتی هه‌ڵوێست چه‌ند گرنگ و كاریگه‌ره‌ نه‌ك پشت به‌ستن به‌ ئه‌م و ئه‌و. زۆر لایه‌ن هه‌بوو وایان ده‌زانی كه‌ به‌ نزیكبونه‌وه‌ له‌ عه‌بادی و ناوه‌ند به‌ خۆیان قازانج ده‌كه‌ن و زیان له‌ كورد ناده‌ن، وایان ده‌زانی به‌ نزیكبونه‌وه‌ له‌ عه‌بادی پرسه‌كه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كه‌ی خۆیان دابین ده‌كه‌ن، وایان ده‌زانی به‌ عه‌بادی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابووریه‌ ته‌سكه‌كه‌یان كه‌ ته‌نها به‌ ته‌سكبینیه‌وه‌ ته‌ماشای ده‌كه‌ن؛ بۆ خۆیان مه‌یسه‌ر ده‌كه‌ن، وایان ده‌زانی تاك لایه‌نانه‌ رێگه‌ی به‌غدا بۆ قازانجی حزبی و شه‌خسی خۆیان به‌كار دێنن، به‌ڵام نه‌یانزانی عه‌بادی و ئه‌وه‌ی له‌ پشتیه‌وه‌ن و ته‌نانه‌ت به‌ مالكیشه‌وه‌ كه‌ ئه‌مرۆ له‌ ركابه‌ری عه‌بادی ستایشی پێشمه‌رگه‌ ده‌گات تاكه‌ بیركردنه‌وه‌یان به‌ نزمی ته‌ماشاكردنی كورده‌ و به‌ بوغراییه‌وه‌ له‌ كورد  ده‌روانن، له‌ كاتی سه‌ركه‌وتن و بنكه‌وتنیانیشه‌وه‌ .

وا ئه‌مرۆ عه‌بادی له‌ سایده‌كه‌ی حكومه‌ت له‌ ناو نه‌هێنانی پێشمه‌رگه‌ پاشگه‌زبۆته‌وه‌، به‌ڵام كوردیش زۆر ئاساییه‌ به‌م هه‌نگاوه‌ بچوكه‌ له‌ پاشگه‌زبونه‌وه‌ به‌ئابرووه‌ی عه‌بادی له‌و هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی عه‌بادی رازی نه‌بێت و به‌ هه‌مان چه‌كی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، له‌ لایه‌كه‌وه‌  به‌م هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌گه‌وره‌ به‌مه‌به‌سته‌ی عه‌بادی زۆر دڵخۆش نه‌بێت، وه‌ك چۆن ئه‌م ماوه‌یه‌ كوردی له‌ گۆشه‌یه‌كدا لاته‌ركی كرد و رۆژانه‌ داوای زیاتر ملكه‌چ بونی لێده‌كات و ئابڵوقه‌ی خستۆته‌ سه‌ر و له‌ لایه‌كی تروه‌ به‌ ته‌مایه‌ زیاتر فشار بكات و ته‌نانه‌ت زاڵ بێت به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌  له‌ گه‌ڵ ناوچه‌ داگیركراوه‌كانیشدا، پێویسته‌ كوردیش تاوه‌كو به‌ ئاشكرا و له‌سه‌ر زاری خۆی داوای لێبوردن نه‌كات" كورد رازی نه‌بێت و له‌سه‌ر هه‌ڵویستی یه‌كگرتووی  خۆیان به‌رده‌وام بن. هه‌ر به‌م یه‌كگرتوییه‌وه‌ ئامانجه‌ تایبه‌تیه‌كانی تریش به‌ده‌ست دێنن و له‌ رووی سیاسی و ئابووریشه‌وه‌ ده‌توانن فشاری خۆیان بكه‌ن و، هه‌ر ئه‌م یه‌كگرتوویه‌ش ده‌بێته‌ هه‌وێنی یه‌كێتی نێوخۆیی كوردیش . ده‌بێت كورد به‌م شێوه‌یه‌ عه‌بادی و ناوه‌ند له‌ سه‌رجه‌م هه‌ڵوێسته‌كانیتر پاشگه‌ز بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ ره‌فتار و هه‌نگاوی دیاریكراو و به‌دیقه‌ت و مانۆر و سیاسه‌تی دروست و تاكتیكی ورد ده‌بێت  و، ته‌نها كارتی به‌هێزی كورد له‌م كاته‌دا، یه‌كگرتوویی هیزه‌كانێتی له‌ به‌غدا و له‌ كوردستانیش .    





AM:10:52:13/12/2017