بەڕێز قەرەیلان بۆچی تکا دەکات؟

هاوژین زیبا

٢٠١٤ کاتێک داعش لە مەخمورەوە بەرەو ھەولێر چوو، پارتی داوای لە ھێزی جیھان کرد کە داعش راوەستێنن، ئاشکرابوو کە ھێزی پارتی نەیدەتوانی رووبەڕووی داعش ببێتەوە، پاشان داوای لە دەوڵەتی تورکیا کرد بەڵام تورکیاش ھاوکاری پارتی نەکرد. بینیمان پەکەکە نەیھێشت داعش بچێتە ناو ھەولێرەوە. لەدواییدا کاک مەسعود بارزانی چووە مەخموور و لەبەرچاوی کامێراکان سوپاسی پەکەکەی کرد ھەمان شت لە شەنگالیش دووبارە بووەوە. داعش لەبەرامبەر پەکەکە شکا و لە شەنگال چووە دەرەوە.
 
ئێستا پەکەکە کێیە؟

 

پەکەکە ئەو رێخستنەیە کە نزیکەی ٤٠ ساڵە لە بەرامبەر یەکێک لە گەورەترین ئەندامی ناتۆ، دەوڵەتی تورکیا شەڕ دەکات لەلایەکی کەشەوە لەگەڵ ھێزێکی وەکو ئێران لە شەڕدایە. ئێستا من بیردەکەمەوە ئایا پارتی دەتوانێت بەرامبەر بە تورکیا و ئێران شەڕ بکات؟ حزبێک نەتوانێت رووبەڕووی داعش ببێتەوە لە بەرامبەر ئەو دەوڵەتانەش ناتوانێت شەڕ بکات. مێژوو دەڵێت پەکەکە دەتوانێت، ئەوە دەکات. 

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەبەرچاوی کامێرا داوا لە پارتی دەکات و دەڵێت با کێشەکانمان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین، تکا دەکات شەڕ دروست نەبێت، ئایا پەکەکە بۆچی وا دەکات ئەو حزبەی  لە بەرامبەر ھێزی ئێران و تورکیا و داعش شەڕی کرد بۆچی تکا لە پارتی دەکات؟ ئایا ناتوانێت لەگەڵ پارتی شەڕ بکات؟ ئایا پارتی لە ئێران و تورکیا بەھێزترە؟ بەداخەوە نەخێر بەھێزتر نییە. پەکەکە وەک ئەوەی لە ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٦ دا روویدا دەتوانێت لە بەرامبەر پارتی شەڕ بکات بەڵام پەکەکە ئێستا نایەوێت شەڕ بکات دەیەوێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر ببێت بۆ ئەوەش تکا دەکات. پەکەکە شەڕی براکوژی ناکات نایەوێت بکەوێتە خوێنی برای خۆی بەڵام پارتی بە سیاسەتی خراپی خۆی و تورکیا رێگا بۆ شەڕی کورد و کورد خۆش دەکات.
 
پارتی بە ھاوکاری ھێزی تورکیا رێگا خۆشدەکات ئەو گەریلایەی ئێمەی لە داعش پاراست شەھید بێت بۆچی؟ دوێنێ سوپاسی دەکردن ئەمڕۆ دەڵێت ئێمە ئەوانمان ناوێت، دوێنێ خۆشحاڵ بوو کە گەریلا لەسەر ئەم خاکە گەل دەپارێزێت ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە رێگای گەریلا دەگرێت، دوێنێ دەیوت ئێمە کۆتاییمان بە شەڕی براکوژی ھێناوە ئەمڕۆش فڕۆکەی جەنگی تورکیا بە ئاگاداری ئەو خاکی ئێمە بۆردومان دەکات گەریلا شەھید دەکات، ئایا پارتی بۆچی وا دەکات؟ چی قازانجێک دەکات؟ زیانەکانی گەریلا بۆ خاک و خەڵکی ئێمە لە چیدایە؟ دەبێت پارتی دەست لەم سیاسەتەی خۆی ھەڵبگرێت. ئێمە دەزانین کە ئەگەر سبەی داعشێکیکە دروستبێتەوە جارێکیکە دۆست و ھاوکاری پارتی، ھێزی تورکیا نایەت بە ھانای پارتییەوە. ئەگەر کەسێک بە ھانای گەلی ئێمەوە بێت ئەوا منداڵی ئەم گەلە گەریلایە. ئەخلاقی ئێمە دەڵێت ئەو کەسەی بۆ بەرژەوەندی برای  خۆی دەکوژێت لە ئێمە نییە.


01/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر