هەڵوێست لەبارەی هەڵبژاردان و بەشداری لایەنەکان

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)

لە كۆتایی ھەشتاكانەوە  لە سەرانسەری جیھاندا شوڕشی چەكداری و گرتنی دەسەڵات بەزەبری چەک و  كودەتای سەربازی بەجۆرێک لە جۆرەکان کاڵ بۆتەوە، خۆ ئەگەر  لە وەڵاتێكیش زەمینە لەبار بووبێت بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و گەیشتن بەحوكم بەپاڵپشتی ھێزو كودەتا ئەوا ناپەسەندە و قبوڵكراو نەبووە.

 سەردەم سەردەمی خەباتە بۆ دیموكراتیەت و مافی مرۆڤ و دادپەروەری كۆمەڵایەتی،  واتە لە دوونیای ئەمڕۆدا ھەڵبژاردن وەك پێوەریكی گرنگی دیموكراسی ئەژماردەكرێت ئەگەرچی جەوھەری دیموكراسیەت زۆر لەھەڵبژاردن گەورەترە، ھەڵبژاردنیش تەنھا میكانیزمێكی ناو پرۆسەیەكی گەورەیە بەناوی (دیموكراسی) .

ھەڵبژاردن لەھەرێمی كوردستان/

لەدوای ڕاپەڕینی گەلەكەمان و دواتریش كۆڕەوە ملیونییەكەی خەڵكی كوردستان وپاشانیش گەڕانەوەی ئاوارەكان و بریاری ٦٨٨ نەتەوە یەكگرتووەكان ، لەئاکامدا ڕژێمی بەعس لە ١٩٩١/١٠/٢٣ سەرجەم دام و دەزگاكانی لەھەرێم كشاندەوە ،بەمەش بۆشایی ئیداری دروستكرد ، ئەم كشانەوەیە یارمەتیدەر بوو بۆ بیركردنەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ، بۆ ئەم مەبەستەش بەرەی كوردستانی ئامادەكاری بۆ ھەڵبژاردن كرد.

 لە ڕۆژی١٩٩٢/٥/١٩ یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، ساختەكارییەكی لە ڕادەبەدەر لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتێمانی كوردستانەوە كرا ، بروسكەكانی بەرپرسە باڵاكانی ھەردوو لایەن و سەرجەم حیزبەكانی بەشداربووی ھەڵبژاردن باشترین بەڵگەن بۆ ئەو ساختەكارییانە،دەتوانین بڵێین بە تەزویرکردنی دەنگ لەیەکەم هەڵبژاردندا بۆهەتایە پرۆسەی هەڵبژاردنیان ناشیرین و بێ نرخ کرد کە تا ئێستاش ئەو کەلتوورە قێزەوەنە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و غەیرە پەرلەمان بەردەوامە.

دوای چەندین كۆبونەوەو دیداری لایەنەكانی بەرەی كوردستانی بەتێكڕا ناشەرعییەتی ئەو ھەڵبژاردنەیان سەلمان ، بەڵام بۆ ئەوەی ڕای گشتی دەولی ھەڵوێستی نەگەتیفانە وەرنەگرن، بریار درا ئەنجامەكەی قبوڵبكرێ و دوای شەش مانگ ھەڵبژاردن بكرێتەوە.

پارتی و یەكێتی لە سەر چەندین خاڵ ڕێككەوتن بۆ دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە نێوخۆیاندا بەپەنجا بە پەنجا ،بەمەش ھەموو پلەو پۆستەکانیان لەسەرەوە بۆ خۆارەوە دابەشكردن کە ئەو نموونەیە لە جیھاندا وێنەی نەبوە . ئەو دابەشکردنە نادرووست و نادیموکراسیە ململانێیەکی مەترسیداری درووست کرد و ئاکامیش  شەڕێكی ناوخۆیی وێرانکەری بەرپاکرد کە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام بوو ،ئەو شەڕە  زیانێكی گەورەی لە ناو بانكی ئەزموونەكەو گەلەكەمان گەیاند.

ئەو ڕابووردوە تاڵەو ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا، [یەك ھەڵبژاردنیش نەبووە لەكاتی خۆیدا ئەنجام درابێ]، دەیسەلمێنێ كە ئەم لایەنانەی دەسەڵات{یەکێتی و پارتی} بڕوایان بە ھەڵبژاردن و دیموكراسیەت و دەستادەستكردنی دەسەڵات نییە و نەبووەو هەرگیزیش بڕوایان پێی نابێت.  لێرەدا  پرسیارێك دێتە پێش کە دەڵێت، لەكاتێكدا جەماوەر ئامادە نییە بەشداری ھەڵبژاردنەكان بكات و دەنگ بەم لایەنە  سیاسیانە بدات ، لەكاتێكدا دەسەڵاتداران پابەند نابن بە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن گەر لەبەرژەوەندیان نەبێت،ساختەكاریی و پارە و ھەموو جومگەكانی حوكم بەكار دێنن تا ئاکامەکانی هەڵبژاردن بەقازانجی خۆیان بێت، لە دۆخێکی وەهادا درووستە ودەكرێ حیزب و لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات بەشداری ھەڵبژاردنەكان بكەن؟

گەر حیزبی شیوعی كوردستان بكەمە نمونە ،دەبینین لەڕابردوودا بەشداری لە  ھەڵبژاردنی سەندیكاكان بەهەموو جۆرەکانیەوە ، یەكێتی جوتیاران  ، ئەنجومەنی پارێزگاكان و  پەرلەمان کردوە، کە وەك شێوازێكی تێكۆشان تەماشای کردوە،  بەڵام گەر ئەم شێوە خەباتە لەسیاقی خۆی دەرچوو وە شێوێنرا ،دەكرێ حیزبی شیوعی بەشداری لە ھەڵبژاردنەكان نەكات؟

لە كاتێكدا حیزبێكی وەكو حیزبی شیوعی كوردستان خاوەنی بەرنامەیەكی دیموكاتیانەیە بۆ وەرچەرخان و گۆڕانكاری، بەمەبەستی گەیشتن بە كۆمەڵگایەكی مەدەنی كە زامنی تەواوی مافەكانی مرۆڤ بكات، لە كاتێكدا ئەم حیزبە لە ژیانی ناوخۆیی خۆیدا دیموكراتیانە مامەڵە دەكات و  ھەر لە دەستە حزبیەكانی خوارەوە تاسەرەوە ھەڵبژاردنی تێدا دەكرێت، دەكرێ لە بەر ڕۆشنایی ئەم بنەمایانە بەشداری لە ھەڵبژاردنەكان نەكات؟

حیزبی شیوعی كوردستان جەماوەر بەپشت و پەنای خۆی دەزانێ و تێكۆشانی ئەو حیزبە لە جەماوەرەوە سەرچاوە دەگرێ لەپێناو جەماوەریشدا خەبات دەکات، بۆیە دەبێ كادرو ئەندامەكانی ھەردەم لەناو جەماوەردا بن، گوێ شلبكەن بۆ كێشەو گرفتەكانیان و پشتگیریان بكەن وداكۆكی  لەمافەكانیان بکەن  و پێشڕەوایەتییان بكەن.

كادرو ئەندامانی حیزب ، لەھەر شووێنێك جەماوەر ھەبێ پێویستە بوونیان ھەبێ، لە: كارگەكان، قوتابخانەكان ، نەخۆشخانە و فەرمانگەو شووێنەكانی تری كاركردنیان ، خەباتیان بەو ئاراستەیە بێت  تا دەسەڵات ملكەچ بكەن داخوازی و پێویستییەكانییان بۆ دابین بكەن.
یەكێك لە دەرگاكانی پەیوەندی حیزبەكان بە جەماوەروە بوونی نوێنەرە لە پەرلەمان ، ئەنجومەنی پارێزگاكان ، سەندیكاکانی  كرێكاری ، جوتیاران ، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و سەندیكای ڕۆژنامەنووسان ، پێویستە ئەم نوێنەرانە بەردەوام لە سەنگەری داكۆكیكردن بن لە چین و توێژەكان و لەپێشیانەوە كرێكاران و زەحمەتكێشان، پرۆژەیان بۆ ئامادەبكات ، لە ڕاگەیاندنەكان گرنگیان پێبدەن  وردەكاری پرۆژەکانیان سەبارەت بە چین و تۆێژەكان بخاتە ڕوو، ھەتا گەر بچوكترین پلەی لە دەزگاكانی حكومەت هەبێت ، پێویستە خۆشەویستی دەورو بەری بێت و داكۆكیان لێبكات و نەبێتە زوڕنا ژەنی دەسەڵاتداران.

لە كۆتاییدا دەمەوێ بڵێم ، لە كاتێكدا گفتوگۆو لە سەر ھەڵبژاردن دەكرێ و واقعی ھەرێم بەشێوەیەكە دوو حیزبی دەسەڵات ساختەكاری دەكەن و ماڵی گشتی بەكار دێنن و بڕوایان بە دەستاو دەستكردنی دەسەڵات نییە، لە بەرانبەریشدا ژمارەیەک لایەنی  سیاسی لەپەیرەو پرۆگرامیاندا بڕوایان بەدیموكراسیەت و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ھەیە  ، ئایا لە دۆخیكی واد  ڕەوایەتی بەشداربوونی پێدەدات ؟ ئەمە پرسیارێكەو واپێویست دەكات ڕای گشتی و كادرو ئەندامانی حیزبەكان وەڵام بدەنەوە،  نەك بەتەنھا لوتكە و   سەركردایەتی حیزبەكان لەبری ئەوان بریار بدەن، پێویستەو گرنگیشە ئێمە بۆ پرسی چارەنووساز  بگەڕێینەوە بۆ ڕای گشتی.

01/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر