بەغداش شەریف و رۆستەم و زیاتریشی هەیە!

بارزان شێخ عوسمان
لە چەند هەفتەی رابردودا نازنم بۆ گاڵتەو گەپ بو یا جدی بو ، سەردێڕی هەواڵەکان  سێ بارە بونەوەی شەریف ناوێك و بێوەژنانەی رۆستەم ناوێك بو لە کاتی وردبینیی  دەزگای چاودێریی بەغداد لە لیستەکانی موچەی  وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی عێراقدا. 
 ئەگەر رێك بەو جۆرەش نەبوبێت  ئەوا لە لیستەکاندا زۆر رێی تێدەچێت حاڵەتی وایان تیادا بێت .

ناونیشانی بابەتەکە بۆنی ئەوەی لێ دێت کە بمەوێت داکۆکیی لە گەندەڵییەکان بکەم کە تەواوی  جومگەکانی حکومەت و  سیاسەت و ژیانی کۆمەڵایەتیشی گرتوەتەوە ، یا بمهەوێت بڵێم  بەغداش گەندەڵیی دەکات با هەولێریش بیکات . 

نامەوێت داکۆکی بکەم لەو هەمو ناهەقییەی کە دەکرێت لە مافی خانەنشینە راستەقینەکان  کە دەیان ساڵ خزمەتیان هەبوە ،یا ئەوانەی لە دەزگاکانی تردا لە بوارە جیاجیاکاندا خزمەتی  گەلەکەیان کردوە  ،   هاوتا بکرێن  بەوانەی بن دیوارن و فەزایین . یا ئەو هەمو پێشمەرگە و زیندانیی و تێکۆشەرە دێرینانەی حزبی شیوعی ،پارتی ،سۆشیالیست ،پاسۆك ،زەحمەت کێشان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەنانەت پێشمەرگەکانی بزوتنەوەی ئیسلامییش  ناویان تێکەڵ بەوانە بکرێت کە نە دور نە نزیك پەیوەندییان بە بەگژاچونەوەی رژێمی لەناوچوەوە نەبوە .

نەخێر گەرەکمە ئەو راستییە بخەمە رو کە حکومەتی فیدراڵ خۆیمان لێ نەکات بە فریشتە ،یا خەڵك بە ئاگایی بێت یا نا ئاگایی بە شان وباڵی بەغدا هەڵنەدات کە وا نیشان بدرێت لەوێ پاکیزەیی دەبارێت . ئەو  دزی و فزییەی لەوێ هەیە لە کەم دەوڵەتی نادیموکراسیی و دواکەوتود هەیە .لەوێ نەك هەر تاڵان و بڕۆی سامانی ژێر زەوی و سەرزەوی گەیشتوەتە لوتکە ،بەڵکو  چۆڕ یان لەبەر بڕیوە .جیاوازییەکە لەوەدایە کە لەو تاڵانییە زۆر و زەوەندە شتێکیش بەشی ئەو چین و توێژانە دەدرێت کە شوێن کەوتوی خۆیان نین کە ئەویش موچەی مانگانەیە . 

لە بەغدا نزیکەی چوار ملیۆن کەس بە ناوی زیندانی سیاسییەوە مانگانە موچە وەردەگرن  ،لە هەمو بۆنە دینییەکانیشدا یا رۆژی شەهید و چی و چی پاداشتی قەبە وەردەگرن .بە دڵنیاییەوە لەو لیستی زیندانییانەدا هەزاران ناشیستەن 

ژمارەیەکی ئێجگار زۆر  بە ناوی رەفحاویەکان موچەی خەیاڵیی وەردەگرن کە زۆربەیان نەك دیلەکانی جەنگی رزگارکردنی کوەیت نەبون  لای عربستانی سعودی ،رەنگە سعودیشیان نەبینیبێت .

ئەمە جگە لە هەزاران کەسی تر کە بە ناوی (موجاهید) ی دێرینەوە موچە وەردەگرن .

سەرباری هەمو ئەوانە هەمو هێزە سیاسییەکان هەر لە سەدرییەوە  تا دەعوایی و مەجلیسییەکان ،هەزاران کەسیان وەك بن دیوار هەیە لە لیستەکانی موچەدا.

ئەی بۆچی باسی ئەو هەمو بڕوانامەی بەکالۆریاس و ماستەر و دکتۆرایە نەکەین کە لە  زانکۆ و رشتەی 
سەیر و سەمەرەدان ،ئەوانەش هەر سامان دۆشینی عێراقە .  

ئەمە بەو مانایە نییە کە چاو دابخرێت لەو نا عەدالەتیەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا  دەکرێت لە هەمو ئاستەکاندا ، بەڵکو دەبێت خەڵك زیاتر گوشار بخەنە سەر لێپرسراوانی هەرێم بۆ ئەوەی موچە بە رێکو پێکی دابەش بکرێت ،ئیتر چۆنی پەیدا ی دەکەن کێشەی خەڵك نییە .
با  لە جیاتی ئەوەی بوترێت  لە هەرێم  شەریف لە چەند لیستێکدا هەیە و رۆستەم بێوەژنانە وەردەگرێت ،داوایان لێ بکرێت وەك چۆن لە کاتە  کارەساتبار و نائاساییەکاندا سەرمایەداران لە پارەی خۆیان خۆش دەبن و کۆمەکی  لێقەوماوان دەکەن ، ئەوانیش لەو پارە و داهاتەی هەیانە کە پەیدایان کردوە   موچەی ئەو چەندین مانگەی نەدراوە دابین بکەن ،بەوەش هەم مانەوەی حوکڕانییان مسۆگەر دەکەن لە هەر هەڵبژاردنێکدا ،هەم لە کۆڵ ئەو تانە تەشەرەش دەبنەوە کە ئاڕاستەیان دەکرێت ،ئیتر کەس بەغدا بە دەستپاك  و ئەوان بە گەندەڵ نازانن .

04/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر