ستەم و نادادپەروەریی سیستەمی ژیان لە کۆمەلی ئێمە و بەگشتی لە جیهانیدا،
سەبارەت بە ژن، لەوەدایە ئەو ئیش کارانەی
کە ژن بێبەرامبەر لە ماڵەوە دەیانکات بۆ ئاسودەیی خێزانەکەی. لێیکراوە بە ناسنامە
و شوناس و جۆرێک پیشاندەدرێت کە ژن ناچارە ئەو کارانە بکات. بۆنمونە ئامادەکردنی خواردن و پاککردنەوەی ماڵ
و رێکخستنی کەرەستەو پێداویستییەکانی ماڵ، بەخێوکردنی منداڵ و.... تاد. بەڵام ھەمان
ئەو کارانە پیاو لە دەرەوەی ماڵ دەیکات و لە بەرامبەردا کرێ وەردەگرێت.
ژن بەو ھەموو ئەرک و ماندووبونە تاقەتپڕوکێنەوە، کە شەو و ڕۆژ تیایدا
دەخولێتەوە، هیچ ڕۆڵێکی نییە و، تەنانەت بە
چاوێکی نزمەوە تەماشای کارەکانی دەکرێت. ئەمە جگەلەوەی کە ژن بەجۆرێک وێنادەکرێت کە
بەخشش و تێکۆشانی ھیچ ئەرزشێکی نییە و پێگەی
چالاکییەکانی لەکۆمەڵدا بەوپەڕی نزمی و کەمییەوە سەیردەکرێت.
ئاشکرایە ژن لەم سەردەمەدا، جیاواز لە کاری دووبارە و رۆژانەی ناوماڵ
کاری دەرەوەش دەکات، بەڵام چەندە ماندووش
بێت ئەرکی ئەو لە ژنێتیی لە ناوماڵ، کەمناکاتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی نادادپەوەرییە،
لەهەمانکاتیشدا بەکەمبینینی پێگە و خەبات و ئیرادەی ژنه.
هەرچەندە سەربەخۆیی کەسایەتیی تاک تەنها بە بەهێزی
ئابوریی پێکنایەت، بەڵام ئابوریی سەربەخۆ یەکێکە لە بنەما بەهێزەکانی پێکهێنانی کەسایەتیی
مرۆڤ بۆ ژن ، پیاو.
هەر جۆرێک
لە بێبەهاکردنی توانستی ژنان لە کاردا و کەمی پشکیان لەکۆی چالاکییە بازرگانییەکانی
کۆمەڵ و بەردەوامیی ڕوانینە پیاوسالارییەکان بەرامبەر بەژن، ڕاستەوخۆ هەوڵدانێکی زەقە
بۆ لێدان لەکەسایەتی و سەربەخۆیی ژنان.