ڕێنمایی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆڕۆنا

عمر عبدالقادر

ئەو پرسیارەی کە ڕۆژانە ڕوبەڕووی هاوڵاتی وحکومەت دەبێتەوە ئەوەیە کە تاکەی پێویستە ئێمە لە قۆناغی کەرەنتین وخۆپاراستن بین؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بە ڵێکدانەوەی زانستی و واقعیانەیە، ئەگەر ڕەشبینیش بێت.

 ئەگەر نمونەیەک وەربگرین، ئەڵمانیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە تا ئێستا زانستیانە وەنیمچە سەرکەوتوانە هەوڵەکانیان لە ڕووبەڕوو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا خستوەتەگەڕ، سەرەرای ژمارەی زۆری تووشبوان توانیویانە کە ڕێژەی قوربانیان لە ١،٩% ڕابگرن کە نزمترین ئاستی جیهانییە. 

پەیمانگای زانستی ڕۆبرت کۆخ ی ئەڵمانی کە ئەرکی سەرەکی ڕاوێژ وسەرپەرشتی هەوڵ وڕێنمایی وڕێپێشاندانی هەر یەک لە حکومەت و گەلی ئەڵمانیای گرتۆتە ئەستۆ. لە کۆنفرانسە ڕۆژانەکانی سەرۆکی ئینستتیوتی ڕۆبرت کۆخ (لۆپەر ڤیلەر) دەردەکەوێت کە دەبێت حکومەت و گەلی ئەڵمانیا هەنگاوەکانیان واقعی تر لێکبدەنەوە وخۆیان بە هیوا نەسەلمێندراوەکان نەبەستنەوە.

بە پێی بۆچونەکانی ڤیلەر، تا ئێستا هیچ چارەسەر یان روۆیایەکی کۆنکریتی نیە بۆ کات و چۆنیەتی زاڵبون بەسەر ئەم پەتایەدا. وە هەموو ئەو هیوایانەی کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەبوون کە ڕەنگە هاتنی وەرزی گەرما یان لە پڕ دۆزینەوەی چارەسەر لە ڕێگەی دەرمانە بەکارهێندراوەکان بۆ نەخۆشیە ڤایرۆسییەکانی تری وەکو ئەیدز و مەلاریا و…هتد بێ بنەمای زانستیین.

واقعی ترین کردار تا ئەو کاتەی چارەسەرێک دەدۆزرێتەوە وپاکسینیکی کاریگەر بەردەست دەبێت ئەوەیە کە لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵ کردنی شێوازی هەڵسوکەوتی ڕۆژانە ژمارەی توشبوانی ڕۆژانە بەسەر درێژترین ماوەدا دابەشبکرێت تا بگاتە ئاستێک کە کەمتربێت لە توانای نەخۆشخانەکان بۆ چارەسەری تووشبوان یان بگەیەنرێتە ئاستێک کە نزیک بێت لە ژمارەی چاکبووان. 

شکستی تاقیگەکان تا ئێستا لە دۆزینەوەی چارەسەر و ڤاکسین هۆکاری ئەم ڕەشبینییەن، لە مەودای دوورخایەنیشدا تەنها چارەسەری بینراو بریتیە لە کەمکردنەوەی ژمارەی توشبوون و بەرزکردنەوەی ئاستی چاکبوونەوەی سروشتی دانیشتوانی گۆی زەوی لەم ڤایرۆسە. بەوپێیە پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی خۆپاراستن و هەوڵدان ۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی چاکبووان باشترین ڕێکاری دروستە.

گومانی تێدا نیە کە پەتای کۆرۆنا بۆ چەندین مانگی داهاتوو کاریگەری سەرەکی دەبێت لە چۆنیەتی هەڵسوکەوت و مامەڵە کردنمان لە ژیانی ڕۆژانەمان. کۆرۆنا بۆچەند مانگی داهاتوو وە ڕەنگە بۆهەتا هەتا ئەندازیارێکی بە دەسەڵات دەبێت بۆ چۆنویەتی حوکم ڕانی و هەڵسوکەوتمان لە ژیانی ڕۆژانە و پڕۆسە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانمان.

بۆیە متمانەی نێوان حکومەت وهاوڵاتیان لەهەموو کات پێویستترە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەتای کۆرۆنا لەکوردستان، خۆ پاراستن وپابەندبوون بەڕێنماییەکان ئەرکی هاوبەشی حکومەت و هاوڵاتییانە بەتایبەتی کە دەبینین کە ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم لەئاستیستاندەردە جیهانیەکانە.   

بە دڵنیاییەوە ئەم قەیرانە تێپەڕ دەبێت، بەڵام گرنگە بەهەنگاوی زانستیانەی درووست وهاوکاری یەکتری هەوڵ بدەین کە بە کەمترین زیانی گیانی وماڵی تێپەڕێت.


08/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر