ئەم هەڵبژاردنە پرسێکی نیشتیمانییە

سلێمان مستەفا
بەپێی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ ماددەی (٧) یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێك دا ، بۆ دابەشکردنی کورسیەکان كار بە شێوازی سانتلیگۆ هەمواركراو دەكرێت بە وەرگرتنی (  ١،٧).
(1) شێوازی سانتلیگۆی هەموار کراو
شێوازی سانتلیگۆ هەمواركراوە شێوازێکی دابەشکردنی کورسیە بە گرتنەبەری یەک قۆناغ لەدابەشکردنی کورسیەکان و لە سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی پەیڕەو دەکرێت لەگەڵ پەیڕەوکردنی شێوازی لیستی نیمچەکراوە ، كە دەنگە دروستەکانی حزبەكانی پێ‌ دەكرێتە كورسی ، لە هەنگاوی یەكەمدا دەنگە دروستەكانی حزبەكان لە بازنەی هەڵبژاردندا دابەشی( ١،٧ )دەكرێت ، ئەم كارە بەردەوام دەبێـت دەنگی دروستی حزبەكانی دابەشی ژمارە تاكەكان دەكرێت( ١,٧) ،٥،٣، ٩،٧ ،١٣،١١ )....تا دەرهێنانی تەواوی کورسیەکان .
(٢) کەرکوک و دابەشبوونی نەتەوەیی
سەرەڕای دابەشبوونی نەتەوەیی لەم شارەدا ، دوای ڕیفراندۆم و( ١٦ )ئۆكتۆبەر كەركوك بە بارودۆخێکی ناهەمواردا تێپەری  ، بۆیە کەرکوک باندۆری خۆی بەسەر تەواوی عێراق و كوردستان و ناوچەكە جێ‌ هێشتوە.
دوای ڕیفراندۆم و( ١٦ )ئۆكتۆبەر، بارودۆخێكی نوێ‌ هاتۆتە ئارا ،كورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەلا نراوە ،و خراوەتە پەراوێز لەحکومەتە لۆکاڵیەکان ، بەتایبەتی لە کەرکوک پارێزگارێكی بە وەكالەت لە پێكهاتەی عەرەب بەسەر شارەكەدا سەپێنرا ، ئەم بارودۆخە نەخوازراوە تا ئەمرۆ بەردەوامە و پێویستی بە گۆرانکارییە ، گۆڕانکاریش بە دەنگی دەنگدەرانی کەرکوک دەکرێت ، ئەم زوڵم و ناحەقییە تەنهاو تەنها بەدەنگی دەنگدەرانی کەرکوک دەکرێت ، بۆیە ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە کە کوردانی نەینەوا و خانەقین و کەرکوک بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان بکەن و بەدەنگەکانیان کۆتایی بە لێکەوتەکانی دوای ڕیفراندۆم و ١٦ ئۆکتۆبەر بێنن و بەشداری کارای حکومەتی لۆکاڵی شارەکانیان بن و کۆتایی بە هەر بارودۆخێکی داسەپاو بێنن .
(٣) كاریگەری دابەشکردنی کورسیەکان بەشێوازی سانتلیگۆی هەموار كراو :
لەسەرو بەندی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان ، لەبەر ڕۆشنایی شێوازی دابەشکردنی کورسیەکان ، حزبە كوردستانیەكان نەگەیشتنە رێكەوتن بە لیستێك یان بە دوو لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن لە تەوای ناوچەکێشەلەسەرەکان، بە پێچەوانەوە لەم هەڵبژاردنە كورد بە (5 ) لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن ، بەشداری کورد بەپێنج لیست هەم مەترسی دارەو هەم یاریێکی بێ باکانەیە ، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ دەنگی کورد بەگشتی (١٧٣،٥٨٦) دەنگ بوو ،کە چی ئەم رێژە دەنگانە لەم هەڵبژاردنە بە پێنج لیست و ئەم شێوازە دابەشکردنە لەبەرژەوەندی کوردا نییە،  نەتەوەی کورد بە پێنج لیست بەشدرای ئەم هەڵبژاردنەن : ​(لیستی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە)،​(لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان) ،​(لیستی نەوەی نوێ‌) ، (لیستی هاوپەیمانی مەشخەڵی کەرکوک )   ،​(لیستی حزبی سۆشیالست)
بێ گومان شێوازەی دابەشکردنی کورسیەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی کورد بەجێدێڵێت ، چوونکە لیست هەیە ناتوانێ کورسی بەدەست بێنێت و دەنگەکان دەسوتێنێت ، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوو ئەو راستیەمان بۆ دووپات دەکاتەوە.
نەتەوەی توركمان بە (  ٢) لیست بەشدارە(بەرەی تورکمانی ، وکرکوکنا تروکمانی ) ، لەم هەڵبژاردنە تورکمانەکانەکان بەدوو لیست بەشداربوینە کە لیستی تورکمانی سونە و شیعەیە، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ تورکمانەکان بە هەمویانەوە (٧٠،٧٥٧) بەدەست هێناوە .
نەتەوەی عەرەب بە (   ٥  ) لیستی سەرەکی (هاوپەیمانی عەرەبی کەرکوک ،القیادە ، و هاوپەیمانی عروبە ، وهاوپەیمانی مەدەنی و ، حزبی متمانە ، لەگەڵ کاندیدێکی سەربەخۆ بەشدارن ، کە ناکۆکی و ناتەبای باڵی کێشاوە بەسەریاندا ، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ بە هەموویانەوە (١٦٦،٨٣٩) دەنگیان هێناوە.
پێكهاتەی ( كلدان و سریان و ئاشوری ( 5 ) كاندیدیان هەیە بۆ بردنەوەی كورسی كۆتاكەیان .
 
 
 
(٤)پوختەی كەلام :
ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێكی چارەنووسازە ،  هەم هەڵبژاردنێکی ستراتیجیە، چونكە تەنها ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەتوانن پێگەی کورد بگەرێنێتەوە ،دەنگ و پێگەش بە كورسی دەپێورێت واتە گەر كورد 50% دەنگ بێنێت بەڵام ژمارەی كورسیەكانی (1+50) یان نیوەی کورسیەکانی نەبێت ، ئەم ئەنجام دڵخۆشكەر نابێت بۆیە جێگای خۆیەتی داوا لەو حزبە کوردیانە بكەین كە دەبنە هۆكاری سوتاندنی دەنگی كوردان ، دان بە خۆیانا بنێن  خۆ نەویستانە داوا لە دەنگدەرانیان بكەن بەرژەوەندی نەتەوەی پێش بەرژەوەندی حزبی بخەن ، کاتیش ماوە بۆ ئەو دەست پێشخەریە ، هەروەها جێگای خۆیەتی داوا بکەین ئەم پرسە بکرێتە پرسێکی نیشتیمانی و پرسی هەموومان ،  داوا لەدەنگدەرانی سنوری ناوچەکێشەلەسەرەکان بکەین بەشداری دنگدان بکەن ، جێگای خۆیەتی داوا لە تەوای چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان بکەین دەست بکەن بە هەڵمەتی ‌هەڵبژاردن بۆ هاندانی خوشک برایانمان لەناوچە کێشە لەسەرەکان بەمەبستی بەشداری کردن لەم هەڵبژاردنە ، ئەم هەڵبژاردنە پەیوەندی بە هەرتاکێکی کوردەوە هەیە ، ئەم هەڵبژاردنە پرسێکی نیشتیمانیە و پرسی هەمووانە ، ئەرکی حزبە سیاسیەکانە دوای هەڵبژاردن لاپەرەیەکی نوێ هەڵدەنەوەو کاری جدیان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)  دەستور کوردایەتی و خزمەت و سیاسەتی هاوسەنگ لە پێکەوە ژیان وئاوەدانی بێت  .
(٥) پێکەوە ژیان و گێڕانەوەی متمانە، پێویستە لە دوای هەڵبژاردن ،حزبە کوردیەکان و کەسایەتیە نیشتیمانیەکان و نوسەران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدنی ، هەموان بەیەکەوە کاربکەن بۆ ئاشتبوونە لەگەڵ تەواوی نەتەوەو پێکهاتەکانی تری کەرکوک و ناوچەکانی تر ، کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بکەین و کەرکوک بکەینەوە شاری ئاشتی وپێکەوە ژیان و شاری هەموان ، دەستی ئاودانی بۆ درێژ بکرێت ، ئیتر کاتی خۆیەتی کورد ببێتە چەتر و خاڵی ئەرێنی بۆ لایەنەکانی تر .


13/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر