ئێران هەڵوێستی فەرمی خۆی لەسەر بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (یاهونیوز) ڕاگەیاند

ئێران هەڵوێستی فەرمی خۆی لەسەر بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (یاهونیوز) ڕاگەیاند کە باس لەوە دەکات، هێزێکی کوردی بەشداری لە کوشتنی قاسم سولەیمانی کردووە، لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت" ئەوانەی بەشداربوون لە کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودس رووبەڕووی لێپرسینەوە و سزای ئێران دەبنەوە".

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" زۆر ڕاپۆڕت هەن لەبارەی تێوەگلانی رژێمی ئیسرائیل و دژەتیرۆری کوردستانی عێراق لەرووداوی کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەڵام راستی و دروستیان دەبێت پشتڕاستبکرێتەوە و هەرکەسێک دەستی هەبێت لە کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سزا دەدرێت". 

ڕوونیشیکردەوە، ئەوانەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشداربوون لەو روداووی کوشتنی قاسم سولەیمانی لەهەر وڵاتێکدا بن، رووبەڕوی لێپرسینەوە و سزای ئێران دەبنەوە.

لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو، هەریەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، لە بۆردوومانێکی ئاسمانی هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کوژران. 


PM:12:02:10/05/2021