مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە تەرازوی دادبینی دادگای فیدڕاڵیدا

سلێمان مستەفا

دوێنێ چوارشەممە28 /11 بۆ جاری دووم دادگای فیدڕاڵی کۆبۆوە بۆ بڕیاردان لەسەر هەر دوو داوای اتحادیە بەژمارە [ 224  و 227]  لەسەر کەیسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، ئەنجامی دادبینی دادگا بڕیاری دا : 

 یەکەم : رەتکردنەوەی داوای ژمارە 227 بە هۆکاری نەبونی بەرژەوەندی بە پێی بنەمای یاسای دادبینی شارستانی .

دووەم :  سەبارەت بە داوای ژمارە [ 244 ]ی اتحادیە دادگا بڕیاری دا بە دواخستنی داواکە بۆ ڕۆژی 31 / 12   /2023  ، بە ووتەی بەڕێز بەکر حەمە پارێزەری کەیسی فەرمانبەران کە لە دادبینیەکە ئامادەبوە دەڵێت دادگا بڕیاری دا لە دادبینی داهاتودا نوێنەری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و نوێنەری چاودێری دارایی حکومەتی فیدڕاڵ ئامادەی دانیشتنی داهاتوبن ، کاک بەکر لە کومێنتێکدا کە لە تۆری کۆمەڵایەتی فیسبوک بڵاوی کردۆتەوە دەڵێت مەبەستی ئامادەبونی نوێنەری وەزارەتی دارایی هەرێم و چاودێری دارایی فیدڕاڵ :
 دادگا پرسیار ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەکات ئایا وەزارەتی دارایی بەغدا  پارەی بەقەرز داواتە هەرێم موچەی فەرمانبەرانی پێبدات بۆ ساڵی 2023  ؟ نوێنەری حکومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەڵامیان داوەتەوە کە [ کە تەواویی شایستەیی دارایی موچەیان ناردوە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، بۆچی هەرێم نەیداوە ؟ نازانین ] دادگا پرسیار لە پارێزەری فەرمانبەران دەکات ؟ ئەوانیش دەڵێن پرسی موچە بە قەرز  حەل نابێت ، و پێویستە بە پێی یاسای بودجە تەمویل بکرێت ، لەسەر ئەوە دادگا بۆ رونکردنەوە دادگایی داخست .
سەرتا دەستخۆشی لە کاک بەکر حەمە دەکەم کە وەک پارێزەر پارێزگاری لە مافی فەرمانبەران دەکات و دفوعەکەشی دروستە ، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارو تێڕامانە وەڵامی نوێنەری حکومەتی فیدڕاڵ و نوێنەری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە و دەڵێن ئێمە پارەی مووچەی فەرمانبەرانمان ناردوە حکومەتی هەرێم نەیداوە ؟؟؟

کەواتە تا ئێستا حکومەتی عێراق ئیدیعای ئەوە دەکات موچەی ناردوە ، ئەوە قسەی فەرمیە لەوەڵامی دادگای فیدڕاڵ ، وە شاراوە نیە لە کۆنوسی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ دا هەیە کە حکومەت بڕیاری داوە قەرز بدات بە حکومەتی هەرێم بۆ پێدانی موچە ، لە لایەکی ترەوە باسی ئەوە دەکرێت کە ناتوانرێت موچەی فەرمانبەران بدرێت چونکە لە ماددەی 13 یاسای بوجە زاراوەی ئینفاقی فعلی هەرێم ڕێگرە چونکە پارەکە بەشی موچە ناکات ، پرسیارەکە ئەوەیە حکومەتی هەرێم هیچ رونکردنەوەیەکی نەبوو ؟ هەروەها گەر هەڵە نەبم نوێنەری حکومەتی هەرێم ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو ؟ بۆ ئامادە نابێت  نازانین ، بەڕاستی جێگای پرسیارە .

بەداخەوە دادگای فیدڕاڵی لەبەرامبەر ئەو نادادیە بێ دەنگ و خەریکی کات کوشتن و کات بە فیرۆدانە ، گەر نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێچەوانی بنەماکانی دەروەزەی یەکەم و دووەمی دەستور نەبێت ئەبێ چیبێت ، چاوەڕێ بوین دادگا لەسەر ئەو نادادی و نادەستوریە بڕیار دات.

29/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر