مەرگی چاوەڕووانکراوی مەلەوانگەیەک

هاوژین زیبا

لە ڕاستییدا هەر بکەران خۆیان دەزانن هۆی سەرەکیی پڕکردنەوەی مەلەوانگەیەک کامە یان کامانە بوون. ئەم چەند دێڕەیش بۆ ئەوە نییە کە بزانێت ئەو هۆیانە کامانەن. هۆیەکان هەرچیەک بن یەک هۆی سەرەکی و قوڵ و درێژ بەدرێژایی سەرەتاکانی چیرۆکی ژیان دیارە.
ئەگەر لەشی ژن نەبووایە زەحمەت بوو بیانووی دیکە بدۆزرێتەوە.

ئەگەر بوترایە کەسێک لە نزیکی ئەو حەوزە نوێژی کردووە خەتەر نەدەبوو، یان لە ئێزیدییەکی داوە، منداڵێک خنکاوە، یان سیاسەتمەدارێکی گەندەڵ خۆی تێ هاویشتووە یان بەرازێک کەوتووەتە ناوی. تەنانەت ئەگەر بەرزێکیش بکەوتایەتە ناوی لە هەرە خراپترین حاڵەتدا ئاوەکەی ڕۆ دەکرا و مەلایەک دوو سورەتی لە سەر دەخوێند و سەرلەنوێ ئاویان تێ دەکردەوە. دووبارە حەوزە بۆر دەبووەوە بەو مەلەونگەیەی رەرگەزەکەی تر بە رووتی و نیمچە رووتی مەلەوانی تێدا دەکرد، رەنگە میزیشی تیادا بکردایە.

نەخێر، کێشە گەورەکە ئەوەیە کە ئەو حەوزە نەگریسە لەشی ژنانی لە ئامێز گرتووە.

ئەو ئامێزەی تۆ لە تاریکیدا بۆی دەمریت و تێر ناخۆی بە دوان و سیان و...تاد

ئای ئای ئای، لەو تاوانە کە بەرۆژی رووناک ئەنجام دراوە..

ئەو حەوزە دەستی بە شان و ملی ڕووتیاندا هێناوە. حەیف هەزار حەیف کە گولـلەی پێوە نەناوە!

لەوە دەچێت لەشی ژن دووبارە و دەبارە ئەو تەلیسمە بێت کە هەر جارە و پەردە لە سەر شتێک هەڵ دەداتەوە، جا خودایەک، کتێبێک، ئایینێک، پێڕەوێکی کولتوریی سوننەتیی یان ڕک و کینەی تەنیا پیاوێک بێت. ئەفسووس هەزار ئەفسووس کە نازانین ئەم چەند سانتیمەترە لە لەشی ڕووتی ژن بەڵای بە سەر کام پیاودا نەهێناوە.

بکەر بیری کردووەتەوە و خۆی لە بیری سزایەکی شیاودا ماندوو کردووە.

ناخۆشترین سزای مەرگی حەوزێک خنکاندنیەتی. ئاخر حەوزێکی ئاو هەر ئەوەیە کە بە قەدەر باوەشی خۆی ئاوی لە ئامێز گرتووە و بە لای چەپ و ڕاست و سەر و خوارەوەدا یاری پێ دەکات. ناکرێت ئەو حەوزە هەر قوفڵێکی ئاسایی لێ بدرێت یان بە پارچە قوماشێک داپۆشرێت، نەخێر.

باشترین سزا خنکاندنیەتی بە قەبارەی خۆی بە چیمەنتۆ. ئاخ لە مەرگی چاوەڕووانکراو و بە ئازاری تۆدا. 
نەکەی جارێکی دیکە لەشی ژنێک لە ئامێزی خۆت بگریت!

دەنگی حەوزەکەیە دەبییستم: چ سزایەکی گران دەبوو ئەگەر ئەو لەشانەیان لە ناو هەناومدا زیندەبەچاڵ بکردایە. سەنگبارانەکەی من درێژەی هەیە و درێژەی دەبێت!


10/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر