بەهاری نائومێدی كورد و خەونی گەرانەوە بۆ ژیانی ژێردەستەی

موعتەسەم نەجمەدین
حزبە كوردیەكان و حكومەتە نەخۆش و ئیفلیجەكەی هەرێم  لە ئەمرۆدا ژیانێكی ئەوەندە پڕ لە دەردەسەری و نەهامەتی  بۆ خەڵكی ئەم هەرێمە خوڵقاندوە، میللەتێك بە تێكرا جگە لە چەند خێزانێك و بەردەستەكانیان نەبێت، بەگشتی لە پێناو رزگار بوون لە زوڵم و نادادی و چەوسانەوەی فەرمانرەوای ئەمرۆی كوردی ئامادەی دەستبەرداربوونی لە هەموو ئەو قوربانی و باجەی لە رابردودا داوێتی بۆ رزگار بوون لە ژیانی ژێردەستەی ببێت. دەستبەرداری هەموو دەستەكەوتەكانی شۆرشەكانی رابردووی ببێت و رەنجی مێژووی خۆی و هەموو پیرۆزیەكانی بسوتێنێت لە پێناو رزگار بوون لەو دۆخەی عەرابەكانی ئازادی و رزگاری نیشتمانی كوردستان بۆیانیان خوڵقاندوە. كارەساتە گەورەكە لەوەدایە میللەتێك بە زۆرینەی رەها دەرئەنجام بگاتە بریارێك بۆخۆی بەدەستی خۆی كار لە سەر سوتاندنی هەموو رەنج و خەباتی خۆی بكات و تەواوی بەها و پیرۆزیەكان و خەونەكانی ئازادی و رزگاری زیندەبەچاڵ بكات. 

لە سایەی دەسەڵاتێكی كوردی و شۆرشگێرەوە دزی و راورووت و تاڵانكاری و بەفیرۆدانی ماڵ و موڵكی گشتی و ئازاردانی خەڵكی و زوڵم و چەوسانەوە ببێتە بەرنامەی سیاسی دەسەڵات و تەفرەدان.  یاریكردن بە هەست و سۆز و ئازارەكانی خەڵك ببێتە ئازایەتی و ژیری سیاسی، لە بەرامبەریشدا دەستپاكی و نیشتمانپەروەری راستەقینە ببێتە كاڵفامی و نەزانی و لەواقعی ژیاندا باجێكی زۆر گەورەی هەبێت.

خۆسوككردن و ئینتهازیەت و خۆفرۆشی لە پێناو ژیانكردندا ببێتە سیاسەت و هیچ و پوچی ببێتە تەنیا رێگای سەركەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ تاكی ئاسای. 

 دۆخێك لێیدا ونبوونی موبایلەكەت لە ونكردنی كەرامەت و كەسایەتی مرۆڤ زۆر ئازار بەخشتر بێت. دەستخستنی پارە و سامان بە رێگای ناشەرعی و ناراست ببێتە هێمای جوامێری و حورمەت، هەل بۆ خەڵكی هیچ و پوچ برەخسێنێت تا بگەنە هەموو پێگە هەستیار و گرنگەكانی ئیدارە و فەرمان. 


درۆ و فێڵ و هەڵخەڵەتاندنی خەڵكی سادە و هەژار ببێتە دانای و خۆفرۆشی ببێتە ژیری و ئازایەتی.
 
خۆروتكردنەوەو كچە مۆدێل لوتكەی  شیكایەتی و شارستانەیت بێت.


گۆڕانی و موسیقا و چیرۆك و شیعری میدكراس و بەتاڵ سیمای پێشكەوتن و هاوچەرخبوون بێت.

دۆخێك تیایدا كەلتوری دلیڤەری سیمای هاوچەرخبوون و پێشكەوتن بێت. گەیشتنی پیتزایەك بە دلیڤەری زۆر خێراتر بێت لە گەیشتنی سەیارەیەكی ئیسعاف  بە نەخۆشێك.

هەموو ئەم راستیانە ناو دەنەیت چی؟
 یاریكردن بە هەست و سۆز و ئازارەكانی خەڵك بگاتە ئاستێك ویژدان بە تەواوەتی تیایدا سفربێتەوە.

جەغتكردنەوە لە سەر رواڵەتی وێنە و شكڵ و بەتاڵبونەوە لە هەموو ناوەرۆك و گیانێكی مرۆڤدۆستی و ببێتە فەلسەفەی بەرێوەبردن و فەرمانرەوای و تەواوی سیمای ژیانی كۆمەڵایەتیش داپۆشێت. چ ئومێدێك بۆ دەرچون لەم دۆخە پڕ لە نەهامەتیە دەدورێتەوە؟ 

بە یارمەتی ماغوت، كە دەڵێت لە هەر جێگایەكدا دوو وڵات پێكەوە بونیان هەبێت، وڵاتێك موڵكی خاوەن سامان و دەسەڵاتداران بێت و وڵاتێكیش بەشی خەڵكی سادە و ستەمدیدە بێت، زوڵم و نادادی بەرقەرار دەبێت. هیچ مانایەك بۆ نیشتمانپەروەری نامێنێتەوە.
     لەو جێگایەدا مێژوو دەوەستێت و راستیەكان زۆر بە ئاسانی ئاوژوو دەكرێنەوە درۆ بەرگی راستی لە بەردەكات، زوڵم بەرگی دادپەروەری و .. تاد. 

وڵاتێك جگە لە دەردەسەری و نەهامەتی و زوڵم و هەژاری هیچی تری نەبێت بۆ هاوڵاتیانی بێگومان نابێت بە وڵاتی ئەوان، بەڵكو دەبێتە وڵاتی دەسەڵاتداران و خواپێداوەكان و سەرمایەداری وحشی و خوێنمژ، لێرەدا چ پاڵنەرێك هەیە لای خەڵكی ستەمدیدە بۆ نیشتمانپەروەری و بەرگریكردن و خۆشەویستی بۆ ئەم وڵاتە؟. 

بەرێزان ئەوەی مرۆڤ دەبەستێتەوە بە نیشتمان و وڵاتەكەی ئەو بەخشندەییەیە، كە وڵات و نیشتمان و حكومەتەكەی پێيدەبەخشن، ببن بە لانكەی ژیانكردنێكی شەرفمەندانە و بەرجەستەكردنی ئازادی و دادپەروەری بۆی، بەڵام كاتێك، كە نیشتمان دەكرێت بە دۆزەخ، شار و گوندەكانی دەكرێنە بەندیخانە و گۆرستان بۆ هاوڵاتیانی، هیچ وابەستیەك و پەیوەستبوونێك بەو نیشتمانەوە نامێنێت.

زۆر بەداخەوە نەوەی ئێمە، ئەو نەوەیەی پێدەڵێن نەوەی X زۆر داماو و ساویلكە بووین، زۆر بە ئاسانی بە دروشم و پەیامە بیرقەدار و بەتاڵەكانی دەسەڵات لە شاخ و شار تەفەرەمان خوارد و هەڵخەڵەتاین. هەر لە هەرزەكاریەوە كەوتینە دوای دروشمە سیاسی و هزریە بیرقەدار و بەتاڵەكان و بووینە قوربانی كاڵفامی خۆمان، بەڵام ئەوەی مایەیە دڵخۆشیە لە ئەمرۆدا نەوەیەك دروست بوونە، كە پێیان دەڵێن نەوەیZ   ، ئەمانە كور و كچی ئێمەن، زۆر لە ئێمە وریاتر و بە ئاگاتر و واقعیترن، بە درۆ و دروشمەكانی ئێوە تەفرە ناخۆن، هەر ئەمەیش وایكردوە ئێوە زۆر لەم نەوەیە قەڵس بن و بە نەوەیەكی نەزان و بێ ئینتما و خراپ ناویان بەرن. ئەم نەوەیە نە بە خۆتان و نەبە كور و نەوەكانتانیش ناخەڵەتێن. 

ببورە بەكری لەگزی، كە سترانت دەچڕی بۆ ئێمە و پێت دەوتین حزب لانكەی منداڵێكە، كە بێ لانكە، حزب باوكی منداڵێكە، كە بێ باوكە، بە راستی ئەمە درۆیەكی گەورە بوو حزب تەنیا باوكی كورانی سەركردە و بنكردەكانیان بوو.

بۆیە بەرێزان خەونی گەرانەوە بۆ ژیانی ژێر دەستەی، كارەساتێكە لە مێژووی هیچ میللەتێكدا رووی نەداوە، بەڵام كاتێك دەسەڵاتێكی كوردی زۆر لە داگیركەران زۆردارتر و زاڵمتر بێت، خەونی گەرانەوە بۆ ژیانی ژێردەستەی دەبێتە هەڵهاتن لە زوڵم و نادادی ئێوە نەك خیانەت و خۆفرۆشی.


10/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر