هۆی وروژاندنی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان چییە؟!

بارزان شێخ عوسمان
رۆژنامەی الصباح ی بەغدادیی رۆژنامەی نیمچە رەسمیی حکومەتی عێراق ،راپۆرت و راپرسییەکی بڵاو کردۆتەوە کە پوختەکەی ئاماژە دەکات بۆ روانینی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی سیستمی مەرکەزیی و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ئێستای هەرێمی کوردستان .لای خۆشییەوە  فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان  سەرلەبەری راپۆرتەکەی رەتکردەوە و بە بێ بنەمای ناوبرد،دواتر حکومەت بەغدا رەتیکردەوە کە ئەو راپۆرتەی رۆژنامەکە روانینی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بێت .

زۆر لە مێژە مەرکەزیی خوازانی عێراق بە شیعەو سونیانەوە بە دۆستانی دوێنێ و نەیاری ئەمڕۆی کوردستان ئەم دەهۆڵی هەڵوەشانەوەی ئەزمونی قەوارەی هەرێمی کوردستانی عێراقە دەکوتن ،داوای سەدرییەکان و  بەشێکی  تشرینییەکانی ساحەی تەحریری بەغدا بۆ هەموار و گۆڕینی دەستور بۆ نەهێشتنی  هەرێمی کوردستان بو .خوا هەڵناگرێت هەندێك گروپی ناو هەرێمەکەش  لەملاو لا هەوڵی دابڕاندنی  بەشێکی هەرێمەکە بون بە ناوی هەرێمی سەربەخۆ و مەرکەزیەت کە بیانوی جیا جیایان بۆ ئەو دەعوایەیان دەهێنایەوە .

زۆر درێژەی نادەمێ کە ئەم قەوارەیە چۆن و بەرهەمی چییە !،راستەوخۆ ئۆباڵی ئەم دژایەتییەی قەوارەی هەرێمەکەی کوردستانی عێراق دەخەمە ئەستۆی خودی سەرانی سیاسیی کورد خۆیان کە بە داخەوە ئەوانیش وەك شیعەو سونەکانی عەرەبی عێراق ئەزمونێکی باشی حوکمڕانییان پێشکەش نەکرد .

ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسیی و حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت  بە داخەوە جێی شانازیی هیچ کەس نییە ،هەمو گیانی سیاسیی و حوکمداریی قۆرت و کەلێن و چاڵ و چۆڵە ،بۆیە هەمو کەسێك دەتوانێت تانەی لێ بگرێت بەوانەشی کە خۆیان گەندەڵکاری زەبەلاح و جەردەی قوتی میلەتن .جا بە بڕوای من  بەر لەوەی  رەخنە لە رۆژنامەی الصباح و ئەم و ئەو بگیرێت ،با کەلێن و کەموکورتییەکانی حوکمداریی بن بڕ بکرێن و بسڕدرێنەوە  ،ئەوکات هەمو دەمەوەرەکان و ئەوانەی قاچی ئەم ئەزمونە دەگرن و تانەی لێ دەدەن ،دەمکوت دەبن ،چونکە ئێستا بە هۆی ئەو  ناهەموارییانەوە پشیلەکانیش فێری وەڕین دەبن بە هەرێمی کوردستان و ئەزمونەکەی بەرهەمی خەباتی دەیان ساڵە و قوربانیدانە زۆر و زەوەندەکەی گەلی کوردستان .

21/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر