مانەوە لەیەک قۆناغ و داخران بەسەر خۆدا.. مۆدێلی کوردایەتی

ئاوات محەمەد

سەرەتا ئەمەوێت ئاماژە بە خاڵێک بدەم، بەخشینەوەی تۆمەت لای هەندێک راسیست بۆتە مۆدێل بۆ کوردبوون، لە کاتێکدا ئەمە خۆی کرۆکی ئەو نەخۆشیە کووشندەیەیە کە بەدرێژایی سەدەیەک بەدەستیەوە گیرۆدەین، ئەویش رزگار نەبوونە لەو مەنتاڵیەتەی هەستی مانەوەمان لەیەک دۆخدا هەیە ، یەک سەدەیە ئەم پێکهاتە نەتەوەییە نەیتوانیوە خۆی لە گوندەکەی یان خێڵەکەی رزگار بکات، کە دەکریت بە قۆناغی مانەوە لەناو سروودی ئەی رەقیبدا ناودێری بکەین، هەر لەبەر ئەمەیە بەناو توێژە سیاسیەکەمان تا ئێستا ناتوانێت لە قۆناغی رەقیب خۆی رزگار بکات، باشترە بڵیم هەمیشە مانەوەی خۆی گرێداوە بە خوودی رەقیبەوە، ئەو نەمێنێت ئەم سەریلێدەشێوێت و نازانێت چۆن لەگەڵ پێشهاتەکان بەرخوود بكات، تەنانەت ئەو کاتانەی رەقیب لاواز بووە یان دیار نەبووە، بەدوای رەقیبێکی تردا گەڕاوە تا بوونی خۆی پێببینێت، لێرەویە کە هەندێک چەمک هەیە نامۆ دەبێت بە فەرهەنگی بیرکردنەوەی ئەم جۆرە لە مۆدێلێ خێڵ، وەک چەمکی ئازادی، سەربەخۆیی، خۆدبەڕێوەبردن، بەشداری گشتی، کەهەموو ئەمانە دەمانبات بۆ چەمکێکی فراوانتر ئەویش چەمکی تاکگەراییە و لەوێوە هەنگاونان بۆ هاوڵاتی بوون، یان هامنشینی.

ئەم دۆخە بووەتە بەرهەمئێنەری کۆمەڵێک عەراب بە چەپ و راستدا تۆمەت دەبەخشنەووە، کە بچوکترین ئاگایی کۆمەڵایەتی یان سیاسی یان ئابووریان نییە، ئەمەش هۆکارێکی گرنگی ئەوانە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە لەو وتارەی کە هەموو ئەوەنەی دەرەوەی بیرکردنەوەی ئەوان بە خائین و لادەر هتد... بزانن، بەپێی چەمکە نوێیەکانی مۆدێرنەی سەرمایەداری بێت، کە ئەم جۆرە لە مۆدێلی خێل بە رەقیبی خۆی دەزانێت، ئابووری ترۆپکی بیرکردنەووەی بەرێوەبردنە، ئەمانیش زۆر بەوردی پەیڕەوی هەموو جومگەکانی دەکەن، تا ئەو شوێنەی دەگاتە بەرژەوەندی گشتی، لەوێدا هێزی خێڵ بە هەموو ئامراز و جبەخانەیانەوە دەخەنە گەر بۆ لێدان لەودەنگانەی دەڵیت فیرعەونەکان بە چ مافێک هەموو سامانی ئەم وڵاتە دەدزن بۆ خۆتان، لێرەوە ترس و تۆقاندن و تیرۆر و شێوازەکانی تری بەرەنگاربوونەوە دەخەنە گەر، بەتایبەتی ئەو لەشکرە لە راگەیاندن کە بووجەیەکی زەبەلاحی بۆ دابین کراوە، جگە لە لەشکرێکی تر لە نوسەری موچەخۆر کە کاریان ئەوەیە گەوجیەکانی سیاسیەکان رێک بکەنەوە، بەتایبەتی لەم ماوەدا کە هەموو شکستی دەسەڵاتی سیاسیان خستە ئەستۆی خەڵک، لەکاتێکدا 32 ساڵی حوکمرانیان ئەوەی سەلماند کە تەنها دەتوانن ئیدارەی خێڵەکەی خۆیان بدەن، بەکەڵکی حوکمرانی شارنشینی نایەن، گەوجترین بەهانەی هەندێک لەو جۆرە نوسەرانە لە پێناو نەتەوە ئەبێت بەرگەی برسێتی و نەبوونی بگرین، ئەمە دەچێتە ناو کام هاوکێسەی ئەم زەمەنەوە؟، لە کاتێکدا فەنتازیای ژیانی ئاغاکانی هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە، بە چ پێووەریک لەمافێکی سرووشتی خۆم دامدەبڕێنیت؟، چۆن من ئەرکم لەسەر بێت و مافم نەبێت، تکایە بەس ئەم هاوکێشەیەم بۆ شیبکەرەوە، کە من دڵنیام ئەم جۆرە لە نووسەر ئاغاکەی دوو مانگ پارەی نەداتێ، دەچێت بۆ لای ئاغایەکی تر.

کێشەی ئێمە ئێستا کێشەیەکی کۆگەلی نییە، هێندەی کێشەیەکی تاگەریانە و مافە، پەیوەستە بەو سیستمە ئیدارییەوە کە دەتوانێت بەشێوەیەکی رێکخراو ژیانی من نەخاتە مەترسیەوە لە پێناو خۆشگووزەرانی خۆی، دڵنیام لەسەر ئەم گۆی زەویە شتێک نییە ناوی دادپەروەری بێت، ئەگەر هەشبێت بە شێوەیەکی رێژەیی هەیە، بەپێچەوانەشەوە لە هێچ شوێنێک شتێك نییە بە ناوی ستەمی رەها، بەڵکو ستەم و چەوسانەوەش بەشێوەی رێژەیی بوونی هەیە، کاتێک حوکمڕانیەکی خراپت هەیە، کاردانەوەکان بەدڵی حوکمڕان نابێت، ئەوەی لەم پارچە زەویەی ناوی نیشتمانە لەماوەی ئەم 32 ساڵەدا رووی دا جگە لەشکست و نەزانینی ئیدارەدان، ناتوانین ناوی هیچی تری لێنێین، دوا شت کەدەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە دەکرێت بەخۆتاندا بچنەوە تا ئەوەی ماوە لەدەست نەچێت، راستە هیچ شتێک ئەستەم نییە، بەڵام ئەو هەستەم هەیە ئەم خاڵە بۆ ئێوە زۆر ئەستەم بێت، چونکە هەست دەکەن کەرامەتی خێڵەکیتان دەڕووشێت.


05/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر