هیچ بەقەد بەشە بودجەو میزانییە گرنگ نییە بۆ هاوڵاتیان، ئەوە ڕاستیەکی تاڵە، لە ئێستاوە خەریکە جێپێکانی حکومەتی نوێی عێراق لە ڕێگەی میزانیەوە لە پێدەشتەکانی کوردستانەوە دەردەکەون و خەرمانەی داوە. بەو چەکە نەرمەی میزانییە، عێراق بە کاوەخۆ فەرماندەییەکی ڕەقی سەربازی وەک پاسەوانی سنووری هێنایەوە کوردستان و کردە هێزێکی فەرمی و چاودێرو دیفاکتۆ بەسەر دەروازە سنووریەکانەوە.
محمد شیاع سودانیی کاراکتەری گوێڕایەڵی مەرجەعیەتەکانی قوم و نەجەف لەم سەرەتایەوە باش یاری دەکات و دەزانێت خەریکی چییە :
• لێدان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان و کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان و قەوارە تازەکانی ئۆپۆزسیۆنی وەک ئیمتیدادو سەربەخۆکان و تشرینیەکان و هێزەکانی دەوڵەت و ئیشراقییە کە نزیک بە چل کورسی پەڕلەمانیان هەیە بە سیاسەتی پێدانی پۆست و ڕازیکردنییان بە دیالۆگی نهێنی و بانگەشە بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی و گوایە دادگاییکردنی تاوانباران و پیشاندانی پارەگەڕاوەکانی دزی سەدە وەک ئەوەی بینیمان.
• بۆ کۆنترۆڵی کوردەکانیش ناردنی دوا گوژمەی بەشە بودجەی مانگەکانی ١١ و ١٢ ی میزانیەی ٢٠٢١ کە بریتییە لە بڕی، ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم. زیرەکانە ئەم هەنگاوەی نا، بە خشکەیی و لە ڕێگای مۆتیڤی نەرمی پارەو میزانییەوە ئەمجارە دێتەوە بۆ دەستبەسەراگرتنی وزەی ناوخۆیی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ سەربەخۆیی و جڵەوگیریی سەرچاوەکانی هەڕەشەی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕازیکردنی ڕەهبەر و لەمەنگەنەدانی حیزبە بەرهەڵستکارەکانی ڕۆژهەڵات.
ئەوە فۆڕمێکە لە سیاسەتی نوێی ئەجێندای شیعەگەرایی لە عێراق، ئامرازە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو لە داهاتووی نزیک، بۆیە کۆتایی ئەم گەمەیە ئاسان نابێت بۆ هەرێم گەر پلانی دروست و ستراتیژیی و جێگرەوەی نەبێت.
بیرتانە ڕۆژی ٢٦-٥-٢٠٢١ بەغدا و مستەفا کازمیی شەو و رۆژێکی ڕەش و درێژو پڕلە شەرمەزارییان بەڕێکرد و یاساو ڕێسایان بەتەواوی خستە خزمەتی چەکدارانی حەشدی شەعبی و فەرماندە پۆپۆلیستەکان. ئەوکاتەی دژە تیرۆری عێراق "قاسم موسڵح” فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبیان بە مادەی ٤ ی تیرۆر لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغدا دەستگیرکردو کازمیان ناچارکرد ئازادی بکات. حەشدی شەعبی ئیتر مانۆڕو یاریەکەی لەو کاتەوە دەستپێکردو نمایشە گەورەکەی کردو عێراقی خستە ژێر هەژموونی خۆی و کازمیشی ناچارکرد بچێتە ژێر جەبری یاساکانی ئەوان و ئێستاش تۆمەتباریان کردوە بە گەندەڵیی و هاریکاریی هەواڵگریی ئەمریکا بۆ تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس.
حەشدی شەعبی کە یاسای بۆ دەرکراوە لە ٢٠١٦ و بودجەی خەیاڵی حکومەت و بیرە نەوتەکانیشیان لەژێر دەستە کاریان بە کەس نەماوە بە خواستی خۆیان ئیتر کاراکتەرە سیاسیەکان بەکاردێنن. هەر کابینەو سەرۆک وەزیرێک ملکەچانە دەبێت تەسلیمی ئەو ئیرادەیە بێت و لەبەردەم بڕیارو هەژموونەکانی حەشدی شەعبی و کاراکتەرە سەربازیەکانی، فەتح و گروپەکانی نوجەباو حیزبوڵاو ڕەبعەڵاو عەسائیبی ئەهلی حەق و فەرماندەکانی دەرەوەی حکومەت چۆک دابدات، بۆیە ئەمە مۆدێلێکی مەترسیدارە لەسەر کۆی پێکهاتەو ئیتنیک و دیموکراسیەت و ئازادیەکان و خودی فیدڕاڵیزم.
تاکە سەرۆک وەزیرێک تا ئێستا محمد شیاع سودانییە کە ئاوا هاتبێت بە هێزی نەرم و لۆژیکی پارەو میزانییە یارییەکی زیرەکانە بکات بۆ کۆنترۆڵی کۆی جومگە هەستیارەکانی دەوڵەت و بە سێنتڕاڵ کردنەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوەندیی، ئەوەی حەیدەر عەبادی بە هێزی ڕەق ویستی بیکات و بۆی نەچوەسەر، سودانی بەم نەرمە هێزە ئەنجامی ئەدات، سەرەتاکەی بەکاراکردنەوەی پاسەوانی سنوور دەستی پێکرد، دواتر:
- پرۆسەی سەربازی زۆرە ملێ (تجنید)
- گەڕانەوەی داهاتە ناوخۆییەکان و کۆنتڕۆڵکردنەوەی فڕۆکەخانەو میناکان و دەریچە بازرگانیەکان.
- زیندوکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بۆ یاساکانی نەوت و گازی هەرێم.
- بەسەربازگە کردن و پۆلیسیکردنی عێراق.
ئەوانە هێزی مانەوەو کارتی بەردەوام بوونی ئەم حکومەتە تازەیەن، ئەگینا ئەستەمە سودانی خۆی بە پێوە ڕاگرێت.