جیهان بەرەو دوو جەمسەریەكی نوێ

موعتەسەم نەجمەدین
قەیرانی ئابووری جیهانی و تێكچونی هاوسەنگی نێوان هێزە جیهانیەكان لە سەرەتای سەدەی بیست و یەكەوە، هۆی سەرەكی پاشەكشێی ئەمریكایە لە لوتكەی دەسەڵاتی جیهانی و داروخانی سیستمی جیهانی تاك جەمسەرین. لە قۆناغی راگواستن بەرەو سەرلەنوێ جیگیربوونەوەو سەقامگیری و بونیادنانەوەی هاوكێشەی سیاسی و هاوسنگبوونەوەی هێزە جیهانیەكان، دۆخێك لە شەڕ و ناسەقامگیری و زەمینەیەك لە ئەنارشیزمی لە سەر ئاستی جیهان خوڵقاندوە. سیماكانی سیستمێكی نوێ جیهانی و خوڵقاندنی فۆرمێكی نوێ بۆ ژیانكردن لە تەواوی بوارەكانی ژیاندا بوەتە پێویستیەكی ئەمرۆی مرۆڤایەتی. زۆربەی ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، كە جیهانێكی دوو جەمسەری نوێ بە رابەرایەتی ئەمریكا و چین دادەمەزرێت. تواناكانی ئەم دوو وڵاتە لە تەواوی بوارەكانی سەربازی، ئابووری، زانست و تەكنۆلۆجیا..تاد، زۆر لە سەروی تواناكانی تەواوی وڵاتانی تری جیهانەوەن.

من بۆخم پێموایە جیهانی دوو جەمسەری نوێ لە سەروی بەرجەستەبوونی گۆڕانكاری لە سیستمی پەیوەندی نێودەوڵەتیەوە، گۆڕانكاری زۆر گەورەیش لە ستراكچەری سیستمی جیهانی دەكات، رەنگە جگە لە ئەمریكا و چین رێگا بە هیچ وڵاتێكیتر نەدرێت، خاوەن هێز و هەژمونی نێودەوڵَەتی و هەرێمایەتی بێت. جیهانی نوێ بە پێی سیستم و دنیابینیەكی نوێ ئاراستەی خۆی وەردەگرێت، هاوكات ململانێ و ركەبەرایەتیەكان بە پێچەوانەی سیستمی دوو جەمسەری سۆڤیەت و ئەمریكا سروشت و قەوارەی شەڕ و پێكدادانی ئایدیۆلۆجی وەرناگرێت، بگرە لە بواری هزریشدا دەبێتە شەڕی مۆدێلی ژیانكردن و شارستانیەتە جیاوازەكان. ئەمە جگە لەوەی زۆربەی پێشبینیەكان ئاماژەن بۆ بەرجەستەبوونی گۆڕانكاری زۆر گەورە لە فۆرمی ژیان و بیركردنەوەی مرۆڤایەتی. شۆرشی كشتوكاڵی بووە هۆی ئەوەی خێزانی گەوەرە دروست بێت، هاوكات شۆرشی پیشەسازی خێزانی گەورەی داروخان، بە پێی پێویستی خۆی مۆدێل و فۆرمێكی نوێی لە خێزانی دامەزراند، كە زیاتر لە قەبارەی خێزانی بچوكدا بووە. زۆرێك لە پێشبینی و ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن، كە شۆرشی پیشەسازی چوارەم و ژیری دەستكرد، دوور نیە سیستمی خێزان بە تەواوەتی هەڵنەوەشێنێتەوە. جیهانی دوو جەمسەری نوێ شەڕ و ململانێكی نوێ لە نێوان دوو دنیابینی و دوو فۆرمی نوێی ژیانكردندا دەخوڵقێنت. 

شەڕ و پێكدادانی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و چین، لە ئۆكرانیا و تایوان، سودان، سوریا، عێراق، ئێران، توركیا تا دەگاتە ئەمریكای لاتین، لە جەوهەردا ژانی لە دایكبوونێكی نوێی سیستمی جیهانیە. دابەشبوونی زۆرینەی وڵاتان لە نێوان دوو بەرەی دژ بە یەكی چین و ئەمریكادا جیهان بەرەو دۆخێك لە مەترسی و شەڕێكی فەراوانی جیهانی پەلكێش دەكات. لە مێژووی گۆڕانكاریەكانی جیهانی و پەرینەوەی مرۆڤایەتی لە سیستم و قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكیتر زۆر ئەستەم بووە بە بێ شەڕ و كارەسات تێپەر بوبێت. لە دوای شەڕی جیهانی دووەم و بەرجەستەبوونی جیهانی دوو جەمسەری ئەمریكا و سۆڤیەتەوە، شەرێكی سارد بەردەوام لە نێوان هەردوو وڵاتی ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەتدا هەبووە، هەندێك جار ئەم شەڕ و پێكدادانانەیش نزیكبوەتەوە لە لێواری تەقینەوە و بوون بە شەڕێكی ئەتۆمی وێرانكەر بۆ تەواوی ژیانی مرۆڤایەتی، بەڵام هیچ كات و لە هیچ سەردەمێكدا، نە توانای چەكسازی ئەتۆمی بە قەبارەی ئەمرۆ گەورە و مەترسیدار بووە و نەهیچ كاتێكیش مرۆڤایەتی ئەوەندەی ئەمرۆ لە شێتی و مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێكی ئەتۆمیەوە نزیك نەبووە. هۆی راستەقینەی ئەمەیش ئەوەیە لە ئەمرۆدا باوەرێك لای زلهێزەكانی دونیا بە تایبەتی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دروستبووە، كە قەبارەی ئەمرۆی دانیشتوانی زەوی زۆر لە پێداویستیەكانی ئەمرۆی سیستمی بەرێوەبردنی جیهان زیاترە و لەناوچون و كەمبوونەوەی تا ئاستی بوون بە یەك ملیار كەس لە هەشت ملیارەوە پێویستیەكی ئەمرۆی مرۆڤایەتیە. لەم پێناوەیشدا كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزانی كلاسیكی دەبێتە بەرنامە ستراتیجی لیبرالیزمی نوێ. بە داروخانی جیهانی دوو جەمسەری نێوان ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەت زەمینەی بونیادنانی سیستمێكی نوێی جیهانی بۆ بەرەی سەرمایەداری دەخوڵقێت.

لە ئەمرۆدا بە شێوەیەكی گشتی شەڕ و پێكدادان لە نێوان مۆدێلە جیاوازەكانی خودی سیستمی سەرمایەداریدا بەرجەستە دەبێت، لەم شەڕو پێكدادانەدا زۆرینەی دەریا جیهانیەكان لە ژێر كۆنتررۆڵی ئەمریكادایە و خاوەن بە هێزترین هێزی دەریایی جیهانە، هاوكات چینیەكانیش زۆر بە خێرایی لە تەواویی وڵاتان لە پانتایە وشكایەكاندا لە گەشەكردن و بڵاوبونەوەدان.

10/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر