یەكێك لە بنەماكانی سیستمی دیموكراسی هەڵبژاردنە، لەو ڕێگایەوە دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات ئەنجام دەدرێت، بەنیسبەت ئێمە دیموكراسیەتو هەڵبژاردن تاكە ڕێگەی خەبات نییەو وەكو فیكری چەپیش تێبینیو سەرنجی جدییمان هەیە لە بەرجەستەبوونی دیموكراسی لەسایەی رژێمی سەرمایەداریدا، لەگەڵ ئەوەشدا لەم قۆناغە هەڵبژاردن بەڕێگەیەك (تاكە رێگە نا) دەزانین بۆ نوێنەرایەتیو كارو تێكۆشان، بەڵام لە دۆخی ئێستاو رابردوودا دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان تاكە هەڵبژاردنێك نەبووە لەكاتی خۆیدا ئەنجامی بدەن، ئەمەش باوەڕنەبوونیان بەدیموكراسیەتو پەرلەمان وەك دامەزراوەیەكی شەرعی دەسەلمێنێ، ئەوەتا بەبێ هیچ هۆكارێكو بە پاساوی نادروستو پابەندنەبوونیان بە وادەی هەڵبژاردن، سێ حیزبی سیاسی دەسەڵاتدار (پارتی، یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان) رێككەوتوون لەڕێگای فراكسیونەكانیانەوە تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك دوابخەن، لەكاتێكدا بەپێی یاسا دەبێ هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن ئەنجامبدرێتو دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو چوار ساڵە كە بەپێی یاسا دیاریكراوە دەنگیان بەو پەرلەمانتارانە داوە كە ئێستا نوێنەرایەتییان دەكەن.
ئەو هەنگاوە نادیموكراسیو نایاسییەو پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە كە لە هیچ بەندو ماددەو بڕگەیەكیدا مافی نەداوەتە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، ئەركەو پێویستە لەسەر حیزبو لایەنە سیاسییەكانو پەرلەمانتارە بەهەڵوێستەكانو ئەوانەی ڕای سەربەخۆی خۆیان هەیە هەڵویست وەرگرن دەنگ بەو پرۆژە یاساییە نەدەن، هەروەها بانگەواز ئاڕاستەی خەڵكی كوردستانو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیو چالاكوانانی بواری سیاسی دەكەم دژی ئەو هەنگاوە بوەستن، بوەستین، چونكە خەڵكی كوردستان ئەم نوێنەرانەیان بۆ چوار ساڵ هەڵبژاردوەو لەكاتێكدا لەهیچ سیستەمێكی دیموكراسیو نیمچە دیموكراسیشدا نەبووە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوەو هەڵبژاردن بەوشێوەیە دوابخات، جێی ئاماژەپێكردنە بەشێك لە لایەنە كوردستانییەكان وتەو لێدوانو بەیاننامەكانیان لەبیرچوەتەوە كە چۆن رایاندەگەیاند: چیدی ڕێكناكەون لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێمو پەرلەمان، چونكە زیانی گەورەیان بەركەوتووە بەتایبەتی كاتێك یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە 30/6/2013 لە خولی سێیەمی پەرلەمان بەپێی یاسای ژمارە 19ی یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی درێژكردەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ، بووە هۆی دابەزینی دەنگەكانیانو زیادبوونی دەنگو كورسی مونافسەكانیان (بزوتنەوەی گۆڕان)، هەروەها كاتێك بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژاردنی 2013 بەشداریانكرد لەكابینەی حكۆمەتی هەرێم بەبێ بەشداری یەكێتی دەنگو كورسییەكانیان بە نیوە دابەزی، لێرەدا تۆ بڵێی ئەم دوو لایەنە پەندیان لەو وانەیە وەرنەگرتبێ كە دیسان كەوتوونەتە هەڵەیەكی گەورەو بەشدارنو كار دەكەن بەپێچەوانەی هیچ دەقێكی یاساییو خودی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان درێژبكەنەوە بێ ئەوەی بیربكەنەوە كە بەم هەنگاوە هەموو دامەزراوەكانی حوكمڕانی دەخاتە ژێر پرسیارەوە!