کەرکوک و دادگای فیدراڵی

سلێمان مستەفا
(ئەم تانەیە هێچ بنەمایەکی یاسای نییە ، پێویستە دادگا رەتی بکەتەوە)

بڕیارە بەیانی ١٢ /١٢/ ٢٠٢٣ دادگای فیدراڵی بۆ جاری دووەم کۆببێتەوە بۆ دادبێنی و بڕیاردان، لەسەر کەیسی داوی ژمارە (٢٥٦) اتحادیە کۆببێتەوە ، کە لە لایەن کاندید (نەجاح حسین ئیبراهیم ) تۆمار کراوە لەسەر سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ، سەرەرای کارەکەی ، کە دادبینەکە لە ٤ /١٢ /٢٠٢٣ دواخرا بۆ بەیانی، ناوبراو داوا دەکات دادگا بڕیار بدات بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە هۆکاری ئەوەی تۆماری دەنگدەران پاک نەکراوەتەوە ، بۆ ئەمەش پشتی بە ماددەی (١٣) لە یاسای ژمارە (٤) ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومونی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان  بەستوە .

خوێندنەوەی سەرتایی لەبەر ڕۆشنایی یاسا و پەیرەوە بەرکارەکان پێمان دەڵێن ، ئەو تانەیە هیچ سەندێکی یاسایی نییە ، بۆیە چاوەرێ دەکرێت دادگا ئەم داوایە رەت بکاتەوە بەهۆکاری :

یەکەم : بەپێی ماددەی ( ٢٣  )پەیرەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠٢٢ نابێت هیچ تانەیەک لەسەر یاسای هەڵبژاردن وەربگیرێت ، دوای شەش مانگ لە کاتی دیاری کراو بۆ رۆژی هەڵبژاردن ، یان دوای شەش مانگ لە دیاری لەدیارکردنی وادەی هەڵبژاردن .

دووەم : کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بەپێی یاسا مافی دەرکردنی سیستەم و رێکاری هەیە ئەمەش بەڕاشکاوی لە بڕگەی (١)ی ماددەی (١) م و برگەی یەکەمی ماددەی (١٠) لەیاسای کۆمسیۆن ژمارە (٣١) ی ساڵی ٢٠١٩ دا هاتوە، بە هەمان شێوە لە ماددەی (١١) یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ پێداگری لەسەر دروستکردنی تۆماری دەنگدەران دەکات لە لایەن کۆمسیۆن.

سێیەم : بەرمەبنای یاسای کۆمسیۆن و ئەو دەسەڵاتەی بە ئەنجومەن دراوە ، تۆماری دەنگدەرانی پەسەند کردوە بە پێی پەیرەوی نوێ کردنەوەی تۆماری دەنگدەران ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

چوارەم :بەپێێ ماددەی (١٨) کۆمسیۆن دەسەڵاتی تایبەتمەندە لەروانین لەو سکاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردن دەکرێن ، هەروەها  بەپێی بڕگەی دووەم لەماددەی (١٩)ی یاسای کۆمسیۆن بڕیارەکانی کۆمسیۆن مایەیی تانە لێدانن  لەبەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردن بە حەسری .

پێنجەم :بەپێی بڕگەی (١٠٤) لەماددەی (١٠) ئەنجومەن پابەند کراوە بە بڵاوکردنەوەی بڕیارەکانی بۆ ماوەی (٣) رۆژ ، هەروەها لەرۆژی دوای بڵاوکردنەوەی بڕیارەکانی قابیلی تانە لیدانن لەبەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردن .

شەشەم :هەروەها  بنەمای دەستوور وەک لە ماددەی ( ٦ ،١٣، ١٤ ،٩٣ ) پێداگری لەسەر ئەو راستیە دەکەنەوە .
بۆیە بە بڕوای بەندە ئەم داوایە هیچ بنەمایەکی یاسای نییە ، رێکارو شێوازی تانە دان لە بڕیارەکانی کۆمسیۆن دیارن و یاسای دیاریکردون و مافی تانە دانیشی بۆ لایەنی زەرەرمەند دەستەبەر کردوە ، دوای ئەو وادەیەش هیچ سكاڵاو تانەیەک بە هەند وەر ناگیرێت ، هەروەها پەیرەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ئەو راستییەی دوپاتکردۆتەوە کە کات گرنگە لە پرۆسەی تانەدان لە یاساکان ، لەهەمان کاتدا یاسای کۆمسیۆن و پەیرەوەکانێش روون و راشکاون .

11/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر