مەرگی بریار و ئەسڵی کێشەکە !

دڵشاد ئه‌نوه‌ر

نابێت مەرگی بریار بەسادەیی تەماشا بکەین، ناکرێ مەرگی بریار نەکەینە هەلێک بۆ قوڵ بوونەوە لە ئەسڵی کێشەکە. بریار هەمووانی گریاند، بریار هەمووانی هەژاند، بەڵام گەر تەنها بە شێوەیەکی عاتفی لە کۆچی بریار بروانین، ئەوا دوو سبەی تۆزی عاتیفەمان دەنیشێتەوە و بریارمان لە یاد دەچێت، دەیان بریاری تر بێ باوک دەبن.
دەبێت تێبگەین، بریار تەنها منداڵ نیە، کۆچی باوکی گڕی لە ناخی بەردا بێت، دەیان منداڵە شەهیدی تر هەیە، شەو تا بەیانی ناخیان دەسوتێ، بێ باوکی دەیانکوژێت، بەڵام کەس پێیان نازانێت، چونکە زومی ئیعلامیان لەسەر نیە.
دەبێت مەرگی بریار و سوتانی ناخی مناڵە شەهیدەکان بکەینە دەرفەت، تا پەنجە بخەینە سەر برینەکان و قسە لەسەر ئەسڵی کێشەکان بکەین، چونکە تا پەنجە نەخەینە سەر برینەکان، هەموو ساتێک دەبێت چاوەروانی بێ باوک بوونی دەیان جگەر گۆشەی تری وەکو بریار بکەین.
لێرەوە دەبێت بپرسین؟
-ئەرێ ئێمە ٤٠٠ هەزار پێشمەرگەمان هەیە، بۆ سنورەکانی هەرێم واڵان بە ڕووی تیرۆردا و بە ئاسانی دەستیان دەگاتە کۆمەڵگەیەکی کورد نیشینی چەند هەزار کەسی ؟
- ئەرێ بۆ بەرپرسێکی ئاسایی، ٣٠ پاسەوانی هەیە و بە وەجبە پاسەوانێتی ماڵەکەی دەگرن، بۆ ناحیەیەکی گەورە و گران، چوار رەبیەی تۆکمەی لە دەوروبەر نیە؟
- ئەرێ بۆ باخی هەر مەسئولێک، چوار پێنج شێفی بۆ دانراوە و موچەکانیان لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەیە، کەچی سنورەکان گرفتی بێ پاسەوانیان هەیە؟
- ئەرێ تاکەی پیشمەرگە ناکەنە هێزێکی نیشتیمانی؟ تاکەی مەشق و راهێنانیان بێ ناکەن ؟ تاکەی بە بێ چەک و تەقەمەنی و کەرەستە و کەل و پەل ، دەیانخەنە نێو کورەی ئاگرەکە؟
.
ئاخر معقول نیە، رەبیەیەکی سنور چوار پێشمەرگەی تیا بێ، بەر ماڵی مەسئولێک ٢٠ دابەستەی تیابێ!
یانی معقول نیە، هێرشی داعش کەبەچەند سەد چەکدارێکەوە هاتبنە هەولیر، بە بیست سی چەکدارێکەوە جلولا بگرن، ئەمە دەسەڵاتی کوردی رانەچڵەکاندبێ !
بۆیە دەبێت کۆتایی بە فرمیسک و گریانی کاتی بێت لەمەودوا قسە لەسەر ئەسڵی کێشەکان بکەین .
دەبێت هێزەکان مەشق و راهێنانیان پێ بکرێ، پێشمەرگە لەنێو باخ و بەردەمی ماڵی بەرپرسان دوور بخرێتەوە و ئەرکە سەرەکیەکەی رادەست بکرێ کە پاراستنی نیشتیمانە، بێگومان گەر ئەمەش کرا، ئاسان نیە بۆ هێزێکی نامۆ، دزە بکاتە نێو ناحیەیەکی کورد نیشین و بریارەکان بێ باوک بکات.

25/08/2019



وتارەکانی تری نوسەر