نەوت وەك فاكتەرێكی بونیادی بۆ دەستێوەردان و یەكلاكردنەوەی ململانێكان

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)
نەوت سامانێكی سروشتی پڕ بایەخ و ستراتیجییە، داڕشتنی سیاسەتی نەوت لەلایەن ئەو وڵاتانەی كەبەرھەمھێنەری نەوتن گرنگی خۆی ھەیە، كاتێك كە باس لەجەنگە جیھانییەكان دەكرێت بابەتی نەوتیش لەگەڵیدا دێتەكایەوە، هەروەها كێشەی نەتەوایەتی و نیشتیمانی بەشێكی زۆری وڵاتان، پەیوەستن بەپرسی نەوتەوە،  زۆر جارلەبری خێرو خۆشی دەبێتە مایەی  ئاشوب و ئاژاوە و سەرچاوەی بەڵاو نەگبەتی بۆ ئەو دەوڵەتانە بەگشتی و گەلەكانیشیان بەتایبەتی .

گەر بە نمونە عێراق وەربگرین دەبینین بەشێكە لەو وڵاتانەی كە نەوت ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی بۆ مەیسر نەكردوون و ھەرگیز سوودیان لەنەوتەكەی نەبینیوە، دەوڵەتە زلھێزەكان و كۆمپانیەكانیان ھەمیشە بەشێك بوون لەو كودەتا خوێناویە سەربازیانەی لەو وڵاتە ڕوویان داوە، ڕوونترین نمونە كودەتای ڕەشی ھەشتی شوباتی ١٩٦٣ بوو كە ئەمریكاو بریتانیا ڕۆڵی كاریگەریان ھەبوو تێدا، ھەر پەیوەست بەم باسەوە بەپێویستم زانی لە سەر كەسایەتییەك بدوێم كە شایەتحاڵی ڕووداوەكان بووە ئەویش حەردان (تكریتی)یە.

حەردان كەسایەتییەكی سەربازی و سیاسی بوو لە عێراق ، لە نێوان شوبات و ١٧ ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣ دا فەرماندەی ھێزە ئاسمانییەكان بوو، دواتر جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگری و ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی شوڕش بوو لە تەمووزی ١٩٦٨  وە تا بوونی بەجێگری سەرۆككۆمارلەساڵی ١٩٧٠، بەڵام بەفشاری سەدام ھەموو پلەكانیان لێوەرگرتەوە، پاشان كرا بە باڵیۆزی عێراق لە ئیسپانیا ، ئەو بریارەكەی جێبەجێ نەكردو نەگەڕایەوە عێراق، چونكە دەیزانی ئەمە پلانی سەدامە بۆ لەناو بردنی، بۆیە چووە كوێت و لەوێ نیشتەجێ بوو، ئەوەبوو لە ٣٠ ی ئازاری ساڵی ١٩٧١ بەفەرمانی سەدام لەكوێت تیرۆر كرا.

حەردان لە یاداشتەكانیدا كە لە ساڵی ١٩٧١ بڵاوی كردوەتەوە، كە ھەر ئەوكتێبەش بووە ھۆكاری دەرمانخواردنی ھاوسەرەكەی و دواتریش تیرۆركردنی خۆی، بەوردی باسی كاریگەری وڵاتە زلھێزەكان دەكات بەتایبەتی ئەمریكاو بەریتانیا لە پرسی نەوت و ئەو كودەتایانەی لەعێراقدا ڕووییانداوە، لە بەشێك لە یاداشتەكانیدا دەڵێ: من و ئەحمەد حەسەن بەكر پەیوەندییەكی ھاوڕێتی و دۆستایەتی قووڵمان ھەبوو، چەند جارێك ھەستی خۆمم دەربارەی خراپی بارودۆخی عێراق وئەوەی لەپشتی پەردەوە دەگوزرێ بۆ ڕوونكردەوە، ئەویش لەوەڵامدا بەپێكەنینەوە ووتی: پشتی پەردە چ عەیبەیەكی ھەیە ئەوە نییە تۆی كردە وەزیرو منیشی گەیاندە سەرۆكایەتی، بێ دەنگبە با بە كپوكوڕی وەك خۆی بمێنێتەوە، ئەو لێرەدا مەبەستی لە ھاوكاری ئەمریكاو بەریتانیا بوو لە گۆڕانكارییەكان ، لەڕێگای كودەتا سەربازییەكانەوە لەگەیاندنیان بەدەسەڵات.

چۆن و بۆچی عبدولڕەحمان عارف یان دوور خستەوە؟

لە سەردەمی حوكمڕانی عبدوڵڕەحمان لە چاو عبدولسلامی برای، ھێمنی باڵی بەسەر عێراقدا كێشا بوو، كوشتن و تیرۆر تاڕادەیەك كۆتایی پێ ھاتبوو، جۆریك لە ئازادییەكان بەرقەرار بوو، فشار لەسەر حیزبەكان کەمبوو، هاتووچۆو و  گفتوگۆ لەنێوان بزوتنەوەی كوردو حكومەتی ناوەند هەبوو، شەڕی ھەردوو لا نەمابوو، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەبوو بۆچی كودەتای ١٧-٣٠ تەمووز ڕووی دا.

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا (حردان تكریتی) بە ئاشكرا پەردە لەسەر ھۆكاری ئەنجامدانی كۆدەتاكە لادەدات و دەڵێ: پێش كۆدەتاكە بە دوومانگ عبدولڕەحمان عارف لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ھەمواری ڕێككەوتنە نەوتییەكان دەكات لەبەرژەوەندی كۆمپانیای (أیرب)ی فەرەنسی.

 ھەر لەو كاتەدا ئەحمەد حەسەن بەكر (ئەبو ھیثم )پەیوەندی پێوەكردم و یەكترمان بینی، ئەو وتی: ئەوەی ڕاگەینراوە ھەنگاوێكی خراپەو جێی ناڕەزایەتی ئەمریكاو بەریتانییەكانە و كاریگەری خراپی دەبێت لە سەر پەیوەندییەكانی عێراق و ئەو دوو دەوڵەتە، لەلایەكی ترەوە پێویستە ئەو ھەلە بقۆزینەوەو ھەوڵبدەین گۆڕانكاری دروست بكەین، بۆیە پەیوەندیمان كرد بە سەدام حسێنەوە كە ئەو كاتە لە لوبنان بوو، بۆئەوەی لەگەڵ سەفارەتی ئەمریكا گفتوگۆبكات بەمەبەستی ھاوكاریكردنمان،  ھەروەھا لەگەل میشێل عەفلەق بۆ ھەمان مەبەست.

لەدوای كەمتر لەھەفتەیەك سەدام وەڵامی داینەوە كە ھەردوو دەوڵەت ئەمریكاو بەریتانیا ھاوكاریمان دەكەن بەڵام بە دوو مەرج:-

١.پەیماننامەیەكی نووسراو لە نێوانماندا مۆر بكەین و  بەپێی بەرنامەیەكی ھاوبەش دووای گۆڕانكاری و ئەنجامدانی كۆدەتا كار بكەین .
٢.پشت بەھێزەكانی ناوخۆ ببەستن.

بۆ ئەوەی بیسەلمێنین وەك حیزبی بەعس كە خاوەنی جەماوەرێكی بەھێزین،  بریارماندا خۆپیشاندانێكی جەماوەری دژی عبدولرەحمان عارف ئەنجام بدەین ، لەو خۆپیشاندانەدا شیوعییەكان و چەند كەسایەتی ئاینی بەشداربوون، ئێمە (ئەبو ھیثم، حردان)چەند ھاوڕێیەكی تری بەعسی لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندەرانەوە بووین.

دوای ئەو چالاكییە جەماوەرییە سەفارەتی ئەمریكا لە لوبنان ئاگەداریانكردین كە ئامادەی ھاوكاری تەواون، هاوکات داوایان کرد پاش سەكەوتنی كودەتاكە پێویستە نەرمی بنوێنن لەبەرانبەر كۆمپانیاكانی نەوتی ئەمریكا، ئەمجارەیش مەرجەكانمان قبوڵكرد.

دوای سێ ڕۆژ جارێكی تر سەفارەتی ئەمریكا ئاگاداری كردین كە لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانەكانی گاردی كۆماری  تەنسیق و ھاوكاری بكەن ( عبدولڕەزاق نایف) ، بە پێی ئەو پلانەی بۆتان دیاری دەكات کاربکەن، بۆیە شەوی ١٧ ی تەمووز دوای جەولەیەك گەڕان بە سەیارەكەی عبدولڕەزاق،  لەسەر ھەمووشتێك ڕێككەوتین.

حردان لە یاداشتەكانی دا لە شوێنێکی تردا دەڵێ : نامەوێ لەسەر وردەكاری چونیەتی كۆدەتاكە بدوێم ،بەڵام ئەوەی جێی خۆشحاڵی ئێمە بوو، ئەوەندە بەئاسانی و بەپەلە جێبەجێكرا لەدەرەوەی بیركردنەوەی ئێمەدا نەبوو ،بەتایبەتی دوای ئەوەی لایەنگرانی عبدولڕەزاق سێ فیشەكیان لە دەرەوەی ژوورەكەی  تەقاند، ئەوەبوو سەرلەبەیانی ١٧ ی تەمووز عبدلڕەزاق ھەردوو دەستی بەرزكردەوە خۆی دابەدەستەوە.

ئەی كۆدەتاكەی دژ بە  عەبدولڕەزاق چۆن بوو؟ 

سەرنج بدەن نەوت و ڕۆڵی ئەمریكاو بریتانیا چ كاریگەری ھەبووە لە سەر ھێنانە سەرحوكمی عبدولڕەزاق و پاشان  دەرپەڕاندنی لە ماوەی ١٣ ڕۆژدا.

حردان دەڵێ: دوای كۆدەتاكە بەشەش ڕۆژ، سەفارەتی بریتانی بەشێوەیەكی نھێنی پەیوەندی پێوەكردین سەبارەت بەو سیاسەتەی كەعبدولڕەزاق وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاندبوو. لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا (عبدلڕەزاق دەخوازێت حكومەتەكەی سیاسەتێكی سەربەخۆیانە لەبواری پرسی نەوتدا پەیرەو بكات و پێداچوونەوە بەسەرجەم ڕێككەوتنەكاندا بكات کە لەنێوان عێراق و كۆمپانیا نەوتییەكاندا كراون).

ئەو لێدوانەی عبدولڕەحمان  بەس بوو بۆ ئەوەی سەفارەتی بریتانیا گڵوبی سەوز ھەڵبكات بۆگۆڕانكاری و لادانی عەبولڕەزاق نايف و دۆستەكانی، ئەوەبوو  ڕێككەوتن لەگەڵ بەعس بۆ بەڕێوەبردنی عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان کە بریتیی بوون لە كۆمپانیاکانیان، بەوشێوەیە لە ٣٠ ی تەمووزدا بەسەرۆكایەتی ئەحمەد حەسەن بەكر كودەتایان ئەنجامدا ،لە ئاکامدا ئەو جەماعەتەیان لەسەركار لابردو دەریانپەڕاندن.

دوای سەركەوتنی كۆدەتاكەی ٣٠ ی تەمووز بەسەركردایەتی بەكر (ئەبوھیثم) ئەمجارەیان بەپلانی كۆمپانیای نەوتی عێراق - بەریتانی ، سەرجەم ڕێككەوتنەكانیان لەگەل (كۆمپانیای أيرب)ی فەرەنسی ھەڵوەشاندەوە، تەنھا ڕێككەوتنیكی سنورداری كاتی عبدالسلام عارف دەربارەی گەڕان ( تنقیب)بەدوای نەوت لە سامرایان ھێڵایەوە ، حردان دەڵێ پاساومان بۆ  ڕەتكردنەوەی ئەو ڕێككەوتنانە ئەوەبوو كە لەكاتی خۆیدا ڕێككەوتنێكی زاڵمانە بووە بۆیە پێداچوونەوە دەكەین بە ھەموویاندا، ھەروەھا حەردان دەڵێت، ڕێككەوتنێكی ترمان ڕەتكردەوە لەگەل فرەنسییەكان ،دەربارەی كڕینی فرۆكە كەپێشتر لەكاتی عبدولڕەحمان واژوومانكردبوو ، پاساومان بۆ ئەوڕەتكردنەوەیەش ئەوەبوو كەعێراق ژمارەیەكی زۆری فرۆكەی ھەیەو پێویستیان پێ نییە.

لە كۆتاییدا حردان دەڵێ: شایانی باسە دامەزراندنی سەعدون حەمادی بە وەزیری نەوتی عێراق لە دوای كودەتاكە، لەسەر پێشنیارو پێداگرتنی سەفارەتی بریتانیا بوو لەعێراق، سەعدون حەمادی پێشتر ئەندازیار بوو لە كۆمپانیای نەوتی عێراق، سەیر ئەوەیە ئەوکەسە بەعسی نەبوو، شایانی ئاماژەیە لەودەمەدا سەعدون بوو بە بەھێزترین وەزیر و بڕیارەكانی لەلایەن ھەمووانەوە جێبەجێ دەكرا، چونكە ئەوان دەستنیشانیان كردبوو، واتە سەفارەتی بەریتانیا. 

بەڵێ ئەوەی باسمانكرد كاریگەری نەوت بوو لەسەر ئەو گوڕانكاری و كۆدەتایانەی كەلە عێراقدا ڕوویان داوە بەپشتگیری وڵاتە بەھێزەكان ،ئەم نمونانە باشترین شایەتحاڵن لە ناو جەرگەی ڕووداوەكاندا ،کە حردان تکریتی لە كتێبەكەیدا یاداشتی کردوون.

لەمیانی ئەمسەرگوزەشتەی کەسێک کە ڕۆڵی گرنگی و ئاگاداری وردەکاری ئەو ئاڵوگۆڕانە بووە، دەردەکەوێت کە زلهێزەکان لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیاندا هەرگیز سڵ لە هاوکاری هێزە ناسیۆنالیست و سەرکووتکەرەکاندا ناکەنەوە بۆ ئەنجامدانی کودەتا، بەتایبەت لە وڵاتانی خاوەن نەوت. 

لەو ڕوانگەشەوە  دەتوانین بڵێین نەوتی کوردستانیش لەژێر دەسەڵاتی کورددا نییە هێندەی لەژێر دەسەڵاتی تورکیاو کۆمپانیا نەوتەکانی وڵاتە زلهێزەکاندایە ،ئەگەرچی ئەمانەش لەم قۆناغەدا دەسەڵاتی دووحیزبەکەیان ڕاگرتووە، بەڵام گەر چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەم پرسە نەكرێت و لەدەستی ئەم كۆمپانیانە دەرنەھێنرێن سیاسەتێكی سەربەخۆیانە پەیرەو نەكەن ئەوا لە ئەنجامدا سەری خۆیشیان دەخوات و بارودۆخی گەلەکەشمان ڕوو لە نادیار دەکات.

19/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر