سەقامگیری دراوی عێراق لەدەست کێدایە؟

ئاسۆ عەبدولەتیف

یەکەم/ بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا، سەرەکیترینە بۆ ئەو دۆخی داراییەی عێراق، ئەو بانکە بەهاریکاری بانکی ناوەندی عێراق، دابینکەری پارەی کاشی دۆلارە بە ملیارات دۆلار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ناوخۆیی وکڕینی قەواڵە داراییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (وزارە الخزانە اڵامریكیە) لەگەڵ عێراق کە بڕەکەی  ٣٦ ملیارد دۆلارە تا ئێستا، جگە لە پارەی فرۆشی نەوتیی کە هەر ئەمریکاو بانکی فیدراڵی لێی بەرپرسە، ئیتر عێراق چۆن دەبێ هەڕەشەی دەرکردنی هێزە ئەمریکیەکان بکات لە عێراق و ملیارات دۆلاریش بە کاش و بە ئوتوبوس هەناردەی ئێران بکات.

دوەم / ڕێکخراوی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی نێودەوڵەتی، ئێف دی ئای Foreign Direct Investment پاڵپشتیەکانی ئەم ناوەندەش بۆ بانکی ناوەندی عێراق و کڕین و بازرگانی گەورەی نێودەوڵەتی و پیشەسازییەکان و بەرزبوونەوەی بەهای دینار زۆر گرنگە، ناوەندەکە پشکدارییەکی دارایی گرەنتیکراوی نێودەوڵەتیە بۆ تێکەڵبوونی عێراق بە جیهانەوە.

سێهەم/ (صندوق النقد الدولی) سندوقی دراوی نێودەوڵەتی IMF، کە لە ساڵی ١٩٤٤ ەوە پێک هاتوەو ١٩٠ دەوڵەتی موعتەبەر بەڕێوەی دەبەن و ئەم سندوقە عێراقیشی تێدایەو لەناو سندوقەکەدا شتێک هەیە پێی دەوترێت ئەژماری تایبەت، SDR واتە (حقوق السحب الخاص) مافی ڕاکێشانی سەرمایەی یەدەگە، کە پێشتر دانراوە لە سندوقەکە، ئەوە مافی ئەندامەکانەو ناوەندێکی جوڵەی فەرمییەو لە ساڵی ١٩٦٩ وە وەک ئەژمار دروست بووە، سەرمایەو پاشەکەوت و یەدەگی پارەی نێودەوڵەتی زۆرو فرەچەشن لەو ئەژمارەدا هەیەو عێراقیش کە دەڵێن ٩٦ ملیارد دۆلاری ئیحتیاتی هەیە، بەشێکی ئەو پارە ئیحتیاتەی بۆ ڕۆژی ڕەش لەو ئەژمارو سندوقە داناوە، وەک یەدەگی پارەی نیشتیمانی و سەنەدات، بەڵام هێشتا ناتوانێت بە ئارەزوی خۆی دۆلار ڕابکێشێت و خستنەڕووبکات بەدۆلارەوە چونکە عێراق هیچ سیاسەتێکی نەقدیی نییە.   

ئەی بانکی ناوەندی عێراقی لە کوێدایە؟

عێراق بەو هەموو کەش و فشەوە، بەو هەموو عەزم و شانبادانەوە بە نەوت و سوپاکانی، بەو سامان و یەدەگە نەوتییەی خۆی و بە حساب ٩٦ ملیارد دۆلاری یەدەگی هەیە کە بەشێکی قەواڵەو سەنەداتە لای خەزێنەی فیدراڵی و بانکی ناوەندی ئەمریکا، بەشێکی زێڕەو ئەوی تری لە ئەژماری تایبەتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیە.کەچی ڕایتینگی بانکیەکەی لە خراپترین پلەو ئاست و دۆخدایە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی  ئاژانسەکانی، ئێس پی و فیچ و مۆدیس، نەک خراپە کەوتۆتە دۆخی نەگەتیڤی -B،  بە ژمارەی ٢٣ لە ١٠٠، نزیک بە وڵاتانی مۆزەمبیق و کۆنگۆو ئیکوادۆرو نەیجیریا، وڵاتی دیکە هەیە ڕایتینگی سێ AAA هەیە وەک ئەمریکاو ئوسترالیاو دانیمارک و نەرویج و سوید، واتە لە ڕیزبەندی ژمارە٩٠ بۆ  ١٠٠ دانراون،  کەسیش نییە لێپرسینەوەیەک بکات؟ ئەی کوا دادگای باڵای فیدڕاڵی و دەزگا چاودێریەکەی؟

بۆیە هەتا ئەو عەقڵیەتە تەسکە مەزهەبییە ئۆلیگاریشییە بەپرس بن بەسەر ئەو بانکەوە، دزی و نەزیفی دینار بەردەوام دەبێت و دراوەکەی تابێت بێ بەهاتر دەبێت و دەبێ هەر خەریکی حەماڵیکردنی پارەبن بۆ دەرەوەی سنورەکان.


29/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر