ئیسلامیەکان قەت گەورە نابن

عەزیز رەئوف

لە کوردستان ئیسلامیەکان زۆر جار هەڵوێستی سیاسیان نواندوە و شایەنی دەسخۆشی و ستایش بووە، بەڵام لەسەر هەندێ ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی ئەم هێزانە ناتوانن گەورە بن و زۆر جار ڕوخساری خۆیان دەردەخەن. ئەوەی تورک بە کورد و بە موسوڵمانانی دەکا هەرگیز هیچ وڵاتێکی ڕۆژئاوا نەیکردووە.

 

ئەوەندەی ئاردۆگان ئاگری بەسەر موسوڵماناندا باراندووە و مزگەوتی ڕوخاندووە و قورعانی سوتاندووە، نیو ئەوەندە ولاتانی ڕۆژئاوا نەک ئەوەیان نەکرد بەڵکو وڵاتێکی وەک فەرەنسا پشتیوانی دۆزی کوردەکان بووە هەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە تا دەسەڵاتی خۆجێیی لە ڕۆژئاڤا.

 

هەڵوێستی چەند پارلەمانتارێکی یەكگرتوو و گۆڕان و کۆمەڵ لەسەر ئەم دۆزە نەک هەر مۆفەق نەبوو، بەڵکو بۆ دواجار بەناچاری هەڵوێستی هێمن هەورامی و سەرۆکایەتی پارلەمانە کارتۆنیەکەی ئێستا بۆ زۆرێک لە خەڵک لە هەڵوێستی ئیسلامیەکان باشتر و مۆفەقتر بوو.

 

ڕۆژێک نەمانبینی ئەم خوشک و برایانە سەردانێکی سەفارەتی تورکیا بکەن بۆ ڕوخانی ئەم هەموو مزگەوتە لە کۆبانی و عەفرین و کوردستانی باکور.

 

 

ماوەیەک پێش ئێستا لەسەر هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر دەسەڵاتی خۆجێی دهۆک نوسیم " ئافەرین بۆ یەکگرتوو" بەڵام ئێستا بەناچاری دەڵێم: بەڕاستی ئیسلامیەکان قەت گەورە نابن.


28/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر