ئیتر حیجاب لە دیاردەوە بۆ کلتور سەپێنرا !

بارزان شێخ عوسمان
زۆر لە مێژە خۆم دور خستبوەوە لە نوسینی وتار سەبارەت بە مەترسییەکانی  تەوژمی بە ئیخوان و سەلەفیکردنی کوردەواریی. چونکە بۆم ساغ بوەوە ،تازە کار لە کار ترازاوە  لە خۆ ماندو کردن هیچ بەرهەمێکی تری نییە . 

رەنگە پرسیار بکرێت بۆچی   ئەوانە وا خۆیان سەپاند؟!.  بە دڵنیاییەوە یەکێك لە هۆیەکان بێ ئومێدیی یە لە رەفتاری ئەوانەی خۆیان بە سکۆلاریست دەدەنە قەڵەم ،ئەوە ئەوانن  نمونەیەکی جوانیان لە بەڕێوەبردندا پێشکەش نەکردوە . بۆیە نەك هەر نقەشیان  لێ نایەت لە ئاست دەستدرێژییەکانی ئیخوانچی و سەلەفچیی و هاوبیچمەکانی تریان بۆ سەر ژیانی مەدەنیی ،بەڵکو  ئەوپەڕی سازشیان لە ئاستیاندا  کردوە ،بەو بیانوەیەی (کورد هەموی گەلێکی موسڵمانە!  )،ناکرێت رێگری بکرێت لە   داواکانی ئەو تاقمانە بۆ سەپاندنی شەریعەتی ئەو ئاینە (لە کاتێکدا هەمو کورد موسڵمان نییە).

لەم رۆژانەدا لە گروپێکدا کە   فرە رەوتی بیرکردنەوەیە بە سپاسەوە بەندەشیان بەشدار کردوە ، بەڕێزێکیان وێنەی کچێکی دانابو ،کە   بۆتە موحەجەبە و  گوایە دەزگاکەی لەسەر ئەوە دوری خستۆتەوە .  ئەوە بوە هۆیەك کە جارێکیتر لەسەر موحەجەبە و مەرامی ئیسلامچییەکان  بنوسم بۆ بە کلتورکردنی ئەو جلوبەرگە عەرەبیی و ئیسلامچییە 
 لە ناو کۆمەڵی کوردستانیشدا .

بە ئاستەم بڕوا دەکەم کە  هیچ دەزگایەکی حزبی  یا حکومی  بوێریی ئەوەیان هەبێت  کەسێك دوربخەنەوە کە  جلوبەرگی  ئیسلامچییەکان  لەبەر بکات ،چونکە ئەوەتا  دەزگاو دامەزراوەکانی حزبەکەی خۆم (ی،ن،ك)  جمەی دێت لە ژنان و کچانی موحەجەبە ،چونکە تازە بۆتە کلتورێکی نەتەوەیی .

بارودۆخەکە وا بڕوات  پوشاکی مەدەنیی و رەسمیی جاران لە کۆمەڵدا دەبێتە شەرم .
جارێکیان کە هێشتا شاڵاوی تەعریبی جلوبەرگ  بەمجۆرەی ئێستا وا پەرەی نەسەندبو ،ژنێکی بەڕێزی موحەجەبە  لە جێگەیەك سەرنج و بیروڕای خۆی لەبارەی مەسەلەیەك دەردەبڕی کە  ئاماژە بو بۆ روانینی کەسێکی بێ باوەڕ بە ئاینەکان .عەرزم کرد خاتو (….) وتەکانت پێچەوانەی جلوبەرگەکەتە !.لەوەڵامدا وتی” ناچارم !، لە شوێنی کارەکەم دە ژن و کچین،  تەنیا سێ کەسمان سفور بوین ،هێندە توانج یان تێ گرتین و باسی بەدڕەوشتیی کەسانی سەر روتیان کرد ناچار بوین ببینە موحەجەبە !،  وتیشی "ئیتر لەو کاتەوە بوینە خەڵکی باش ،گرنگ ئەوە بو بوینە موحەجەبە !”.

 هیچ گومانی ناوێت ،کە سەرانی دەسەڵات و ئەوەشی ناوی لە خۆی ناوە دەنگی ئازادیی ،هەمان هەڵەکەی چل و ئەوەندە ساڵەی رابردوی  ئەنوەر ساداتی سەرۆکی تێرۆر کراوی میسر پەیڕەو دەکەنەوە کە لە دژی  هەژمونی شیوعییەکان،   زۆر رویدا بە ئیخوانچییەکان و هاوبیچمەکانی تریان ،سەرەنجامەکەشی تێرۆرکردنی بو بە دەستی تێرۆرستی دڕندە (خالد ئیسلامبولی ) کە بوە رەمز لای تێرۆری ئیسلامیی .

کەواتە ئەوانەی خۆیان بە مەدەنیی و عەلمانی و ئازادیخواز دەزانن ،هێندە  رویان دا  بەو ئیسلامچییانە و جڵەوی ئازادیی رەهایان بۆ شل  کردن ،هێندە بە ناوی ئازادیی عەقیدە و جلوبەرگ رێگا یان ئاسان  و خۆشکرد  بۆ دەستدرێژییەکانیان بۆ سەر ژیانی مەدەنیی و بە ئیخوانچیی و سەلەفیچێتییکردنی کوردەواریی ،هێندە مەراییان بۆ ئیسلامچییەکان کرد  بۆ خۆپاراستن لە دەم پیسیی و جنێو فرۆشییەکانیان  لە سۆشیال  میدیا ،رادیۆ و تەلەفزیۆن و مینبەری مزگەوتەکانیان  ، بۆ ئەوەی بە دژە ئایین ناویان نەزڕێنن ،  تا کار لەکار ترازا و ناتوانن ئەو تەوقە بشکێنن .  بۆیە ئەوانە  بونە  سەبەبکاری  لەبار بردنی ژیانی مەدەنیی و زاڵبونی  ئەقڵیەتێك کە بە مرۆڤی سەردەم  نامۆیە  ،بە جۆرێك کە ئیتر جلوبەرگی عەرەبیی و ئیخوانچیی و سەلەفیەتچیان  کردە کلتورێك ،مەحاڵە وا زو  بگەڕێتەوە دۆخی چل ساڵ لەمەوبەر . وەك چۆن لە  تورکیا  ئەو جلوبەرگە  تازە سەپێنراوە .

لە وتارێکی تردا باسی دەکەم بۆچی ئیسلامچییەکان کەیفیان بە حیجاب و خۆداپۆشینی ژنان دێت ؟.

07/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر