فراکسیۆنی گۆڕان خۆ هەڵنەبژاردنەوەیان بەند دەکەن بە کشانەوە لە کابینەی مەسرور بارزانی

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەنامەیەکدا بۆ رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەکەن گۆڕان لە کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێم بکشێتەوەو دەڵێن " لە حاڵەتێکدا ئەو بریارە دروست و مێژوییە بدەن ئەوا ئێمە ئامادەی هەمو هاوکاریەکین لەگەڵتاندا تا ئاستی وازهێنان لە خولی ئێستای پەرلەمان و خۆ کاندیدنەکردنەوەی هیچ کاممان بۆ خوولی داهاتوو".

لە نامەیەکدا کە رێکەوتی ١٢ ی نیسان لەسەرەو دانەیەکی دەست " سپی " کەوتووەو، ئاراستەی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆران، عومەری سەید عەلی کراوە، مۆڵەتی دوو رۆژ دانراوە کە وەڵامیان بدرێتەوە، پەرلەمانتارانی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق داوا دەکەن" جەنابتان باش دەزانن ناکۆکی سەرەکی نێوان ئێمە و ئێوە لەسەر جۆری بەشداری و مانەوەتانە لەم کابینە و دەسەلاتەدا، هۆکاری ناکۆکی و جیاوازیمان ئەوەیە ئێوە بە پێچەوانەی بەڵێنی خۆتان کە ماوەی شەش مانگ و پاشان ساڵیکتان دیاریکرد بۆ چاکسازی کەچی لەبری چاکسازی موچەی خەڵک بڕدرا و ئێوە لەبری کشانەوە بەڵێنەکەی خۆتان شکاند و هێشتا ماونەتەوە لە ناو دەسەڵاتێکدا کە جگە لە گەندەڵیی چەندین پێشێلکاری گەورەی مافی مرۆڤی لە ئەستۆیە".

ئەو پەرلەمانتارانە کە هەریەک لە یوسف محەمەد و کاوە محەمەد و هۆشیار عەبدوڵا و غالب محەمەد و بەهار مەحمودی لەسەرە، دەڵێن" پێتان ڕادەگەیەنین لە حاڵەتێکدا ئەو بریارە دروست و مێژوییە بدەن ئەوا ئێمە ئامادەی هەمو هاوکاریەکین لەگەڵتاندا تا ئاستی وازهێنان لە خولی ئێستای پەرلەمان و خۆ کاندیدنەکردنەوەی هیچ کاممان بۆ خولی داهاتوی پەرلەمان. خۆ ئەگەر سوربن لەسەر مانەوە لەم دەسەڵاتەدا ئەوا ئێمە دەستمانکراوە دەبێت بۆ هەر بریارێک کە هاوتەریب بێت بە ئامانجە سەرەتاییەکانی گۆڕانی راستەقینە".

 دەقی نامەکە..

بەرێز رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان.

دوای سڵاو و رێز ..

بە لەبەرچاوگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسیی و ئەخلاقیی سەرشانمان بەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازان بە گشتی و دەنگدەر و پشتیوانانی گۆڕان بەتایبەتی ئەم نامەیەتان بە کورتی لە ساتەوەختێکی هەستیاردا ئاراستە دەکەین، هیواداراین لە ماوەی دوو رۆژدا بریاری یەکلاکەرەوەی خۆتان بدەن:

جەنابتان باش دەزانن ناکۆکی سەرەکی نێوان ئێمە و ئێوە لەسەر جۆری بەشداری و مانەوەتانە لەم کابینە و دەسەلاتەدا، هۆکاری ناکۆکی و جیاوازیمان ئەوەیە ئێوە بە پێچەوانەی بەڵێنی خۆتان کە ماوەی شەش مانگ و پاشان ساڵیکتان دیاریکرد بۆ چاکسازی کەچی لەبری چاکسازی موچەی خەڵک بڕدرا و ئێوە لەبری کشانەوە بەڵێنەکەی خۆتان شکاند و هێشتا ماونەتەوە لە ناو دەسەڵاتێکدا کە جگە لە گەندەڵیی چەندین پێشێلکاری گەورەی مافی مرۆڤی لە ئەستۆیە.

ئێستا و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەرفەتێک هاتۆتە پێشەوە کە هەڵەی بەشداریتان لەم دەسەڵاتە بەمجۆرەی ئێستا راستبکەنەوە، دەرفەتەکە بریتیە لەوەی کە ئێستا گەڵاڵەی هاوپەیمانێتیەکی بەرفراوان لە هێزەکانی دەرەوەی  پارتی و یەکێتی هاتۆتە ئاراوە، ئەو هاوپەیمانێتیە زۆینەیان ئەو هێزانەن کە لە ماوەی رابردودا بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵ پێکەوە هاوکار و هاوپڕۆژە بوین.

داواتان لێدەکەین وەکو دەرفەتێکی مێژوویی سەیری ئەو هاوپەیمانێتیە بکەن و لە دەسەڵات بکشێنەوە و پشت بکەنە کورسی  و دەسکەوتی ماددی و ڕوبکەنەوە خەڵک و شەقام و بەشداربن لەم هاوپەیمانێتیەدا.

پێتان ڕادەگەیەنین لە حاڵەتێکدا ئەو بریارە دروست و مێژوییە بدەن ئەوا ئێمە ئامادەی هەمو هاوکاریەکین لەگەڵتاندا تا ئاستی وازهێنان لە خولی ئێستای پەرلەمان و خۆ کاندیدنەکردنەوەی هیچ کاممان بۆ خولی داهاتوی پەرلەمان. خۆ ئەگەر سوربن لەسەر مانەوە لەم دەسەڵاتەدا ئەوا ئێمە دەستمانکراوە دەبێت بۆ هەر بریارێک کە هاوتەریب بێت بە ئامانجە سەرەتاییەکانی گۆڕانی راستەقینە.

تکایەکی گۆڕانخوازانەتان لێدەکەین لە پێناوی نە کوشتنی هیوای گۆڕانخوازان و کوێرنەکردنەوەی خەونە سیاسیەکانی کاک نەوشیروان و بەردەوام بون لە سەر ئامانجە نیشتیمانیەکانی گۆڕان داواتان لێدەکەین جێگەی خۆتان لەناو ئەم دەسەلاتە بەدکارەدا مەبینن بەڵکو وەرنە ناو ئەو هاوپەیمانێتیەوە کە بەرەی دژی دەسەڵاتە.

کات بۆ رێکارەکانیی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق زۆر کەمە، بۆیە گرنگە خێرا یەکلاببنەوە و ئەم بریارە بدەن کە دڵخوازی زۆرینەی گۆڕانخوازان و شەقامی ناڕازیی و خەڵکی کوردستان بێت.

هەوڵبدەن لە ئاست بەرپرسیارێتی گەورەی گۆڕاندا بن، پێداچونەوە بە خۆتاندا بکەن، فەرمون ئەگەر دەتانەوێ لاپەرەیەکی نوێ هەلبدەینەوە و هەردولامان لە خزمەتی گۆڕاندا بین بریاربدەن وەرنە دەرەوە لەم دەسەڵاتە و مێژوی خۆتان و گۆڕانیش لە پۆخڵبونی زیاتر بپارێزن، بە پێچەوانەوە جێگەی راستەقینەی ئێمە ناو خەڵک و بەرەی خەڵکە.

چاوەروانی وەڵام و هەڵوێستی ڕون و ڕاشکاوتانین .

وێنە بۆ ؛
هەردو جڤاتی نیشتیمانیی و گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان.

فراکسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.






PM:03:57:17/04/2021