مەترسی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق، لەسەر هەرێم

ئاسۆ عەبدولەتیف

عێراق ئەمجارە بە وریاییەکی زۆرەوە، گرنگی بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و چەسپاندنی سیستمی دیموکراسی پارێزگاکان و حوکمە خۆجێییەکان ئەدات و دەسەڵاتدارانی هەرێمیش خەریکە دەکەونە ناو ئەو هەرێزو پلانە مەترسیدارەوە!

سیستمی پارێزگاکان و حکومەتە خۆجێیەکان و کانتۆناتی بچوک بچوک و پەرت و بڵاو، خەون و گوتاری ناوەوەی شیعەگەرای زاڵ لە عێراق و ناوچەکە پێک دەهێنێت بۆ دوو مەبەستی ئایدۆلۆژیکی ڕێکخراو؛

یەکەم/ پاراستنی یەکپارچەیی عێراق و ڕێگریکردن لە یاخیبوون و پەرتکردن و دروستنەبوونی هەرێمەکانی باشورو ناوەڕاستی عێراق، هەوڵەکانی بەرەی سوننەو شیعەی ناڕازیی.

دووەم/ لاوازکردنی حکومەتی فیدڕاڵی هەرێم و بەرگرتن لە دروستبوونی هەر جۆرە حکومەتێکی فیدڕاڵی هاوشێوەی نەتەوە جیاوازەکان،  چ لە عێراق و چ لە ئێران، تەنانەت لە سوریاش خەریکی ئەو پلان و گەمەیە بوون و ناوی کوردو دەوڵەت و سەربەخۆییان سڕییەوە لە ئەزموونەکانی ڕۆژاڤا، ئێستا وەک ناوچەی سوریای دیموکرات هەژماری دەکەن و بەشێکە لە سیستمی بەشار ئەسەدو عەلەویەکان.

ئینجا بنەمای فیکریی پارێزگاکان و مەدرەسەو کەلتورەکەی، نزیکە لە مەرجەعیەت و دەوڵەتانی شەرقی و دوورە لە خەباتی دیموکراسی فیدڕاڵیەت و کۆنفیدڕاڵی و گوتاری سەندیکایی و شارەوانی و دیدی نوێ، وەک ئەوەی لە ئەوروپاو ڕۆژئاوا هەیە.

دوور نییە سبەی بەهەمان ئەو یاسایانەی پارێزگاکانی عێراق، هەرێمی کوردستان لە قاڵب بدەن و ناچاری بکەن بێتە ژێر باری یاسا مەرکەزیەکانی پارێزگاکان و بەکانتۆنکردن، وردە وردە پرسی فیدڕاڵیزم و دەوڵەت کاڵ بکەنەوە لە زیهنیەتی عێراقیەکاندا بەرەو هەمواری دەستور، ئەوە سپیکردنەوەی دراوی ڕەشی ئایدۆلۆژییەو خواستێکی میللیگەراو سوڵتەویی نوێی حەشدو خولگەی ویلایەتی فەقیهە بە ئاراستەی سێنتراڵکردنەوەی بەغداد.

لە پڕۆژە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقیشدا بینیمان، بە زۆرینەی پەڕلەمانیی، لە مادەکانی ١٢ و ١٣ و ١٤ کە تایبەت بوو بەهەرێمی کوردستان، بڕگەیەکی مەترسیداریان چەسپاند، ئەگەر پارێزگایەک شایستە داراییەکانی وەک پێویست پێ نەدرا، بۆیان هەیە داوا لەسەرۆکی حکومەتی فیدراڵ بکەن ڕاستەوخۆ پارە بۆ پارێزگاکە بنێرێت، ئەوە سەرەتای ئەو پلانە مەترسیدارە بوو بەرەو گەڕانەوە بۆ لامەرکەزیەتی پارێزگاکان و قەڵەوکردنی حوکمی خۆجێیی ملکەچ، لەپێناو لاوازکردنی حوکمی فیدڕاڵی هەرێمەکان.

13/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر