عێراق و پرۆكسیەكان و كورد

ئاسۆ عەبدولەتیف

• دەنگە سەربەخۆكان كەوتنە ژێر پێی ورچە گەورەكان و بە دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان وەك ئەگەرێك یانی كەوتنی ئۆپۆزسیۆنە كاتیەكەی عێراق و هاتنەوەی هەژموونی حەشدو وەلائیی بۆ گۆڕەپانی سیاسی و بێدەنگ بوونی درۆن و موشەكەكان.

• ئێستا بە كردەنیی نەك تەفسیری قانونیی دوای هەردوو جوڵەكەی بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سێیەكی پەكخەر، ٢٦-٣-٢٠٢٢ + ٣٠-٣-٢٠٢٢. عێراق لەناو  بۆشایی دەستووریدایەو شەش مانگە هەڵبژاردن كراوەو حكومەت دیار نییە و تەواوی جومگە هەستیارەكانی عێراق لە جووڵە كەوتوون و عێراق لە چاوەڕوانی دوایین دەرفەتی دیبلۆماسی و دانوستاندا وەستاوە.

 • بەڵام وەك فاكت عێراق دابەش بووە بەسەر پێنج سەرۆكایەتیدا، كە بریتین لە ؛ كۆمار_وەزیران_پەڕلەمان_هەیئەی حەشدی شەعبی _دادگای فیدڕاڵیی. دوای دوو جوڵەی بەرەی سێیەكی پەكخەر، دادگای فیدراڵیش خەریكە دەبێتە تەرەف و تێوە دەگلێ، چونكە بێدەنگی زۆر جار تەڕەفە. ئێستا لەو پێنجە، دوو سەرۆكایەتی چالاكن و سیان پەكخراو، حەشدو مەحكەمەی ئیتیحادی و بەس.

• موقتەدا سەدر ڕەنگە بیەوێت حەشد هەڵە گەورەكە بكات، یان بجوڵێت و جوڵە تائیفیی و نایاساییەكە بكات و ئەویش بقۆزێتەوە بۆ ماركێتینگی سیاسی ئایندە و بەمەرجەعكردنی خۆی وەك پاڵەوانی ڕزگاری و ڕیفۆرم. ئەو ئەزموونەی بینیمان ناشیرینترین مۆدێلی مەزهەبگەرای توند بوو لەلایەن پرۆكسییەكانەوە- بریكارەكان، دژی دامەزراوەی دەستووری و دیموكراسی، دەرگای كردەوە بۆ زۆر پەكخستنی تر ! 

• بۆیە دەنگۆی رەتكردنەوەی كۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و دووبارەكردنەوەی ڕۆژەڤی گەرمە ئەگەر ڕێككەوتنی كاریزمایی نەكرێت، ئەوەش واتە پەكخستنی دەستورو حوكمی جەبریی و بۆنی كۆدەتای لێ دێت.
لە هەموو حاڵەتەكاندا دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن كۆتایی دۆخی ئۆپۆزسیۆن و سەربەخۆخوازان و كورسییە هەڵتۆقیوەكانە، گوڵە پایزەكان. كە نەیانتوانی گەمەیەكی شایستە بەو تەمەنە كەمەوە بەو دەنگانەوە بكەن و كەوتنە ژێر پێی ورچەكان و دەنگەكانی خەڵكی ناڕازیان لەدەستدا.



31/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر