وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی: یاسای چاکسازی بەباشی چووەتە پێشەوە

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم لە پشكی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، "یاسای چاكسازی بە باشی جێبەجێ دەكرێت و ڕۆتینیش بۆ نزیكەی سفر دابەزیوە".

ئەمڕۆ ١٦ی کانوونی دووەم، كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، دەبێ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكان سیستمی تاكپەنجەرەیی پێڕەو بكەن بۆ نەهێشتنی ڕۆتینات و هاوكاریكردنی هاووڵاتیان، ئێمەش وەك وەزارەتی كار سیستمی تاكپەنجەرەییمان لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆڕی پاراستنەوە دەست پێكردووە بۆ خزمەتی كەمئەندامان و خەڵكانی هەژار، پاشان بەڕێوەبەرایەتییەكانی تر و ئەمەش بەشێكە لە چاكسازی و نەهێشتنی ڕۆتین".

باسی لەوەشکرد، لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا، ڕۆتینمان نزیك كردۆتەوە لە سفر، لە چوارچێوەی پێداچوونەوە بە لیستی كەمئەندامانیشدا، ١٤ هەزار كەمئەندام كە پێشتر یان شایستە نەبوون یان كۆچی دوواییان كردووە لەگەڵ ئەوانەی ڕۆشتوونەتە دەرەوەی وڵات، لە لیستی مووچە دەرهێندراون.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی یاسایی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان هەموو کەم ئەندامێک دەبێتە خاوەنی ناسنامەیەكی تایبەتی مەركەزی، كە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی تەواو بووە، لە هەڵەبجەش لە ماوەیەكی نزیكدا دەست پێدەكەین.

كوێستان محەمەد دەڵیت "پێڕەوی دروستكردنی سەنتەرێكی تایبەت بە دەستنیشانكردنی ڕێژەی پەكەوتوویی كەمئەندامان و كورتەباڵاكان تەواو بووە و ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، بە هەموو دۆسیەی فەرمانبەرانیشدا چووینەتەوە و تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی بە ناشایستەیی پلەیان بۆ بەستراوە و دەرماڵەیان بۆ خەرج كراوە، ڕێك خراونەتەوە.

وتیشی "لە هەموو وەزارەتەكان یاسای چاكسازی لە دەرماڵە و خانەنشینیی فەرمانبەران چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە تەواوی وەزارەتەكانیش دۆسییەكان لە تەواوبووندان و بە ڕێژەیەكی باش چاكسازی ڕۆیشتووەتە پێشەوە".

 



PM:04:29:16/01/2022