لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە (٤٠) چالاکوان و مامۆستا دەستگیرکران

لە بەشێک لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بەشداری کردنیان لە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان، زیاتر لە (٤٠) چالاکوان و مامۆستا دەستگیرکران. 

بەپێی هەواڵێکی کۆڵبەر نیوز، لە ماوەی (٢٤) کاتژمێری ڕابردوودا و لە گردبونەوەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری مامۆستایان لە شارە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە (٤٠) کەس لە چالاکوانان دەستگیرکراون. 
ئەوەشی خستەڕوو، (٢٢) مامۆستا و ئەندامی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لقی سەقز، دوای بانگکردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی زانیاری سەقز دەستگیرکراون، ناسنامەی (١٨) کەسیان ئاشکرا بووە و چوار کەسیشیان تا ئێستا ناسنامەکەیان ئاشکرا نەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و شوێنی ئەو (٢٢) کەسە لەبەردەستدا نییە، هاوکات ئەو هەڵمەتە لە شاری سنەش هەڵمەتێک دەستی پێکردووە و حەوت کەس دەستگیرکراون.

لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو کەسەدەستگیرکراوانە  ئاشکراشیکردووە، لە دیواندەرە پێنج ئەندامی دەستەی مامۆستایانی شارەکە دوای بانگکردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی زانیاری شارەکە دەستگیرکران ئەو پێنج مامۆستایە دوای چوار کاتژمێر لە لێپرسینەوە و وەرگرتنی پابەندبوونێکی نووسراو بۆ بەشدارینەکردنیان لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان ئازادکران.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە مەریوان هەشت چالاکوانی یەکێتی مامۆستایانی شارەکە دەستگیرکراون و لە کاتی هێرشێکی سەربازیدا بۆ سەر گردبونەوەیەکی مامۆستایانی مەریوان ئەمڕۆ، یەکێک لە چالاکوانانی شارەکە بەناوی عادل محەمەدپوور، بە لێدانی هێزە سەربازییەکان برینداربووە.


PM:07:38:16/06/2022