"هۆكاری خۆڵبارین گۆڕانی كەشوهەوا و وشكەساڵی و بەبیابانبوونی خاكی عێراقە"

دەستەی گشتی كەشناسی عێراق رایدەگەیەنێت "پێشبینی دەكەین سبەینێ خۆڵبارین لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەست پێبكاتەوە، پێشبینیش دەكەین رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی داهاتوو ناوبەناو هەرێمی كوردستان بگرێتەوە".
 
عامر جابری، وتەبێژی دەستەی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاندووە "پێشبینی دەكەین سبەی ئاسمان لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بێ هەور دەبێت و پلەی گەرما زیاتر بەرز دەبێت بەراورد بە ئەمڕۆ، بەڵام (با) بە خێرایی 10 بۆ 20 كیلۆمەتر لە كاژێرێكدا لە باكوورەوە بەرەو رۆژئاوا هەڵدەكات، هەندێكجاریش خێرایی (با) دەگاتە 30 كیلۆمەتر لە كاژێرێكدا و دەبێتە هۆی خۆڵبارین، بۆیە مەودای بینین بۆ 2 تاوەكو 4 كیلۆمەتر كەم دەبێت".
 
جابری ئاماژەی بەوەكردووە "سبەی ئاسمان لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما هەر وەكو ئەمڕۆ شەممە دەبێت، هەروەها خێرایی با 10 بۆ 20 كیلۆمەتر لە كاژێرێكدا لە باكوورەوە بەرەو رۆژئاوا هەڵدەكات و مەودای بینین لە نێوان 6 بۆ 8 كیلۆمەتر دەبێت".

سەبارەت بە هۆكاری زۆربوونی شەپۆلەكانی خۆڵبارین لە عێراق، دەستەی كەشناسی عێراق دەڵێت "هۆكاری كورتمەودای زۆربوونی شەپۆلەكانی خۆڵبارین لە عێراق كەمی بارانبارین و كەمبوونی رووبەری سەوزاییە، بەڵام هۆكاری درێژمەودای ئەم دۆخە گۆڕانی كەشوهەوا و وشكەساڵی و بەبیابانبوونی خاكی عێراقە".



PM:09:06:28/05/2022