ئازادیی بیروڕا جیاوازە لە شەڕە جنێوی سیاسیی

بارزان شێخ عوسمان
لەم رۆژانەدا وتار ێکی زۆر بە پێز و زانستیی بەڕێز (ماردین ئیبراهیم) م  خوێندەوە کە لە سایتی بوێری (سپی میدیا)دا بڵاو کراوەتەوە .
بەڕێزیان   لە نێو زامەکانی ئێستای جەستەی ئازادیی ، بە شێوەی توێژینەوە مەسەلەی روانینی کۆمەڵی کوردستانی  تاوتوێ کردوە سەبارەت بە  بێ باوەڕیی بە خودا ،کە بەڕێزیان لە جێی ئیلحاد (ناخودا باوەڕی )   بەکارهێناوە . 
زۆر بەوردیی نوسینە بە پێز و رەخنەی یە هێمن و زانستییەکەیم خوێندەوە   و زۆر بە جوانی جیاوازیی ئیلحاد و عەلمانیەتی خستۆتە رو  ،لە دەرگای چەندین مەسەلەشی داوە  لەو بوارەدا .بۆیە سەرباری دەستخۆشیی لەو بوێرییەی وەك روناکبیرێك ،نوسینەکەی بوە زادەی  نوسینێکی ترم لەو بارەیەوە .
وەك کاک ماردینیش ئاماژەی بۆ کردوە ،نوسەران و روناکبیران  هێڵێکی سوریان کێشاوە بە دەوری خۆیاندا  دەربارەی قسە کردن لە بارەی ئاین و کتێبی پیرۆز کە نابێت  بیبەزێنن .
بەڵێ منیش  چەند ساڵە هەمان داوام هەیە لەو نوسەر و روناکبیرانە   وتومە "ئازادیی هەر  ئەوە نییە کە پڕ بە  قوڕگی خۆمان هاوار بکەین ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دەبێت بڕوخێت و دەستمان زیاتر دابگرین و نوسینەکانمان تۆختر بکەین  تا لەناویان ببەین ،کەچی فزە لە خۆمان ببڕین لە ئاست ئەو هێرشە ناڕەوایانەی کە ئیسلامچییەکان لە مینبەری مزگەوتەکانیانەوە ،لە تەلەفزیۆن و رادیۆکانیانەوە ،لەرێی (یوتوب،تیک تۆك ،سناپچات ،فیسبوک،ئینیستاگرام )و زۆری تریشەوە  دەیکەنە سەر ژیانی مەدەنیی و کەسایەتییە ئازادیخوازە راستەقینەکان ".
ئەگەر قەرارە ئازادیی را دەربڕین هەر شەڕە جنێوی سیاسیی نێوان ئەم لایەنی دەسەڵاتدار و ئەولایەنی ئۆپۆزیسیۆن بێت ،ئەوا   هیچ پێویست بەوە ناکات دڵمان خۆش بکەین بە گۆڕانی ریشەیی هزر و بیرکردنەوە  و پێشکەوتن . 
چل و پێنج ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵانی خەڵکی ئێران راپەڕین دژی حەمەرەزا شا  ،کەچی ئاخوندەکان ئازادییەکەیان دزین  .  لە سێپتامبری رابردوشەوە ناڕەزایی و خۆپیشاندانێك بۆ ئازادیی هاتۆتە ئاراوە خەریکە( سازمانی مجاهدینی خلق ایران)   و ژمارەیەك مەلای سونی مەزهەب لە کوردستان بیقۆزنەوە  ،جا ئەگەر خەڵك دڵیان بە سازمانی مجاهدین خلق ایران    و ئەو مەلایانە خۆش بێت  ، ئەوابەڵاکەی سەرشانیان زیاتر دەکەن .لە عێراقیش  ئەڵتەرناتیڤی رژێمی دیکتاتۆری خوێنمژی سەدام حسێن ئازادیی و دیموکراسیی نەبو  بەڵکو  فەرشی  سور بۆ حزبە دینییەکان راخرا ،  وا  ئازادییەکەی  هەرێمی کوردستانی لەمەڕ خۆشمان بەو دەردە دەبرێت .
بەڵێ   ئەو ئازادییەی کە باس دەکرێت  ، ئەقڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان   سنوردار کراوە و بۆیان نییە جگە لە سیاسەت باسی شتێکی تر بکەن . واتە ئەو ئازادییەی ئێستا دەیبینین مامۆستا شەریف قەرەچەتانیەکانی لێ هەڵدەتۆقێت کە وەك واعیزێکی دینیی ،شاشەی تەلەفزیۆنەکەی بەکار دەهێنێت ،نەك کۆمەڵناس یا دەرون ناسێکی هاوچەرخ .یا خود هەزاران حاجی کاروانی تر هەڵدەتۆقێن کە لە هیچ کۆمەڵێکی شارستانییدا جێگەیان نابێتەوە .
ئێستا ئایین لە عێراق و کوردستانیش وەك دینێك لە نێو دەوڵەتێکی ئیسلامییدا  خۆی  نمایش دەکات و زاڵکردوە،  نەك هیچ رێگرییەك لەبەردەم  تەراتێنەکانی ئیسلامچیەکاندا نییە ،بەڵکو ئەو مامۆستا ئاینییانەش  لە قاڵب دراون کە زانا و ئاگادارن  و دەزانن  مەسەلەکان چییە و دەیانەوێت ئایین هەر لە نێو مزگەوتەکاندا بێت و دەستوەرنەداتە ژیانی خەڵك و دامەزراوە کانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و چالاکییە مەدەنییەکان . بۆیە یەکێتیی زانایانی ئیسلامییش بۆ جێکردنەوەی خۆی ناچارە  زۆر جار توند بێت لە ئاات هەندێك مەسەلەدا یا خود بێ دەنگیی هەڵدەبژێرێت .
ئیسلامچییەکان وا خەڵكیان گەمژاندوە کە عەلمانیەت واتە بێ باوەڕیی  .
بە داخەوە دەسەڵاتدارانیش ئەگەر نوزەیەکی عەلمانیەتیشیان تیادا بوبێت ،کوژاونەتەوە بۆیە کاربەدەستەکانی حکومەتیش  بە هەمان ئاوازی ئیسلامچییەکان  هەڵوێست دەنوێنن لە ئاست چەندین مەسەلەدا .بەلاغەکەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ قەدەغەکردنی باسی جێندەریی  لە  سلێمانی نمونەیەکی زیندوە کە گوایە ئەو باسە شیرازەی کۆمەڵ تێک دەدات .
کەچی  لای ئەوان ،هەڵخەڵەتاندنی ژنان و کچان بۆ نزیکبونەوە لە حزبە ئیسلامچییەکان و هاندانیان بۆ    ئەوەی دو بژاردە لە بەردەم هاوسەرەکانیاندا بێت  یا جیا بونەوە یا ئیسلامیی بونیان و   هەڵخەڵەتاندنی هەرزەکاران بۆ  هەڵگەڕانەوە لە دایك و باوکیان  و بەگژاچونەوەیان کە نوێژ ناکەن یا سفورن ، تێکدانی شیرازەی خێزان نییە !. 
هەر ئەم ئیسلامچییانە دەستیان گرتوە بەسەر تەواوی جومگەکانی خوێندنی باڵا و رێگا نادەن بە هیچ سیمینار و کۆبونەوەیەك کە ئەمان بە مەترسیی بزانن لەسەر حزبەکانیان و پیاو سالاریی دینیی یاخود شەریعەتی ئیسلام .
بە داخەوە ژیانی مەدەنیەت و ئازادیی بیروڕا کە تەنیا لە سایەی دەسەڵاتێکی دیموکراسیی و عەلمانیەت بەرقەرار دەبێت ،روی لە پاشەکشێ یە  ئازادیی بە شەرتی ئەوەیە کە بەدڵی ئیسلامچییەکان بێت. 
کەواتە تا کەشو هەوایەکی پڕ لە ئازادیی راستەقینەی بێ قەید وشەرت دەستەبەر نەبێت ،کێرڤی روناکبیریی و   کرانەوە  دێتە خوارەوە.  ئازادیی هەر لەو بازنە داخراوەی شەڕە جنێوی سیاسیی دەمێنێتەوە و فیکر و رەخنەسازیی رو لە کوژانەوە دەکات  و هەلومەرج بۆ حوکمێکی دینیی هاوشێوەی تاڵیبانی ئەفغانستان لە عێراق و کوردستانیش  دەڕەخسێت .  ئەو کاتە روناکبیران و قەڵەم بەدەستەکان  ،ئەو حزبانە بەرپرسیار دەبن   کە بەو جۆرە  چونەتە ژێرباری ئیسلامچیە هەمەچەشنەکان  نەیان توان یا نەیانویست ئەو راستییە بچەسپێنن کە  ئاین پەیوەندیی بە مرۆڤ و ئەو هێزەوەیە کە   بە دروستکەر و گەورەی خۆی داناوە  ، نەیاویست بیسەلمێنن کە عەلمانیەت و ئیلحاد  دو مەسەلە و دو واتای زۆر جیاوازن .

02/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر