خۆزگە لە کوردستانیش مناڵان رزگار دەکران لە کۆیلایەتیی مۆبایل

بارزان شێخ عوسمان
چەند مانگێك لەمەوبەر  ،لەنوسینێکمدا  ئاماژەم کردبو بۆ زیانەکانی مۆبایل و ئایپاد بۆ بیرکردنەوە ی مناڵ .لەوەشدا نمونەی سیستمی پەروەردەی مناڵانم لە هەندێك وڵاتی ئەوروپاییدا هێنابوەوە کە رێگە نادەن مناڵەکانیان  ببنە کۆیلەی مۆبایل و ئایپاد تا رێگە نەدرێت بەوەی ئەو تەکنەلۆژیایە زاڵ بێت بەسەر ئەقڵ و هۆش و بیرکردنەوە و داهێناندا .لەو روەشەوە چەند   دیمەنێکی  نیگارکێشانی مناڵانی وڵاتێکی ئەوروپاییم خستبوە رو   ،کە لەسەر  شۆستەی  باخچەی لای ماڵەکانیان وێنەی ئەو ژینگەیەیان کێشابو  کە تیایدا دەژین .وێنەی (درەخت،ئۆتۆمبیل ،گالیسکە ،ژن و پیاو ،پشیلە ،سەگ،گڵۆپی سەرجادە و خانو)یان بە تەباشیر کێشابو  ،کە زەحمەتە  بیست ساڵیش بێت  لە کوردستاندا دیمەنێکی وا  بینرابێت. چونکە هیچ  بوارێك بۆ مناڵان (کچ یا کوڕ )نەماوە تا بە بیری خۆیان گوزارشت لەناخی خۆیان بکەن  و داهێنانەکانیان بخەنە رو ،هەمو شتێك ئامادەکراوە بۆیان لە نێو مۆبایل و ئایپاد و کۆمپیتەرەکانی خۆیان یا دایك و باوکیان .

لە کاتێکدا  دایك و باوك و گەورەکانی لەمەڕ خۆمان بە شانازییەوە باسی مناڵی خۆیان یا کوڕەزا و کچەزا و خوشکە زا و برازاکانمان یا مناڵی ناسیاوەکانمان دەکەین  ،کە فڵانە  مناڵ تەمەنی دوساڵە لە تەواوی ئاپ و سیستمەکانی مۆبایل و ئایپاد و داتاکان دەگەن و بەکاری دەهێنن ،کەچی وا   حکومەتی نایزەرلاند(هۆڵەندا) بە نیازە  بەکارهێنانی ئەو ئامێرە زیرەکانە لە قوتابخانەکاندا قەدەغە بکات  بە ئامانجی رێگرتن لە پەکخستنی پرۆسەی فێرکردن  .  

ئەو دەستپێشخەریی و پێشنیازە   بە هاریکاریی لەگەڵ ئیدارەی قوتابخانەکاندا بوە .

سایتی (بی بی سی)، کە ئەم هەواڵەی پەخشکردوە رایگەیاندوە، دەستپێشخەرییەکە سەرەتای ساڵی داهاتو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە .
هەرچەندە ئەو قەدەغە کردنە نەبۆتە قانون بەڵام لە داهاتودا دەبێتە قانون .لەو بارەیەشەوە Dijkgraaf (رۆبەرت دیگراڤ )وەزیری خوێندنی نایزەرلاند رایگەیاند "هەرچەندە مۆبایل تا رادەیەك   تێکەڵ بەژیانمان بوە بەڵام  نابێتە بەشێک لە ژورەکانی خوێندندا”، رونیشیکردەوە” پێویستە خوێندکاران  بتوانن خۆیان بیر بکەنەوە تا دەرفەتی زیاتری فێربونیان بۆ بڕەخسێنرێت ،ئێمەش لە توێژینەوە زانستییەکانەوە  ئەوە دەزانین کە مۆبایل دەبێتە رێگر  لەبەردەمیاندا ".

حکومەتی ئەمستردام ئەوەیشی راگەیاندوە، حاڵی حازر  مەسەلەکە خراوەتە بەردەم  قوتابخانە کان   بۆ دیاریکردنی  رێوشوێنەکان   لە نێوان مامۆستایان و دایکو باوکان و قوتابی و خوێندکاراندا بۆ چەسپاندنی ئەو بڕیارە کە بە تەواوەتی ئەو ئامێرانە قەدەغە بکرێت لە خوێندنگاکاندا .

ئەم  پلانەش بەرهەمی  رێککەوتنی نێوان وەزارەتی خوێندن و قوتابخانە  و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان  بوە .بڕیارە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥  پێداچونەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت  تا بزانرێت تا چەند سەرکەوتو بوە  بەو ئامانجەی کە بە قانون قەدەغە بکرێت .
پلانەکەی ئەمستردام دوای  هەمان بڕیاری هەفتەی رابردوی فینلاندا یە ،هاوکات چەند دەوڵەتێکی تر لەوانە ئینگلتەرا و فرەنساش هەمان پێشنیازیان گەڵاڵە کردوە ..

بە گوێرەی توێژینەوەکان  خوگریی و ئالودە بونی مناڵان بەو ئامێرانەوە  کاریگەری خراپی هەیە بۆ  بیرکردنەوە  و خولیا کان .

هیوادارم لە هەرێمی کوردستانیش بیرێك بکرێتەوە تا سنورێك بۆ  تەشەنەکردنی ئەم پەتایە دابنرێت ،مناڵان بگەڕێنەوە بۆ بەکارهێنانی توانای جەستەیی و بیرکردنەوەکانی خۆیان  هێندە گۆشەگیر نەبن ،رێگە بگرین لە بڵاوبونەوەی ئەو هەمو نەخۆشییە جەستەیی و دەرونییەی کە روبەڕووی ئەم نەوەیە دەبێتەوە .

06/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر