حکومەت: مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشدەکرێت

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیاند" مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشدەكرێت، بەڵام كەمێك كێشە لە كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆ هەیە".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران سازکرا، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند " داهاتی مانگانەی هەرێم دەگاتە ٦٨٠ ملیۆن دۆلارە، كە ڕێژەیەكی پارەی عێراقە و بەشێكی پارەی نەوتە و كێشەمان نییە، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە داهاتی ناوخۆ كەمێك كێشە هەیە لە كۆكردنەوەیدا".

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" كێشەی كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆ بۆتە هۆی سستی لە دابەشكردنی مووچە، بەلام بەدڵنیاییەوە هەموو هەوڵێكی حكومەت دابەشكردنی مووچەیە."

دەربارەی قەرەبووکردنەوەی لافاوەکانیش، جوتیار عادل وتی"  برێک پارە لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند دەدرێت بەو کەسانەی لە لافاوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە و ئیتر لە هەر شارێکی هەرێم بێت".

ئەو لێدوانەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کاتێکدایە ٩ رۆژە دابەشکردنی مووچە دەستیپێکردووە، بەڵام تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە وەزارەت و دەستەکان مووچەی مانگی تشرینی یەکەمیان وەرنەگرتووە.



PM:05:45:03/11/2021