‎٦ی ئەپریل، بەهاری عێراقی نوێ‌و دیموکراسیی بو

بارزان شێخ عوسمان

‎ئەوێ رۆژێ  کە  ھەڤاڵ مامجەلال  لە  چیا سەرکەشەکانی  کوردستانەوە و دواتر لە  بەشە  رزگاربوەکەی  ھەرێمی  کوردستانە  ،لە جەژن و بۆنەکاندا  ، مژدەی   ئاھەنگ گێڕانی    جەژنە گەورەکەی  لە عێراقێکی  نوێ  و ئازاد دا و لەبەغدای  پایتەخت   بە گوێی   کۆمەڵانی  خەڵکی  کوردستان  و عێراق  و گەلانی  ناوچەکە  و جیھانیش  دەدا ، ئەوانەی  باوەڕیان بەحەتمیەتی سەرکەوتنی  خەباتی گەلان و روخانی دیکتاتۆرەکان  لاواز و لەق  بو ، ھاتنەدی ئەوعێراقە ئازادەی  مامجەلال یان بە خەون  و مەحاڵ  دەزانی . 
‎بەڵام  وەک چۆن ی ن ک  مەحاڵی دوای ھەرەسھێنانی  شۆرشی   کردە واقیع  و سەرلەنوێ  شۆڕش و بەگژاچونەوە  بەرپا  کرایەوە  ،  ئەو  مژدەیەی  سەرۆک  مامجەلال یش نەک  ھەر ھاتە دی  ،بەڵکو کورسیی  سەرۆکایەتی  عێراق    پێشوازیی  لە  شەخسی  سەرۆک  مامجەلال  کرد .

‎ئەورۆژەش  کە  کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار  وتی فەرمو گەورەم  ئەم شوێنە  بە  کەسایەتیی ئێوە  بەھا و نرخی  دەبێت ،رۆژی  شەشی ئەپریلی  ساڵی ٢٠٠٥ بو کە  یەکەمین  پارلەمانی  ھەڵبژێراوی  گەل  بە  گشتیی  دەنگ  ئەو  کەسایەتییەی  هەڵبژارد   بۆ پۆستی  سەرۆک کۆمار  کە  دەیان ساڵ بو  خەباتی  بێ وچانی  لە  پێناوی  عێراقێکی  دیموکراسیی  و فیدراڵیی دا  بو ..

بەوەش  عراقییەکان بە هەمو پێکهاتەکانیانەوە بە بەهاری راستەقینە  و رۆژی هات شاد بون . 

‎سەرۆک  مامجەلال   بوە  سەرۆکی  عێراق  ،عێراقییەکان  بەجیاوازیی رەنگیانەوە ،ھیوا و ئاواتی  گەورەیان  لەسەر ھەڵچنی  لە ھەمو  بوارەکاندا .

‎نەک،ھەر ئەوە  بەڵکو  دراوسێکانی  عێراق و وڵاتانی  ناوچەکە  و جیھانیش  ئومێدیان لەسەر    قورسایی و پێگەی  سەرۆک مامجەلال  بە هێز بو  ،کە لەدوای سەرۆکێکی دیکتاتۆر  و سەرکێش  وشەڕخوازی  ترسناک  لەسەر ئارامیی  و ئۆقرەیی  ناوچەکە و جیھان،    سەرۆکێکی نوێی عێراقێکی نوێ  ببێتە  مایەی  ئارامیی  و سەقامگیریی  و بوژانەوە. بۆیە  ھەمو دەوڵەتان لەسەروی ھەمویانەوە  زلھێزەکان   زۆر  سەخاوەت مەندانە  دەرگای  کۆمەک و وەبەرھێنانیان  لە  عێراقدا کردەوە .

‎راستە لە دەورانی  سەرۆکایەتیی  سەرۆک مامجەلالدا  ھەمو کێشە  و گرفتە  کەڵەکە بوەکانی  دەیان ساڵەی عێراق  لە  روی سیاسیی ،ئابوریی ،کۆمەڵایەتیی ، ‎کلتوریی  و  بوژانەوەی  ژێرخان   چارەسەر نەکران  بەڵام  پێکەوە ژیانێکی  رێژەیی  لەنێوان  دژبەیەکەکاندا  ھاتە  ئاراوە. 

‎لە ماوەی  سەرۆکایەتییەکەی بەڕێزیاندا   دەستکەوتی زۆر  گرنگ  بەدیھاتن  لەسەر ئاستی  عێراقیی  و کوردستانیی کە، ھەموان  ئێستاش  شایەتیی  ھەق  دەدەن  بۆ  ئەو سەردەمەی سەرۆک  مامجەلالی  مەزن .

‎لەگەڵ ئەوەی عەبای عێراقیی  لە شان  کرد  ،بەڵام  بۆ  چرکەیەکیش  خەم و ھەمی   ھەرێمی کوردستانەکەی  و حەتمیەتی  گەڕانەوەی  کەرکوک و ناوچە  کێشە  لەسەرەکانی  نێو بازنەی پاکتاوی  نەژادیی  ،بۆ سەر  ھەرێمی  کوردستانی  لە بیر  نەکرد ،ھەر بۆیە  شێلگیرانە  بە  چەندین مادەی  دەستوریی  مافەکانی  قەوارەی  ھەرێم  و چارەسەرکردنی  کێشەی کەرکوک ی  چەسپاند .

‎سەرۆک  مامجەلال    بە  شێوازە  دیپلوماتییەکەی خۆی ، قورسایی   کەسایەتییە سیاسیی  و کۆمەڵایەتییەکەی و ،  بە  پشتیوانیی لێکدانەوەی  دەستوریی ، رێژەی  بودجەی  ھەرێمی کوردستانی  زامن کرد  تا ھەرگیز   ئەو ھەرێمە  روبەڕوی  قەیرانی  دارایی  نەبێتەوە  و کارمەندان و خانەنشینان   بێ  موچە  نەبن ولە    خۆشگوزەرانیی  بێ بەش  نەبن ،چونکە  ھەم خۆی  خەباتی  بۆ  خۆشگوزەرانیی  کۆمەڵانی  خەڵک  بو ،ھەم  پەی بەو راستییە بردبو  ئەگەر  شێوازە  سەرکەوتوەکەی  خۆی  نەبێت  لە  مامەڵەکردن لەتەک  کێشەکاندا ،ئەوا  ساڵانە  بەو ئاسانیی  و سەلسی یە  بودجەی  ھەرێمی کوردستان تێپەڕ نەدەبو .

‎سەرباری  ئەوەی  نێوانی دیپلۆماتیی  و سیاسیی  و بازرگانیی   عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیھانی گەیاندە  ئاستێکی  بەرز لەسەر بنەمای  رەچاوکردنی  بەرژەوەندیی ھاوبەش  و ھاوسێیەتی  باش ،،ھەمان  کەناڵی  پەیوەندیشی  لەنێوان ھەرێمی کوردستان  و دەوڵەتانی  دراوسێ  و جیھانیش  دامەزراند   ،  بە بێ دەنگیی و بێ  هەراسان کردنی ئەم دەوڵەت و  ئەو  دەوڵەت،یا رای گشتیی  نەتەوە پەرستیی عێراقیی و ناوچەیی، هەرێمی کوردستانی کردە دەوڵەتێکی سەربەخۆی   رانەگەیەنراو  کە خاوەنی ئابوریی و سیاسەتی سەربەخۆی خۆی بو بێ  ھیچ لاف لێدان و  موزایەدەیەک بەسەر کەسدا .

‎ سەرۆک  مامجەلال  روانین  و جیھان بینیی  تایبەتی  خۆی ھەبو  بۆ  دامەزراندنی  عێراقێکی   نوێی  فیداڕاڵیی بەهێز و کوردستانێکی بەهێز ،  لەسەر ئەو بنەماو پرەنسیبانەی کە  پێکەوە ژیانی  ھەمو پێکھاتە  نەتەوەیی ،ئاینیی و مەزھەبییەکان  لەو عێراقە فیدراڵەدا  زامن بکات کە   خۆی  دەیویست بینای بکات . ھەربۆیە  رێچکەی تەوافوقی  بە باشترین دەریچە  زانی  کە ئێستا  کاڵ بونەوەی  ئەو تەوافوقە   بوەتە کۆسپ لەبەردەم ئۆقرەیی یەکی   سەرتاسەریی .

‎ھەر لەروانگەی ئەو بیر کردنەوە دروستە  بو کە  سەرۆکی  ئەوسای  ئەمریکا  سەرۆک مامجەلالی  بە  جۆڕج واشنتنی  عێراق  ناوزەد  کرد ،جۆ بایدنی  سەرۆکی ئێستاش  بە تاکە سەرکردە باش و کۆکەرەوەکەی  عێراقی نوێی ناوبرد .

‎دیارە  سەرکردە و سیاسەتمەدارانی  تری عێراقیی و عەرەبیی  و جیھانیی  باشتر ئەزانن کە  مامی  مەزنمان  چ خزمەتێکی  گەلەکەی  و تەواوی  عێراقییەکانی کرد ،ھەر یەکێکیان  بدوێنیت  بە ستایش وگەورەییەوە  باسی  رۆڵی  ئەم  سیاسەت مەدار   و پیاوی دەوڵەتە مەزنە دەکەن  ، کە  لە رۆژە  سەختەکاندا  پلان و رێگە چارەکانی  ئەخستە سەر مێزی  گفتوگۆ  و ھەمو ناکۆکەکانی  قایل دەکرد  و خاڵی  ھاوبەش کۆی دەکردنەوە .

بە ناهەق نەبو کەسایەتییەکی گەورەی ئاینیی وەك ئایەتوڵا عوزما سەید علی سیستانیی  نازناوی سەمامی ئەمان ببەخشێت بە سەرۆك تاڵەبانی .

‎دوای کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتیی سەرۆك مامجەلال ،لە ساڵی ٢٠١٤ ەدا، سەرۆك دکیۆر فوئاد مەعسوم بە سەرۆك کۆمار هەڵبژێرا .  وەفدێکی عەشایری باشور و فەراتی ناوەڕاست بۆ پیرۆزبایی هاتبون بۆ کۆشکی سەلام لە بەغدا  ،سەرۆکی وەفدەکە     باسی رۆڵی گرنگی سەرۆك تاڵەبانی کرد و هیوای خۆی دەربڕی کە سەرۆك مەعسومیش وەك  بەڕێزیان بێت . سەرۆك مەعسوم  بەزەردەخەنە ناسراوەکەی خۆیەوە  پێی وتن " سوپاسی متمانەکەتان دەکەم ،بەڵام ئەو ئەرکە قورسە مەخەنە سەرشانم  چونکە کەس ناتوانێت وەك ئەو رابەرە مەزنە بێت ، تەنیا دەتوانم سیاسەت و رێچکەکەی  فەخامەتیان  پەیڕەو بکەم  و روانینەکانی  بکەینە رێنمای کارکردنمان  بۆ خزمەتی گەل و  وڵاتمان ".

‎هەروەك سەرۆك  مەسعود بارزانی لە ماڵئاوایی سەرۆك مامجەلالدا وتی " ماڵئاوایی رابەرێکی وەك مامجەلال خەسارەتێکی گەورەبو لە گەلەکەمان وا بە ئاسانیی جێگەکەی پڕ ناکرێتەوە " . سەرکردەی مەزنیش کاك نەوشیروان مستەفا کە هاوڕێی خەباتیشی بو لە دیدارەکەی مانگی مایۆ/ئایار ی ٢٠١٦ لە دەباشان  ،فەرموی "مامجەلال بەڕاستی جێگەت دیارە لەكوردستان و عیراق و پڕناكرێتەوە، لەكوردستان  پێویستی زۆرمان پێتە.

 ئێستا لەوەتەی لە بەغداد نیت، ناكۆكییەكان قوڵبونەتەوە، جاران جەنابتان هەمویانت كۆدەكردەوە ”.  لە دیدارێکیشدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی " سەرۆك مامجەلال بەهایەکی  دەگمەن و جیاوازی  باڵا و بەهێزی دا بە کورسیی  سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ".

ئێستاش ئەگەر سیاسیەکانی  کورد گەرەکیان بێت  لەم قەیران  و تونێلە تاریکە دەربچن  ،با  تێز  و روانینە  راست و رەواکانی سەرۆک  مامجەلال  بکەنە  رێنما و رێ نیشادەریان بۆ قوتار بون لەم  چەندرێیانییە و یەک رێگە  بدۆزنەوە  کە  بەزویی  دەیانگەیەنێتە  کەناری ئارام  و ئۆقرەیی .  

هەر بە روانین و بۆچونە راست و رەواکانی سەرۆك مامجەلالیش دەتوانرێت   هەرێمی کوردستانی دەستوریی ، لەم بێ موچەیی و هەڕەشانەی سەری رزگار بکرێت ، نەك بە موزایەدە و تەخوین کردن تا ئەم لێکترازان و ناکۆکییانە بەردەوام بن دەستی دەرەکیی زیاتر دێتە ناوەوە و هەرێمی کوردستانیش پێگەکەی لاواز دەبێت .
 
بە بڕوای من ئێستا کاتی ئەوەیە کەسایەتییەکی سیاسیی وەك سەرۆك بارزانی کە  ئەزمونێکی باشی پێکەوە کارکردنی هەبوە لەگەڵ سەرۆك مامجەلالدا ، رۆڵی شیاوی خۆی ببینێت ،ئەگەر بارودۆخەکەش نەگەڕێنێتەوە بۆ ئسەردەمی پێش ئەپریل و دواتریش ،لانی کەم پێکەوە هەڵکردن و لێک تێگەیشتنێکی هاوبەشی کوردستانیی و عێراقیی بهێنێتە کایەوە تا  چیتر دەستی دەرەکیی درێژ نەبێت ،چیتر پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز نەکرێت ، چیتر روداوی وەك ئەوەی گوڵە خانە دوبارە نەبێتەوە، ئاهێكیش  بێتەوە بە  بەری ئەو جەماوەرەی کە سەرۆك مامجەلال لە پێناو سەربڵندیی و بەختەوەرییاندا  ماندو بونی نەدەزانی چی یە !. 

*سکرتێری رۆژنامەوانیی سەرۆك  مامجەلال

05/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر