پاساوهێنانەوە بۆ ئەویتری داگیركەر

ئومێد حەمەعەلی

 (لەڕۆحەوە و لەو قووڵاییە هەستپێنەكراوانەی ناخەوە سڵاو بۆ گیانی پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە ئەنێرم)
 یەكێك لە بنچینەییترین قسەی فەیلەسوف و دەرونشیكاریی فەرەنسی ژاك لاكان دەربڕینێكی كورتی ئەوە دەربارەی ئەویتری گەورە، كە دەڵێت ئەویتریی گەورە بوونی نییە، هێندەی ئەوە هەیە، كە مرۆڤ پێیوابێت هەیە. ئەمەش یارمەتیماندەدات دەربارەی ئەو ئەویتریی داگیركەرە قسەبكەین، كە لە دۆخی ئێمەدا بە دوو شێوەی جیاواز دەردەكەوێت، شێوەیەكی مێژوویی و قووڵ، كە تا ئەم چركە ساتە شوێنی بوون-نیشتمان و ، ئیرادە و، بەئەندازەیەكی ترسناكیش رۆح و دەرونی بەشێكی گەورەی ئینسانی ئەم سەرزەمینەی داگیركردووە. داگیركردنێكی ڕیشەیی و ئەفسوناویی، داگیركردنێكی كاریگەر، كە ئەویتری داگیركەر-ئەویتری گەورە بووتە فەرمانڕەوا و بڕیاردەر و بیركەرەوە لە هەناوی ئەو بەشە گەورەیەی ئینسان و، خەسڵەتی خۆی وەك ئەویتری داگیركەر شاردۆتەوە، ئایدۆلۆژیا و تەوەهومی ئینساندۆستی و تۆلێرانسگەراییەكی ڕووكەشی، كە تێیدا كۆیلە بە كۆیلەیی خۆیی و، ئەویتریی گەورە-ئاغا  بە ئاغایەتی خۆی ئەمێنێتەوە، ڕووكەشی ئەویتری داگیركەر دەكەن و سیمایی ڕاستەقینەی دەشارنەوە. پاساوهێنانەوە بۆ ئەویتری داگیركەر لە جەوهەردا پاساوهێنانەوەی كۆیلەیە بۆ كۆیلایەتی خۆی، پاساوهێنانەوەی كۆیلەیە بۆ ڕەوایەتی دۆخی بوونەوییانەی داڕماوی خۆی، ئەو ئەرگۆمێنتانەیە بوونی كۆیلە بۆ خۆدزینەوەی لە تێگەیشتن و وتنی نەخێرێكی ڕاستەقینە و ڕادیكاڵ بەڕووی ئاغاكەیدا بەبەردەوامی پشتیپێدەبەستێت. كۆیلە، یان مرۆڤی بچوك هەتا بە كۆیلایەتی و بچوكی خۆیەوە بژی، هەتا لەو ڕووبەرە دیاریكراوەدا یاریبكات، كە ڕووبەریی داخوازیی و بەرژەوەندی ئاغاكەیەتی، بەدڵنیایی هەندێك سەلامەتی و ئارامی هەیە، ئەتوانێت قوربانی گەورەنەدات جگە لە شكۆ و كەرامەتی خۆی، هەڵبەت قوربانیدان بە شكۆ و كەرامەت گەورەترین و ترسناكترین لەدەستدانی بوونەویی و جەوهەریی ئینسانە، بەڵام لە گۆشەنیگای بیر و ئەقڵی كۆیلایەتییەوە لەدەستدان و قوربانی گەورە واتای تریی هەیە، لەساكارترین شێوەیدا ئەوەیە ئەو ئارامی و سەلامەتییە لەدەستبدات، كە سیستەمی ئەویتریی گەورەی داگیركەر دروستیكردووە. كاتێك كۆیلە، یان مرۆڤی بچوك دەگاتە ئەو ئاستەی تیۆریزەی كۆیلایەتی خۆی بكات، نزمی و بەردەستبوونی خۆی بۆ ئەویتری گەورە بە ئاشكرا لەژێر ناوی ئایدۆلۆژی و تۆلێرانسی ڕووكەشیدا خاڵی لە یەكسانی بوون و ئۆنتۆلۆژی، بهزرێنێت و، بیەوێت فۆرم و چوارچێوەی فیكریی بۆ بدۆزێتەوە، ئەوە ئیدی كۆیلایەتی بووەتە ئایدۆلۆژیا و، بووەتە مەترسیی و، لەوە دەرچووە وەك نەنگییەك بیدەینەوە بە ڕووی ئەوانەدا كە خەسڵەتەكانی كۆیلایەتی پەسەن دەكەن و پاساوی بۆ دەهۆننەوە. شێوەی دووەمی ئەویتریی گەورە-داگیركەر ڕوویەكی كەسییانە و بوونی مرۆییانە (ئێكزیستێنسییالییانە) ی هەیە، بەتایبەت ئەویتریی گەورە وەك ئەوەی لە دیاردەی بنەماڵەی سیاسی، حیزب، نوخبە و كارێزما و سەرۆكێكی سیاسییدا خۆی دەنوێنێت و، بە پاساو و ئەرگۆمێنتی جیاوازەوە دەستبەسەر كەسایەتی و بیركردنەوە و ئیرادەی مرۆڤدا ئەگرێت. ئەمەش بێگومان لە كۆمەڵگەی كوردستاندا ئامادەییەكی گەورەی هەیە و قورساییەكی مەترسیداریی لە ڕاگرتنی پایەی كۆیلایەتی و سیستەمی ئاغایەتی-ئەویتریی گەورەی داگیركەریشدا هەیە. 
 پاساوهێنانەوەی كۆیلە، یان بوونی بچوك و نائازاد بۆ ئەویتری داگیركەر ئیشكردنی ئەویتریی گەورەی داگیركەر خۆیەتی لە هەناو و دەرون و گیانی كۆیلەدا، ئەو ئامادەییە فەرهەنگی و ئایدۆلۆژی و ترسە دەرونییەیە، كە سیستەمی داگیركەریی فاشیستی بە كاتێكی دوورودرێژی مێژوویی خزاندویەتییە ئینسانی ئێمەوە. ئەمە فەرهەنگێكە، ڕۆحیەتێكە، شێوەیەكی بیركردنەوەی ناڕەسەنە، كە ناتوانێت بنچینەیی كێشەكان ببینێت، نائاگامەندییەكەی، هۆشمەندییە ڕووكەش و خۆلادەر و خۆدەرەپاڵەكەی ڕێگەیی ئەوەی پێنادات حەقیقەتی فاشیستی و داگیركەرانەی ئەویتری گەورەی ناو خودی خۆی و ناو مێژوویی میللەتەكەی ببینێت، ئەوەندە پاساوخوازێكی داگیركراو و ئەویترخوازە، كە بۆ كوشتن و وردكردنی خۆیشی، بۆ لەناوبردنی دەستەجەمعییانەی میللەتێكیش ئەتوانێت هەزار پاساو و ئەرگۆمێنتی فیكریی لە هیچەوە دروستبكات. ئەوەی لاكان لەبارەی بوون و نەبوونی ئەویتریی گەورەوە دەیڵێت، گرێدانەوەی بوونی ئەویتری گەورەیە بە پێوابوونی مرۆڤ خۆیەوە، ئەوە بوونی ڕاستەقینەی ئەویتریی گەورەنییە، كە بوونی ئەویتریی گەورە دەسەلمێنێت و دیاریدەكات، ئەوە پێوابوونی مرۆڤە ئەو بوونە ئەسەلمێنێت یان ڕەتیدەكاتەوە. واتە ئەویتریی گەورەی داگیركەر، هەر ناو و فۆرمێكی هەبێت، تەنیا ئەو كاتە بوونی هەیە، كە مرۆڤ پێیوابێت هەیە و ڕاستەقینەیە، بە پێچەوانەوە، ئەو كاتەی كۆیلە دەڵێت "نا" ئیدی ئەویتریی گەورە و ئاغا كۆتایی دێت، چیدی شتێك نییە بەناوی ئەویتریی گەورەوە، هەر ئەمەیە، هەر ئەو نەخێرە پێویستەیە دەتوانێت بناغەی ئەو ئەقڵە كۆیلایەتییە پاساوخواز و خۆدەرەپاڵ-ئەویترە لەڕیشەوە هەڵتەكێنێت، بەشێوەیەك چیدی پاساوهێنانەوە بۆ كردەوەی فاشیستی و دوژمنكارانەی ئەویتریی گەورەی داگیركەر بهێنێتەوە.

18/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر