پێنج سەرنج لەبارەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)

‎١-ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی پێشێلکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و بیرو ڕا و ‎لێدوانەکانی کۆنسوڵگەری ئەمەریکا کاردانەوەی جیا جیای دروست کرد، بەداخەوە وەک زۆرینەجارەکان لەبری گفتووگۆی هێمنانە، دیسانەوە ئەم بابەتە خرایە نێو عەقڵیەت و چوارچێوەی بژی و بڕۆخێ.

‎٢. گومانی تێدا نییە، دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرفراوان مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان پێشێل دەکات و ئەمە بابەتێکی نوێ نییە، ئێمە لەسەردەمێک نین ئەو هەموو زیندانیکردنی چالاکوانان و هێرش بۆ ڕۆژنامەنووسان و توندوتیژ بۆ سەر خەڵکی خۆپیشاندەر بشاردرێتەوە.

‎وڵاتانی دونیا و ڕێکخراوەکان تەنها گوێ لە چیرۆکی درۆیانە ئازادی و دیموکراسی دەسەڵاتداران ناگرن، بەڵکو خۆیان دەگەڕێن، ڕاستییەکان دەدۆزنەوە.

‎٣- قەوارەی هەرێمی کوردستان وێڕای خەبات و قوربانی گەورەو گرانی گەلەکەمان و نرخاندنی ئەو خەباتە، بەڵام دواجار بەبڕیارێکی نێو دەوڵەتیی و لەپاش کۆڕەو و بەدیاریکراوی بەبڕیاری٦٨٨ ئەنجومەنی ئاسایش و لەپێناو پاراستنی گەلی کوردستان لە جنێۆسایدکردنەوەی لەلا یەن ڕژێمی بەعسی فاشی ئەم قەوارەیە دروست بوو، ئەم ڕەوشە پڕ لە خەوشەی ماف و ئازادییەكان مەترسی گەورەیە بۆ سەر قەوارەکەمان و دەبێ بەجدی وەریبگرین، نەک بکەوینە کاردانەوەی ناعەقڵانی.

‎٤. باشترین بژاردە بەرفراوانکردنی مەودای ئازادی بیروڕاو ڕۆژنامەگەریی و جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری ساڵی ٢٠٠٧و پاراستنی مافەکانی مرۆڤە، ئازادکردنی دەستبەجێ چالاکوانانی بادینانە، بەپێچەوانە سومعەی هەرێم ئەوەندەی تر لەکەدار دەبێت، مەترسییەکان گەورەتر دەبن.

‎٥. بەڵێ ڕاستە ئەمەریکا وڵاتێکی سەرمایەدارییە و پێش هەر شتێک قازانج و بەرژەوەندیی کۆمپانییەکانی لا مەبەستە، لەپێناو ئەو ئامانجانە دەست بۆ زۆر ئامرازی ناڕەوا دەبات، بەڵام لەوە ڕاستتر ئەوەیە حکومەتی ئێمە دەبێ ماف و ئازادییەکان و فەراهەم کردنی بکاتە دۆزێکی کۆنکریتی، نەوەک لەپێناو ڕازیکردنی ئەمەریکا و وڵاتان پەراوێزێک لەئازادی ببەخشێ.


26/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر