بانکە عێراقیەکانمان لێ مەکەن بە پاڵەوان !

ئاسۆ عەبدولەتیف

عێراق زۆر بە غرورو شەهامەتەوە باسی بانکەکانی خۆی و سیستمی، جێگیریی موچە، توگین_الرواتب، دەکات بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام گرنگە تەنها دۆسیەی سکانداڵی دزیی سەدەیان بیربخەینەوە بە هێمنی.

بینیمان و بینیتان، چ ئابڕووچوون و فەزاحەت و دەستکاری و ساختەکاریەکیان کرد لە چەکە بانکیەکان و سیستمی باج و هەڵڵوشینی دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، ئەمە کەی، ساڵی ٢٠٢١ و بەرۆژی نیوەڕۆ لە بانکێکی عێراق بەناوی ڕافیدەین و بردنی پارەکە بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ هیچ پرسینەوەیەک.
 
پارەکە، ئەمانەت بوو، خیانەت لە ئەمانەت دووجار دزی و مەترسی و بێمۆڕاڵییە، پارەی دانراوی بارمتەی ئەو دەستەو کۆمپانیا نەوتیانە بوو کە لە عێراق کاریان دەکردو هەمووی دزراو ساختەکاریکرا لە ٢٤٧ چەکی بانکی، پارەیەکی خەیاڵی بەو قەبارە وەکو بارمتەو دڵنیاییەک دانرابوو بۆ تەواوکردنی ئەرکی ئەو کۆمپانیا خزمەتگوزاریانەی نەوت لەماوەی یاسایی کارکردنیاندا، کۆی ئەو پارەیە لە هەژمارێکی بانکی دانرابوو بەڵام پشیلە برسیەکان خواردیان و کەس تانەو سکاڵایەکی نەبوو لەسەر هەژمارە دزراوەکە.

ژمارەی هەژمارەکە بە کاتی تەوتینی رەواتیب و کاتژمێری بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید بریتی بوو لە 60032 باشە چیرۆکی دیارنەمانێکی ئاوا ڕووبدات لە جێگاو وڵاتی تر دەبێت بەرپرسانی بانک و ئابوری و سیاسەت چۆن سەرلوتی خۆیان ڕەش بکەن، ئایا شەهامەتی ئەوەیان هەیە باسی بانک و سیستم و شەفافیەت بکەن بۆ خەڵکیتر؟ باشە هەر ئەوەنا، دۆسیەی بردنی ملیارات دۆلاری دەستەی گشتی باج و بانکی ڕافیدەین لەکوێی دادگای باڵای فیدڕاڵیدا جێگای بۆ کراوەتەوە؟

ئینجا بۆ بیرخستنەوەی ئێوە، ڕەیتینگی بانکیەکەی عێراق لە خراپترین دۆخدایە بەپێی هەڵسەنگاندنی ئاژانسەکانی، ئێس پی و فیچ ڕەیتینگ و مۆدیس، نەک خراپ و لاوازو نزمە بەڵکو لە دۆخی نەگەتیڤی -B دایە بە ژمارەی ٢٣ لە سەد واتە کەوتوو داڕزاو بێفەڕ، یانی هاوشانی وڵاتانی مۆزەمبیق و کۆنگۆو ئیکوادۆرو نەیجیریا.

ئەزانن وڵاتی دیکەی بەهێز کە خاوەنی نەوت و سەقامگیری دراون، ڕەیتینگی بانکیەکەیان سێ AAA  تۆمار کردوە وەک ئەمریکاو ئوسترالیاو دانیمارک و نەرویج و سویدو لە ڕیزبەندی ٩٠ لە سەدو سەروترن، دەی کەس لێپرسینەوە دەکات لەو بانکەی عێراق بودجەو نەوتی سێیەکی جیهانی بەدەستەو پارەکەی بارمتەی میلیشیاکانەو بە ملیارەها دۆلاری دەڕوات بۆ کڕینی چەکوچۆڵ و سپیکردنەوەی پارەو دامەزراوەکانی داڕزاوە بەدەست سەلەفیەتی ئیداری و ئۆلیگاریشی دارایی چەند کەسێکی گەندەڵ و بەوجۆرەش دزی لێدەکرێ و کەسیش موحاسەبە ناکرێ لەسەری.

 ئەرێ دادگای باڵای فیدڕاڵی و دەسەڵاتی دادوەری و قەزایی و وەزارەتی داراییەکەی و عێراقچی و مەندوبە خەیاڵپڵاوەکانی ناو مەعبەدخانەی مەرجەعیەت و پشت لە دیوانی بێکەسی کوردان، چی دەڵێن بۆ ئەم دۆخە، بەڕاست بەتەمای بانکەکانی عێراقن پارەی کاش بخاتە خزمەتی کوردو ڕاژەی فەرمانبەرەکانی؟

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی و میدیایی دوای دەستبەکاربوونی بەڵێنیدا بە دەستگیرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاوو گەڕاندنەوەی تەواوی پارە دزراوەکەو سزادانی بانکەکان و دەستەی باج بەڵام وەهم دەرچوو، لەو بڕە پارە زۆرەش دووسەد ملیۆن دۆلار بۆ چاوەزار لەدەمی مافیاکانی نەوت و پشیلەکان سەنرایەوەو بکەرەکانیش ئازادکران، ئیتر ئەوە چیرۆکی دووساڵی عێراقی میلیشیایی بانک و دزی و ئابڕووچوونە.


06/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر