هاوڕێ مەلا ستار: ستافێكی هێرشەكەی دوێنێ پەیوەندی بە حزبەكەی خۆمەوە هەیە


هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "دوو ستافی چەكدار بەشداری پیلانەكە بوون و دەنگۆ هەیە ستافێكیان پەیوەندی بە حزبەكەی خۆمەوە هەبووە".

هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لەناو پرۆژەكەی تیایدا نیشتەجێم كامێرای سیخوڕییان داناوە، دوێنێ بە پلان كە دەستێك هەبووە و ئەمانی وەك دەستكێش بەكار هێناوە هەوڵی تیرۆرم دراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "دوێنێ دوو ستافی چەكدار بەشداری پیلانەكە بوون، ستافێكیان زۆر تۆكمە بووە و ستافێكیان پەیوەندی بە كۆمپانیاكەوە بووە، دەنگۆ هەیە برادەرانی خۆمان ئاگاداری ئەو ستافە چەكدارە تۆكمەكە بووبن".

هەروەها وتویەتی "لە كاتێكدا تەقە لە هاوڕێكانم دەكرێت پێنج چەكداری دەمامكدار لە قاتی یەكەمی شوققەكە چاوەڕێی منیان كردووە تا بێمە خوارەوەو تەقە لە منیش بكرێت، بۆیە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەم هەڵوێستیان هەبێت".

دوێنێ لە شاری دایك شەڕەتەقەیەكی زۆر دروستبوو كە بەهۆیەوە دوو پاسەوانی هاوڕێ مەلا ستار برینداربوون، دواتر ئاشكرابوو كە شەڕەكە پەیوەندی بە كێشەی نێوان ئەم پەرلەمانتارە و خاوەنی پڕۆژەكەوە هەیە، پاشان كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە رایگەیاند، لەسەر داشكاندنی نرخی شوقەكەی، هاوڕێ هەڕەشەی لێكردوون و هەوڵی رفاندنی خاوەنی پڕۆژەكەی داوە.


PM:03:45:03/04/2023