دوو مەرکەزی یان فرە مەرکەز

شەماڵ عەبدلوەفا
ئێمە دیدمان زۆر رونە لەسەر لا مەرکەزیەت ، لە زۆر بۆنە و باسدا ئاماژەمان پێ کردوە :
١-ھەر وەک ماوەیەک لەمەوبەر وتاری ھەفتانەمان لەسەر لا مەرکەزیەت بوو.
٢-قانونی بریمەر بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ئاماژەیە بۆ لا مەرکەزیەت.
٣-ھەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تەئکید کردنەوەیە لەو پرنسیپە .
٤- ھەلبژاردنی پارێزگاکان لە لایەن شارەکانەوە واتا مەرکەزێکی تر و دەسەلاتێکی خۆجێیی.
٥- دنیا بینینی نەوشیروان مستەفا لەسەر پرسی ( لامەرکەزی):
کاری ئەنجومەنی وەزیران نەخشاندنی پلانی ئابورئ، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیریە، لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی کوردستانی عێراق، بە پێی پلانی ٥ ساڵە و١٠ ساڵە و ١٥ ساڵە، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران ئەو لایەنەیە کە پەیوەندی لە نێوان ناوەند و هەرێم و وڵاتانی تردا ڕێک دەخات هەروەها ئێمە لەگەڵ ئەوە نین کە دەسەڵات لە هەموو ئەنجومەنی پارێزگاکان و قایمقامەکان و مودیری ناحیەکان وەربگیرێتەوە بدرێت بە ئەنجومەنی وەزیران، بۆیە دەلێن ئێوە سلێمانچێتی ئەکەن بەڵێ لایەنگری ئەوە دەکەین کە ئەنجومەنی سلێمانی هەموو دەسەڵاتێکی هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتتدا لایەنگری ئەوەین کە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش هەمان دەسەڵاتیان هەیبێت هیوادارم رۆژیک بێت کەرکوکیش بێتە سەر هەرێمی کوردستان، کە دەسڵاتی جێبەجیکردن و کارگێری ودارایی کۆمەڵێ دەسەڵاتی وایان هەبێت کە لە سنوری شوێنەکەی خۆیاندا بەڕێوەیبەرن، خەڵک وای لێ نەیەت بۆ هەموو شتێ موحتاجی دەستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکانی هەولێر ببێت،ئەوە بەشێکە لە فەلسەفەی سیاسی، پەیوەندی بە ناوچە گەرییەوە نیە شێوەی بە ڕێوەبردنی وڵاتە.
ئەمانە بەسن تا دیدی گۆران روون بێت بۆ فرە مەرکەزی ئێستا گرنگ ئەوەیە بزانین یەکێتی و پارتی :
أ- چۆن سەیری ئەم بابەتە ئەکەن.
ب- چۆن لێی تێ دەگەن.
ج- چۆن مامەلەی لەگەلدا دەکەن.
گەر وا سەیری دەکەن ئەم لا مەرکەزییە ببێتە دوو مەرکەزی ھەولێر و سلێمانی ، حیزبەکانی تریش بە پاشکۆیەتی دوایان بکەون ، ئەوا ئێمەی تیا نین .
ئەمە وەکو ئەوەی لێ دێت کە باس لە یەک ریزی نیشتیمانی بکەیت بەلام چ یەک ریزییەک!
من ریزی.....خۆم ریزی.......پارتی ریزی ، بۆ یەکێتیش بە ھەمان شێوە .
لا مەرکەزیەت یان رونتر بلێم فرە مەرکەزییەت ، واتا مودیر ناحیە ، قایمقام ، پارێزگا ، ئەنجومەنی وەزیران ...... ھتد ببنە مەرکەزەکانی دەسەلات ، بە راوێژێکی چر و پر بە یاسا رێک بخرێت و بە رێنمایی بابەتیانە بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە .
واتا چۆن ئێمە جەخت لەسەر سیستەمی پەرلەمانی دەکەینەوە کە:
١- دەسەلاتەکان تێیدا جیا کراوە بن.
٢- بە ھارمۆنییەک کۆھێزی و کاری پێکەوەیی بکەن.
٣- لە ھەمان کاتدا چاودێری یەکتر بکەن .
بۆ ئەم فرە مەرکەزییەتەش ھەمان تێگەیشتنە لای ئێمە ، فرە مەرکەزییەت لای ئێمە فەوزا و لێک ترازان نییە بەلکو ١- دابەش کردنی دەسەلاتە.
٢-چاودێری و بەدواداچوونە.
٣-جێبەجێ کردنی بەرنامەی مەرکەزی حکومەتە.
٤- دروست کردنی پێشبرکێیەکی بابەتیانەیە لە زۆر بابەتدا.
٥- دروست کردنی کادر و تاکی بە توانایە بۆ حوکمرانی و ئیدارە.
٦- بەرجەستە کردنی عەدالەتی سیاسیە.
ئەمە کاتێک سەرکەوتو دەبێت کە:
أ-حکومەتی مەرکەز خاوەنی پلانی ستراتیژی ھەرێمایەتی بێت.
ب-ئەم پلانە بە راوێژی ھەموو دامەزراوە و مەرکەزەکان و راوێژکارانی پسپۆری بێت.
ج- حکومەت و پەرلەمانیش چاودێری جێبەجێی کردنی پلانەکە بکەن و پرۆسەی بە دواداچوونیش بەردەوام بێت ، لێپرسینەوە و سزاش لەسەر بنچینەی ھەلسەنگاندنی بەرەو پێش چوونی پلانەکە دەبێت .
دوا رستە فرە مەرکەزییەت :
أ- بچووک کردنەوەی حکومەتە لەسەرەوە ، گەورە کردنێتی لە خوارەوە.
ب- لە ھەمان کاتدا بەھێز کردنی حکومەتە لە سەرەوە.
ج- ھەروەھا تەرشیق کردنی حکومەتە بە شێوەیەک لە شێوەکان.
د- ئەمە بەشێکە لە حوکمرانی دیموکراتییانە و بەشداری پێ کردنە لە دەسەلات و دابەش کردنی.
کە دەبێتە پایەیەک لە پایەکانی دەولەت داری .

04/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر