حیزبی سیاسی یان خێڵی سیاسی؟

ئومێد حەمەعەلی

بە بۆنەی كێشە و قەیرانی ناوخۆیی یەكێتی نیشتمانییەوە

 زۆر وتن خۆش نییە و، هیچ نەوتنیش باش نییە، هەندێ جار مرۆڤ شەرم دەكات، تەنانەت دەگاتە ئاستی قێزكردنەوە و هێڵنجدان لە بەردەم دەركەوتە پوچ و غەمگینەكانی دونیای سیاسی ئێمەدا، كە تژییە، پڕاوپڕ و سیخناخبووە بە نابوتی، بە ستەمكاری و ئەقڵی فاشیستی خێڵەكی و بنەماڵەچێتی سیاسی. هیچ پارتێكی سیاسی لە كوردستان نییە بەرنامە و دەستورێكی دیاریكراوی خۆیی نەبێت، كە لە كۆنگرە و كۆنفرانسەكانیاندا شەرعییەتیان پێدراوە و پێویستە لە ڕووی حیزبی و ئەخلاقی سیاسییەوە پەیوەستیانبن، جێبەجێیان بكەن و كێشەكانی ناوخۆیان لەسەر هەمان بنچینە چارەسەربكەن. با بپرسین كامە پارتی سیاسی هەیە توانیبێتی ڕێز لە دەستور و ڕێسا حیزبییەكانی ناوەوەی خۆی بگرێت؟ دڵنیام زۆرینەمان ڕاستی وەڵامەكە دەزانین و زۆر بەدەگمەن لە پرسە جەوهەری و گرینگەكاندا گەڕانەوە بۆ سەر دەستور و پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزب هەیە و مەگەر لەكاتێكدا زیان بە بەرژەوەندی و خواستی دەستە دەسەڵاتدارەكانی حیزبەكان نەگەیەنێت. ئەم پارتە سیاسییانە لەو دۆخە ناڕەوا و خراپەی تێیدان، لە دیمەنێكی زۆر كۆمیدی و پێكەنیناویدا، كە لەهەمان كاتدا ڕوویەكی ئێجگار دزێو و تراژیدیشە بانگەشەی چاكسازی و سەروەری یاسا و بە نیشتمانیكردنی دامەزراوەكانی وڵات دەكەن. 

 هەر وەك نمونەیەكی تازەی ئەم ڕەهەندە تراژیدی و ترسناكەی حیزبی سیاسی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، بە ئاسانی دەتوانین تەماشای دۆخی یەكێتی نیشتمانی بكەین. درۆی چاكسازی و بە نیشتمانیكردنی دامەزراوەكان و هێزە چەكدارەكان و سەروەركردنی یاسا نەیتوانیوە تا ئێستا چەند سەعاتێكیش بڕبكات. درۆ هەرگیز نابێت بە ڕاستی. پرسیاری سەرەكی ئەوەیە حیزبەكان و یەكێتی وەك نمونەیەك كە لە ئێستادا لە قەیرانێكی قووڵی حیزبی و سیاسی ناوخۆییدایە، ڕێز لە دەستور و پەیڕەو و پڕۆگرامی شەرعییەتپێدراوی ناو خودی حیزبەكان ناگرن، هیچ ئیعتیبارێك بۆ دامەزراوە و ئۆرگانەكانی حیزبەكانی خۆیان دانانێن، هەر بە ڕاستی كەس هەیە، ئایا كەس ماوەتەوە هێشتا زەڕەیەك باوەڕی بە بانگەشەی ئەمانە بۆ چاكسازی و سەروەری یاسا هەبێت؟

 حیزب لە دۆخە ئاسایی و دیموكراتییەكەیدا، حیزب بە واتا مۆدێرنە ڕەسەنەكەی موڵكی گشتییە، پێویستە بەو شێوەیەش تێیبڕوانین، لەبەرئەوەی هەر شتێك لە حیزبەكاندا ڕوودەدات ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەری بەسەر ژیانی گشتییەوە دەبێت. لەوەش ترسناكتر ئەوەیە حیزب لە موڵكی گشتییەوە بگۆڕێتە سەر ئامڕازێكی سەركز و هەزیلی دەستە و گروپی دیاریكراو و سنوردار، ئەمە لە باشوری كوردستاندا ڕوویەكی دزێوتر و هێلنجهێنەرتری وەرگرتووە و حیزب بووەتە ئامڕازێكی بێ ڕۆح، گۆڕاوەتە سەر مەكینەیەكی فاشیستی بنەماڵە و خێزانە سیاسییەكان و، نەك هەر ڕێز و پابەندییان بە یاسا و پاراستنی چاكەی گشتییەوە نەماوە، تراژیدیتر و خراپتر لەوەش هەر لە بنچینەوە یاسا و چاكەی گشتییان خستۆتە بنپێ و تەنیا و تەنیا بەرژەوەندییەكی هەزیلی بنەماڵەی فەرمانڕەوا و دەستدرێژیكار بەڕێوەیان دەبات.

26/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر