کوردساتیش وێستگەیەکی گرنگی ژیانی رۆژنامەنوسییم بوو

بارزان شێخ عوسمان
نەمتوانی رێگە بدەم بە خۆم  ئەمساڵ لاپەڕەکانی دەفتەری بیرەوەرییەکانم  بە بێ کوردسات تێپەڕێنم ،ئاخر بەندە بە چەندین وێستگەدا تێپەڕبوم تا بوم بەم ناو  و نیشانە .ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان کە کوانوی پێگەیاندنی سەدان قەڵەمە وێستگەی یەکەمی  ژیانی  رۆژنامەموسیم بو دوای ئەویش تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان و دوبارە ئێزگەکە .

ئێزگەکە کە لە ئینساتەوە دەستم پێکرد  تا بەڕێوەبەر ، ئامادەی کردم تا ببمە بەڕێوەبەری هەواڵ لە کوردساتی تەمەن سێ ساڵاندا .کە چومە کوردسات  ئەو کەناڵەی رەنگی هەموان تەمەنی سێ ساڵان بو ،بەو تەمەنە کەمەیەوە ئەزمونگەلێکی وای پێ بەخشیم کە لە ئاسمانی درەوشاوەی رۆژنامەگەریدا  ببمە ئەستێرەیەکی دیار ،بۆیە وەفادارییم بۆ کوردسات و دەنگ و رەنگی گەلی کوردستان   لە بن نایە و ناتوانم  نەیان کەم بە قیبلەی خۆم .

کوردسات کە ئێستا تەمەنی پێگەیشتوە و ئیتر لەخەم رەخسیوە سەدان کادیری لە هەمو بوارەکاندا  پێگەیاندوە و لە دوای گەلی کوردستان ئەویش دایکی تەلەفزیۆنە رەسەنەکانە .

ناوهێنانی کوردسات بەبێ ناوی هێرۆخانی مەزن ،ژنە خاکیی و خەمخۆرە پۆڵاینەکە  لاسەنگ دەبێت ،چونکە دادە هێرۆ دامەزرێنەر و بزوێنەری  بیرۆکەی  هاتنە دنیای کوردساتە کە ئێستا بۆتە دەزاگایەکی میدیایی .نابێت رۆڵ و ناوی رەوانشاد کاك شێخ دارۆ و بەڕێزان  کاک کۆسرەت ، شاناز خان ،دکتۆر ئەرسەلان باییز و دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵحیش لە بیر بکرێت .

کوردسات رەنگی هەموان بو چونکە وەك خاوەن بیرۆکەکەی  خەمی هەموانی لە کۆڵ گرتبو ، خەمی ئەنفالکراوان ، بۆردومانی کیمیایی ،گەشمردەکانی رێگای رزگاریی ،کوردی بەشەکانی تر ،مناڵان ،روناکبیران ،هونەرمەندان ،کلتور ،فۆلکلۆر ،دراما ،گۆرانی ،کە هەموی کۆ خەمی کوردایەتیی و نەتەوەیی پێشکەوتنخوازی کراوە بو .

لە هەمو بوار و روەیەکەوە کوردسات بە ئێستاشییەوە هەر جێ متمانە و باوەڕی کۆمەڵانی خەڵك بوە و ئەبێت .   هەموان بە  جیاوازی بیروبۆچون و کلتور و ئایین و مەزهەبەوە  پەرۆشبون ئێستاش پەرۆشن کە لە کوردسات  دەربکەون ،ئاخر  ناهەقیان نییە کوردسات جێ متمانە  و باوەڕی بینەر و گوێگرەکانێتی .

حەوت ساڵی تەمەن و ئەزمونی رۆژنامەنوسیم لە کوردساتدا  بەسەر برد کە وێستگەیەکی پرشنگدار بو ،هاوکارەکانم زۆریان فێر کردم سودی زۆرم لێ وەرگرتن ،   ژمارەیەکی زۆر و زەوەندی کادیری بوارە جیاجیاکانی ئەو کەناڵەم ناسی کە هەمویان . دڵسۆزیی و خۆشەویستییان بۆ کار و پیشە و خۆشویستنی یەکتریان فێر کردم ،ئەوەش بەرهەمی ئەو پەروەردەیە بو کە هێرۆخان هەمومانی لەسەر راهێنابو ، گوتە و پەیامەکانی ئەم ژنە مەزنە ئیلهامێکی گەورەبون بۆ سەرکەوتن لە خزمەتکردنی گەلەکەمان لە رێی ئەو شاشە فرە رەنگەوە .ناشتوانم لە ئاست بەڕێوەبەری کوردسات کاک ئاوات نەجمەدین  دەستخۆشیی نەکەم کە بەراستیی کاپتنێکی لێهاتوی کەشتییەکەی کوردسات بو .

لە هەواڵدا زمانێکی ستانداری راگەیاندن و سیاسەت،راستگۆیی و وردبینیی و دور لە پەلەکردن و هەڵچون  ، پاراستنی بەها کۆمەڵایەتیی و نەتەوەیی و ئیتیکی رۆژنامە گەریی سیمای جیاکەرەوەی هەواڵەکانی  کوردساتە بە جۆرێك هەرگیز رێگە بە خۆ نادات لە ئاست هەر روداوێکدا  ببێتە لایەندار ،دادوەر،پارێزەر یا فوکردن بە ئاگردا .

لەم ساڵڕۆژەدا سەر نەوی دەکەم لەبەردەم پەیکەری بەرزی ئەو کادیرانەی بەکوردساتەوە هیلاك بون  زو جێیان هێشتین ،چاوی پێشمەرگەکانیش ماچ دەکەم کە شەونخونییان بێ کۆتاییە ،سڵاو بۆ هەمو  ئەندامانی کوردسات هەمو بەشەکان ،سڵاو بۆ هەمو ئەو بەڕێزانەیشی کە رۆژگارێك بۆ کوردسات کاریان کردوە کە بەندە یەکێکیانم .

پیرۆز بێت یادی بیست و سێ یەمین ساڵڕۆژی کوردساتی  هەموان هەر ئەستێرە گەشەکەی ئاسمانی میدیای راستگۆ و خۆبەپرسیار زان  بێت .

31/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر